Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی پارتی: پەکەکە ڕێز لە یاساکانی هەرێم ناگرێ و پێویستە شنگال چۆڵ بکات

 

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، بارودۆخی ئێستا و بەم شێوەیەی کە هەیە لە سوودی هیچ لایەک نابێ و، پێویستە هێزەکانمان یەک بخەین تا سەرکەوتووانە دۆخەکە تێپەڕێنین. هاوکات رایگەیاند، پەکەکە کە پابەند نییە بە یاساکانی هەرێمی کوردستانەوە، باشترین چارە ئەوەیە شنگال چۆڵ بکەن.

 

شاندێكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیەی بۆ چارەسەری كێشەكان ئامادەیان كردووە لەگەڵ پارتی گفتوگۆی لەسەر بكەن و، پاش کۆبوونەوەکە، (مەحموود محەممەد)گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆژەکەی یەکگرتوو بە خەمخۆرانە دەبینین و قسەمان لەبارەیەوە کردووە، گرینگەو و دەکرێت گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکەین. هەڵبەت هەندێ تێبینیمان هەیە لەسەر چۆنیەتیی ڕیزبەندی چارەکردنی کێشەکان و، پێمان وایە لە کۆی گفتوگۆکاندا کە تا ئێستا لەگەڵ کۆی لایەنەکاندا کراوە، وەک پێویست هۆکاری کێشەکان دیاری نەکراون. جا خودی چارەسەر وابەسەتی ورد دەسنیشانکردنی کێشەکانە.

لەباسی ئەوەدا کە قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان بە ڕاگوزەر ناو دەبرێت ڕایگەیاند، ئەگەر مەبەسەت لەوە بێ کە لە فیدراڵییەوە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین بەڵی قۆناغەکە راگوزەرە.

هاوکات لە وەڵامی  چۆنیەتیی  کاراکردنەوەی پەرلەمان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنەکاندا جیاوازیمان هەیە و بە هەموو لایەنەکانیشمان گوتووە، کە پێویست دەکات بە تەوافوق کێشەکانمان چارە بکەین، چونکە وڵاتەکەمان لەسە بنەمای تەوافوق بینا کراوەتەوە. لەبارەی کۆبوونەوەی ئێمە و یەکێتییش، پێوەیدنی بە دۆخەکە و کۆبوونەوەی خۆیانەوە هەیە، دواتر کە بڕیار درا دانیشین لەبارەی ئەو خاڵانەی کە هەیانە قسە دەکەین، بزانین خاڵەکانیان وەک خۆیان ماون یاخوود گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

گوتیشی، لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا بابەتی پێنجقۆڵی قسەی لەبارەوە کراوە، گوتوومانە کە پیویست دەکات کۆبوونەوەکان فراوانتر بکرێن و لایەنەکانی دیکە و پێکهاتەکانیش بەشدار بن، چونکە کێشەکانی کە هەن هیی هەموو لایەنەکانیشە. ئێمە پێمان وایە دەبێ کۆبوونەوەکان لە چوارچێوەی تەنیا پێنج حزبدا نەمێنێتەوە و فراوانتر بکرێ.

لەبارەی پڕۆژەی پارتییەوە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکانیش (مەحموود محەممەد) رایگەیاند، پەشیمانبوونەوە لە پەیامەکەی سەرۆکدا نییە و، لە سەردانەکانماندا ئەوەمان بە هەمووان گوتووە، کە ئێمە ئێشتایش لەسەر بنەمای پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) گفتوگۆ دەکەین و کردوومانە بە نێوەرۆكی بابەتی دانوستانەکانمان.

دەربارەی دۆخی ئێستای شنگال و ڕێگرییەکانی پەکەکەوە گوتەبێژی پارتی گوتی، شنگال بە شێکە لە هەرێمی کوردستان و، دەبێ بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەڕێوە ببرێ، بۆیە هەر حزب و هێزێکیش لە ناوچەکەدا هەبێ، دەبێ ملکەچی یاساکانی هەرێمی کوردستان بن. خەڵکی کوردستانیش داوای لە پەکەکە بووە کە ڕێز لە یاساکانی هەرێم بگرن کە نایگرن، چونکە بەگوێرەی خوێندنەوەکانی تا ئیستا هەیە، پەکەکە ڕێز لە یاساکانی هەرێم ناگرێ، هەموو ئەدەبیاتی پەکەکە بخوێنەوە ددان نانێ بە سەروەریی هەرێمی کوردستاندا."

وەک گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، پەکەکە هۆکاری ئاوەداننەکردنەوەی شنگالە و مانەوەی پەکەکە درێژە بە ناکۆکییەکان لە شنگال دەدات.

(محەممەد) جەختی کردەوە، باشترین چارە ئەوەیە کە پەکەکە شنگال جێ بهێڵێ. خەڵکی ناوچەکەش بۆ ئەوە نییە چی دی ئازار بدرێن.

لەبارەی ئەو هێزەیش کە بە هێزە ڕەشەکەی یەکێتیی نیشتیمانی ناسێندرا، ڕایگەیاند، ناردنی هێز بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور، دەبوایە لەگەڵ لایەنەکان و حکوومەتی هەرێمدا گفتوگۆ هەبایە و، ئینجا بڕیار درابایە چیی بکرێ لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووکدایە. هەڵبەت بەم لۆژیکی دەستبەسەرداگرتنە و هەر وەختێک هێزێک ویستی دەست بەسەر شوێنێکدا بگرێ، ئەمە پاشاگەردانییە و ڕەوا نییە.