Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەندرێن ئەحمەد: ئه‌و گرینگییه‌ی بە كوردستان دەدرێت، بۆ پێگەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەگەرێتەوە

 

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان دەڵێت، ئەو گرینگیدانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی بە ھەرێمی كوردستان دەدرێت، بۆ پێگەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، بۆیە ھەر گۆڕانكارییەك لە ناوچەكەدا بكرێت، ھەرێمی كوردستانیش لێی سوودمەند دەبێت.

(ھەندرێن ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەر چی گۆڕانكارییەك بێتە پێشەوە لە ناوچەكە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت دەوروبەری ھەرێمی كوردستان، ئێمەیش وەكو ھەرێمی كوردستان سوودمەند دەبین، ئەمەش لە كاتێكدا گەر یەكڕیزی لە نێوخۆماندا دروست بكەین و بۆ بەرژەوەندیی باڵای ھەرێم كار بكه‌ین".

(ئەحمەد) گوتیشی: "ئەم گرینگیدانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ھەرێمی كوردستان دەدرێت، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە پێگەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان وەكو لایەنێكی سەرەكی لە ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و رێكخستنەوەی ھاوكێشە ھەرێمایەتییەكان، گرینگیی ھەیە، بۆیە وڵاتانی نێودەوڵەتی و ھەرێمی مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع دەكەن و پێگەی ھەرێمی كوردستان بە ھەند وەردەگرن، هەر لەبەر ئەوەیش ئەم جۆرە مامەڵەیە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی لەگەڵ ھەرێمدا دەكەن".

ئه‌و ئەندامه‌ی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی ده‌شڵێت، توركیا سنووری لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ھەیە و پێویستی بەوە ھەیە دراوسێیەكی باش بین، چەند ساڵێكیشە پەیوەندییەكان زۆر باشن و پێشتر توركیا ھەموو شتێكی كوردی ڕەت دەكردەوە، بەڵام ئێستا ددان بە ئاڵای كوردستاندا دەنێت، بۆیە پێویستە ئەو پەیوەندیانە لە بەرژەوەندیی باڵای ھەرێم بقۆزرێنەوە".

 

بڵند ئیبراھیم