Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مۆسكۆ: ساڵیادی كۆچى دوایى بارزانى نەمر بەرز ڕاگیرا

مۆسکۆ-KDP.info-  ئەمڕۆ لە مۆسکۆ بە ئامادەبوونی یاریدەدەری (سەرۆک بارزانی) یادی (بارزانی نەمر) بەرز ڕاگیرا.

(هێمن هەورامى)، یاریدەدەرى (سەرۆك بارزانى)، كە بە مەبەستى بەشداریكردن لە كۆنفرانسى (ئایندەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست)دا، بە نوێنەرایەتیى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە مۆسكۆیە، ئەمڕۆ (١/٣/٢٠١٧)، كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕى (٣٨) ساڵەى كۆچى دواییى باوكى ڕۆحیی نەتەوەى كورد، (مەلا مستەفا بارزانى) لەگەڵ ژمارەیەك لە كوردانى نیشتەجێی ڕووسیا و قوتابییانى كورد لە ڕووسیا و (نوورى نەبى یوسف)، سەرۆكى هاوكارى و پشتیوانیى گەلى كورد لە ڕووسیا، وەك وەفایەك بۆ ڕێبەرى نەتەوەییى کورد، كە ئاڕاستەى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازانەى گەلى كوردى خستە سەر سكەى سەركەوتن، تاجەگوڵینەی وەفادارییان بردە سەردانى نشینگەى (مەلا مستەفا بارزانى)، كە لە ساڵى ١٩٥٤ەوە تا ساڵى ١٩٥٨ تێیدا ژیاوە و لەنێوان ئەو ساڵانەدا (بارزانى نەمر) لە ئەكادیمیاى (فرووزەى) سەرقاڵى خوێندنى ئەكادیمیى سەربازى بووە و، دواتریش تابلۆیەكى یادەوەرى لەسەر نشینگەكەى (بارزانى نەمر) نەخشێنراوە.

بەگوێرەی یاساكانى وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا، لەدواى ڕووخانى یەكێتیى سۆڤییەتەوە، هیچ كەسایەتى و بیانییەك ناتوانێت لەدواى خۆى شوێنى یادەوەرى بەجێ بێڵێت، بەڵام ڕێ بە تابلۆى یادەوەریى (بارزانى) دراوە. (هێمن هەورامى) لەبەردەم تابلۆى یادەوەریی (بارزانى نەمر)دا ڕایگەیاند: ''لەبەردەم تابلۆى یادەوەریى (بارزانى نەمر)ەوە دواى دانەواندنى سەرى ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحى ئەم سەركردە نەمرەى گەلى كورد، لێرەوە  خەڵكى  كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، كە ڕێبازى (بارزانى نەمر)، ڕێبازێكی پڕاوپڕ لە كوردایەتییە و بۆ خزمەتكردنى كوردستان ڕاوەستاوە. ئەو ئامانجەى (بارزانى نەمر) خەباتى لەپێناودا كردووە، وەگەڕخستنى یەکەم شۆڕشى سەرانسەریی كوردستان، شۆڕشى ئەیلولى مەزن بوو، كە (بارزانى نەمر) شۆڕشەكەى بەرپا كرد و سەرپەرشتیى شۆڕشەكەی كرد و ئەم شۆڕشە واى كرد كە ددانپێدانانى حكوومەتى مەركەزى بەدوای خۆیدا بێنێت. یاریدەدەرەكەى (سەرۆک بارزانى) پێى وابوو، ئەو شۆڕشەى (بارزانى نەمر) و پێشمەرگەكانى كوردستان هەڵیانگیرساند، بووەتە هەوێنى ئەم سەركەوتنانەى كە ئێستا (سەرۆك بارزانى) کاریان بۆ دەكات و ئامانجە سەرەكییەكەى (بارزانى نەمر)یش لەم شۆڕشە وەدەستهێنانی سەربەخۆیى بوو، ئێستاش ئەو ستراتیژییە بەردەوامە و بە سەرۆكایەتى و سەرپەرشتیى پێشمەرگانەى جەنابى (سەرۆك بارزانى) لە ئامانجە گەورەكە نیزیك بووینەتەوە.''

سەنگەر هەورامى