Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی یوئێن، قۆناغی نەینەوای پاش داعشیان خستە بەر باسەوە

 

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی یوئێن، کۆ بوونەوە و تێیدا، قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و، هەردوولا بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی قۆناغی دوای داعش و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە و ڕۆڵی پێكهاتەكان و حكوومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێم، هەروەها دابینكردنی ئاساییش و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا خستەڕوو.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ـی ٣ـی ٢٠١٧، لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (جان كۆبیس) نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و بەبۆنەی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە و تێکشکاندنی تیرۆیستان، پیرۆزبایی لە (سەرۆک بارزانی) و خەڵکی کوردستان کرد. هەروەها بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی خۆی بە (سەرۆک بارزانی) راگەیاند.

لە دیدارەکەدا قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و، هەردوولا بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی قۆناغی دوای داعش و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە و ڕۆڵی پێكهاتەكان و حكوومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێم، هەروەها دابینكردنی ئاساییش و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا خستەڕوو و، شاندی میوان ئامادەیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری لەو بارەیەوە دەربڕی.

لەو كۆبوونەوەکەدا شاندی میوان هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ بەرز نرخاند و بە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی لەقەڵەم دا، بەردەوامبوونی ئەو هەماهەنگییەیان بە پێویست زانی.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.