Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕووسیا و هەرێمی کوردستانی پەرە بە پەیوەندییەکان دەدەن

 

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و کۆمپانیای گازپڕۆم کرد و، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا پێشان دا و داوایشی کرد لەو پەرەپێدانەدا، بایەخێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت.

 

ئەمرۆ چوارشەممە ١ـی ٣ـی ٢٠١٧، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسیایی كرد کە پێکهاتبوو لە (ماکسیم ماکسیمۆڤ) باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، (ڤالێریان شوڤایڤ) جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، (ڤیکتۆر سیماکۆڤ) کۆنسووڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر و شاندێکی باڵای کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسیا.

لە دیدارەكەدا کە (دکتۆر فواد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، شاندی میوان پێداگریی وڵاتەكەیان لەسەر هاوسۆزی و بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات کردەوە و ئامادەیی ڕووسیایان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، خستەڕوو.
شاندەکە ستاییشی سەرکەوتن و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا و، سوپاسی (سەرۆک بارزانی) و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئاستی بەرزی هاوکارییان لەگەڵ باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەغدا و کۆنسووڵگەریی ڕووسیا لە هەولێر و کۆمپانیای گازپڕۆم لە کوردستان.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارە شاندی باڵای كۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسیایی، پلان و كار و چالاكییەكانیان لە هەرێمی كوردستان بۆ (سەرۆک بارزانی) ڕوون کردەوە و جەختیان لە بەردەوامیدان و پەرەپێدانی کارەکانیان کردەوە.
لە دیدارەکەدا (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و ڕووسیا، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا پێشان دا و داوایشی کرد لەو پەرەپێدانەدا، بایەخێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت. هەروەها دەستخۆشیی لە کۆمپانیای گازپڕۆم کرد بۆ بەردەوامی و پەرەپێدانی چالاکییەکانیان لە کوردستان.
باسکردنی ڕەوشی ناوچەكە و شەڕی تیرۆریستان و پێشڕەوەییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوون.