Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"100 چەکداری (پەکەکە) پێوەندییان بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە"

شنگال-KDP.info-  جێگری فەرماندەی شنگال ئاشکرای کرد، دوای ھەردوو ڕووداوەکەی شنگال، چەکدارانی (یەپەشە) بە بەردەوامی پێوەندی بە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە دەکەن، تەنیا لە دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە١٠٠ چەکدار ھاتوونەتە نێو ڕێزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک بۆ پێشوازیکردنیان پێکھاتووە.

دوای ئەوەی کە (پەکەکە) لە کۆمەڵگەی خانەسۆر شەڕی بە هێزەکای پێشمەرگە فرۆشت، ئێستا لەنێو کوردانی ئێزدیدا دەمامکی (پەکەکە) بەتەواوی لادراوە و بۆیان دەرکەوتووە، کە (پەکەکە) دەیەوێت زیان بە کوردانی ئێزدی بگەیەنێت و دەڤەری شنگال ئاوەدان نەبێتەوە، بۆیە کوردانی ئێزدی کە لەنێو (پەکەکە)دان پەیتا پەیتا دەگەڕێنەوە نێو ڕیز هێزی پێشمەرگەی کوردستان. سەبارەت بەم پرسە، عەمید (سمێ بۆسەڵی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ڕووداوەکانی شنگال، چەکدارانی کوردی ئێزدی کە لەنێو (پەکەکە)دان ڕووی ڕاستەقینەی (پەکەکە)یان بۆ ڕوون بووەتەوە، بۆیە بە بەردەوامی پێوەندی بە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە دەکەن و نایانەوێت لەوە زیاتر لەگەڵ (پەکەکە) بن.''

عەمید (سمێ بۆسەڵی) گوتی: ''بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک پێکھاتووە و پێشوازی لەو چەکدارانە دەکات، کە دێنە نێو ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە و فۆڕمێکیان بۆ ئامادە کراوە، ئەو فۆڕمە پڕدەکەنەوە و دەبنە پێشمەرگە و مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.''

(بۆسەڵی) گوتیشی: ''تەنیا لە ماوەی دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە١٠٠ چەکداری (یەپەشە) فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و بوونەتە پێشمەرگە و ھاتنیشیان بەردەوامە.''

بڵند ئیبراھیم