Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەعفەر ئێمینكی: بارزانی نەمر، گەنجینەیەكی بێهاوتای هزری نەتەوەیی و پێشمەرگایەتی بۆ جێ هێشتووین

 

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێكیدا بە بۆنەی 38 ساڵەی ماڵئاوایی بارزانی نەمر ڕایگەیاند، ئەو زاتە مەزنە گەنجینەیەكی بێهاوتای هزری نەتەوەیی و پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی و دیموكراتی و لێبووردەیی و ئاشتی و ئازادی، بۆ جێ هێشتووین.

ئەمەیش دەقەكەیەتی: 

ئەمڕۆ یادی 38 ساڵەی كۆچی دوایی بارزانی باوك و رێبەر، سیمبول و موڵكی رابردوو و ئێستا و ئاییندەی نەتەوەی كورد و سەرجەم كوردستانیان دەكەینەوە، ئەو زاتەی بلیمەت و مەرجەع لە سیاسەت، فیداكاری، ئازایەتی، لێبووردەیی، ئاشتی، یەكڕیزی، كە هەموو ژیانی بە شۆڕش لە دوای شۆڕش لە پێناو یەكڕیزیی میللەتی كورد لە كوردستاندا و بەدەستهێنانی ئامانجی چارەنووسسازی نەتەوەیی و ستراتیژی میللەتەكەمان تەرخان كردووە. دوای ماڵئاواییشی گەنجینەیەكی بێهاوتای هزری نەتەوەیی و پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی و دیموكراتی و لێبووردەیی و ئاشتی و ئازادی، بۆ جێ هێشتووین.

بارزانی نەمر، هەمیشە یەكڕیزیی میللەتی كورد لە كوردستاندا و پێكەوەژیانی برایانەی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان و زمانی ئاشتی، دەخستە پێش هەر رێگەچارەیەك بۆ دۆزی رەوای گەلی كوردستان، واتە قوتابخانەیەكی نەتەوەیی بۆ خوێندنی وانەی خەبات و شۆڕش و كوردایەتی و ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی دامەزراند، بۆیە ئەو زاتە، بوو بە هێما و سمبولی بەرخودان و خەبات و شۆڕش و ناسنامەی میللەتی كورد، نەك تەنیا لەسەر ئاستی نێوخۆیی كوردستان، بەڵكوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییشدا.

لە یادی 38 ساڵەی ماڵئاوایی رێبەر و سەركردەی میللەتەكەماندا و لە سۆنگەی بڕوابوون بە مافی رەوای گەلەكەمان لە هێنانەدیی سەربەخۆیی، رێبازی بارزانی باوك، رێبازی ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی و پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن، دووپاتی دەكەینەوە و هەموو هەوڵەكەمان دەخەینە گەڕ بۆ بەجێهێنانی ئەم سۆزە و بەرگریكردن لە ئاوات و ئامانجەكانی گەلەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانی.

لەم یادەدا، سەری رێز و نەوازش بۆ مەزنیی بارزانی نەمر دادەنوێنین و دروود بۆ گیانی پاكی دەنێرین.

جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان