Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. مەدحەت: ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تەنیا مەرسوومی هەرێمی پێویستە

هەولێر-KDP.info-  ڕاوێژكاری پەرلەمانی كوردستان، (د. مەدحەت سلێمان) دەڵێ، نابێ هەرێمی كوردستان ڕیفڕاندۆم لەسەر پرسی سەربەخۆیی بكات، چونكە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەل ئەوەن، کە لە عێراق جیا ببنەوە و ئەگەر لەگەل بەغدا بە ئەنجام نەگەیشتین، تەنیا دەركردنی مەرسۆمێكی هەرێمی كوردستان بەسە بۆ ئەوەی بڕیاری سەربەخۆیی بدەین. دەشڵێ، زۆر وڵاتی جیهان بەبێ ڕیفڕاندۆم بوونەتە دەوڵەت و بڕیاری خۆیان داوە.

(د. مەدحەت سلێمان)، ڕاوێژكاری پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیاری (سەرۆك بارزانی) ئەوەیە، کە  هەرێمی كوردستان بە دوو شاند سەردانی بەغدا بكات بۆ دانوستان؛ یەكێكیان، شاندی سیاسی و ئەوی تریان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێی كێشە دارایییەكان. داواشی لە گشت لایەنەكان كردووە، هەموویان، تەنانەت پێكهاتەكانیش نوێنەریان لەنێو ئەو شاندەی هەرێمی كوردستاندا هەبێت، کە دەچێت بۆ بەغدا. بەڵام من لەو باوەڕەدا نیم، بەغدا بە هیچ شێوەیەك بە داواكارییەكانی كورد ڕازی بێت و سەردانەکان ئەنجامیان نابێت، چونكە عێراق نایەوێ هیچ ڕێكەوتنێك لەگەل هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.''

راوێژكارەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: ''کە لە بەغذا بێهیوا بووین، لایەنە سیاسییەكانی کوردستان دەربارەی پرسی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ڕێكکەوتن دەكەن، بەڵام پێویستە لەسەر خاكی كوردستان ڕیفڕاندۆم نەكرێت. ڕاستە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێم ڕیفڕاندۆم بكرێت تا بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەپێچەوانەوە نابێت بۆ جیابوونەوە لە عێراق، ڕیفڕاندۆم لەسەر خاكی خۆمان بكەین.''

(د. مەدحەت سلێمان) دەشڵێ: ''ئەگەر بێت و بەغدا دژی پرسی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان بوەستێتەوە، ئەوە هیچ پێویست بە ڕیفڕاندۆم ناكات، لەبەر ئەوەی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەل سەربەخۆیین، تەنیا مەرسۆمێكی هەرێمی دەربكرێت، بەسە بۆ ئەوەی جیا ببینەوە. زۆربەی لایەنە سیاسیەكانیش لەگەڵ سەربەخۆیین، ئەگەر هەموومان تەبابین، پێویستە گشت لایەنەكان بۆ ئەو پرسە پشتگیریی بڕیاری (سەرۆك بارزانی) بكەن، لە زۆر شوێنی دیكەی دنیاش، تەنیا بڕیار دراوە و ڕاپرسی نەكراوە.''

قائید میرۆ