Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەکەکە سێ چەکدارەعەرەبی خۆی کوشتوون؛ ڕەتیان کردبووەوە شەڕی پێشمەرگە بکەن

 

شنگال-KDP.info-  فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی رۆژ لە شنگال گوتی، ئەو ئافرەتەی دوێنێ لە شنگال کوژرا، لەلایەن پەکەکەوە تەقەی لێ کراوە و، جگەلەوەش سێ چەکداری دیکەی خۆیان کوشتووە، چونکە شەڕکردن لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەیان رەت کردووەتەوە.

دەربارەی ئەو ڕووداوەی دوێنێی دەڤەری شنگال، کە بەرەنجامی سیاسەتی فراوانخوازی و خۆسەپێنی و دژایەتییەکانی پەکەکەیە بەرانبەر بە گەلی کورد لە باشووری کوردستان، لە هەوڵێکی نوێیدا، پەکەکە دوێنێ لە دێرک و حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە خەڵک و هێزی چەکداری بۆ شنگال ھێنابوو بە ناوی خۆپیشاندانەوە کە لە ڕاستیدا مەرامیان ڕوونە کە نانەوەی فیتنە و شەڕە.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی رۆژ لە شنگال (قادر شێخ مەم)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی لەمبارەیەوە دەڵێ، "ئەو خەڵکەی کۆ کرابووەوە و چەکداریشیان لەگەڵ بوون، پەکەکە هانی دابوون هەڵبکوتنە سەر سەنگەری ھێزی پێشمەرگە، لەژێر ناوی ئەوەی داوا لە هێزی پێشمەرگە بکەن بکشێنەوە، لەوکاتەی ئەوان بەرەوڕوومان دەهاتن، ھێزەکانی پۆلیسی هاتن و بۆ ئەوەی کارەسات نەکەوێتەوە بە پێداویستیی خۆپاراستنی مەدەنیانەیان بەریانپێگرتن، بە هۆیەوە خۆپیشاندەران گەڕانەوە، لەو گەڕانەوەیەی خەڵکەکەشدا، پەکەکە رێی لێ گرتن و تەقەی لێ کردن بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە و پێکدادان لە نێوانماندا دروست ببێ، هەڵبەت لەو هەوڵەی پەکەکەدا ئافرەتێک گیانی لە دەست دا کە بە تەقەی خۆیان بوو، چونکە ھێزی پێشمەرگە بەھیچ شێوەیەک یەک فیشەکیشی بە ڕووی خۆپیشاندەران نەتەقاندووە."

ئاماژە بەوەی کە زۆرینەی چەکدارانی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە عەرەبی ناوچەکەن و، بە فێڵی ئەوەیش کە سەران و فەرماندەکانی پەکەکە وایان بۆ باس کردوون کە دەیانبەن بۆ شەڕی رەققە، (قادر شێخ مەم) ئاشکرای کرد، "دوێنێ سێشەممە، لە چیای شنگال، پەکەکە سێ لەو چەکدارە عەرەبانەی کوشتووە کە لە ڕیزی هێزەکانیاندا بوونیان هەیە، هۆکاری کوشتنیشیان ئەوە بووە کە رەتیان کردووەتەوە شەڕی پێشمەرگە بکەن، ئینجا بەر لەوەی تەرمەکانیان ببەنەوە بۆ تل کۆچەر پرۆپاگندەی وایان بلاو کردووەتەوە گوایە شەھید بوونە."

(شێخ مەم) گوتیشی، ئێستا دۆخەکە ئارام بووەتەوە، بەڵام نەیشاردەوە کە هێزی پیشمەرگە لەبەرانبەر ئەگەری پەلامارێکی دیکەی چەکدارانی پەکەکەدا بۆ سەریان، لە ئامادەباشیی تەواودان.

 

بڵند ئیبراھیم