Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قادر قادر: پەیامی بارزانی نەمر کوردایەتی و مرۆڤایەتی بوو

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول، باس لە ڕۆژی کۆچی دوایی (بارزانی نەمر) دەکات و دەڵێت: ''(بارزانی)ی باوک بۆ هەموو گەلی کوردستان قوتابخانە بووە.''

(قادر قادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیمورکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، وەک پێشمەرگەی شۆرشی ئەیلوولی مەزن و گوڵانی پێشکەوتنخواز لەم ڕۆژەدا، کە ڕۆژی کۆچی دوایی سەرکردەی گەلی کورد، (بارزانی)ی گەورەیە، پەیمان تازە دەکەینەوە بۆ گەلەکەمان و سەرکردەی کورد، (کاک مەسعوود بارزانی)، کە درێژەدەری ڕێبازی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەبین، وا خوێنیان بۆ کوردستان ڕژاند و، هیوادارین ئەو ئەرکە بە ئەرکێکی نیشتمانی بزانرێت و بە ڕێبەرایەتیی قوتابخانەکەی (بارزانی نەمر) درێژەپێدەری بین و، گوتی: بەداخەوە (جەنەراڵ بارزانی) بە چاوی خۆی ئەم سەرکەوتنانەی گەلی کوردستانی نەدیت، چونکە ئەو دەسکەوتە گەورانەی ئێستا هاتوونەتەدی و گەلی کورد شانازییان پێوە دەکات، لە ئەنجامی شۆرشی (بارزانی نەمر) وەدەست هاتوون. شۆڕشی (بارزانی نەمر)، تاکە شۆرشە، کە لە سەرتاسەری کوردستان بەبێ جیاوازی و بە یەک پەیام بەرپا کرا و ئەوەی زۆر گرینگە، ئەوەیە کە شۆرشی (بارزانی) تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام خەباتەکەی بە شێوەیەکی دیکەیە.''

(قادر قادر) گوتی: ''کەسایەتیی (بارزانی) نموونەیەکی جوان و گەورە بوو، کە توانیویەتی لەژێر چەتری قوتابخانەکەیدا هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان کۆبکاتەوە. ئەوانەی لە کوردستان ژیاون بە یەک چاو سەیری کردوون و لەژێر ئەو چەترەدا کۆی کردوونەتەوە و بەبێ جیاوازی لەژێر ئەو چەترەدا خوێنیان بۆ ڕزگاری ڕژاوە.''

(قادر قادر) گوتیشی: ''خەباتی (بارزانی) زۆر فراوان بووە، جگە لە پەیامی کوردایەتی، پەیامی ئاشتی و مرۆڤایەتیشی پێ بووە، زۆر خەڵکی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارییان لە شۆرشدا کردووە، بۆ ئەوەی بەهای مرۆڤایەتی بگەڕیندرێتەوە و گەلانی عێراق لە بندەستی ڕزگار ببن.''

کارزان سەباح