Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڵێن عەبدوڵڵا: کوردستان پێگەی بەهێزی لەنێو هاوکێشە هەرێمی و جیهانییەکاندا دروست کردووە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێ، کوردستان پێگەی بەهێزی لەنێو هاوکێشە هەرێمی و جیهانییەکاندا بۆ خۆی دروست کردووە.

(بەڵێن عەبدوڵڵا)، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، کوردستان پێگەی بەهێزی لەنێو هاوکێشە هەرێمی و جیهانییەکاندا بۆ خۆی دروست کردووە، دیارە ئەمەش دەرئەنجامی سیاسەتی گونجاو و خۆڕاگری و فیداکاریی گەلی کوردستان و قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگەیە لە تێکشکاندنی هێزە تیرۆریستییەکانی داعشدا. هەروەها دەرەنجامی دڵفرەوانی و سیاسەتی لێبوردەیی و پاراستنی مافی مرۆڤ و حەواندنەوە و لەخۆگرتنی نیزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاشتیخوازانەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردیشە و، بەلای نێوەندە سیاسییە جیهانییەکانەوە ڕۆلی کوردستان لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا ڕۆڵێکی بەرچاوە و وەک ژمارەیەکی بەهێز حیساب بۆ کوردستان کراوە.

(بەڵین عەبدوڵڵا) دەڵێ: ''دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام چاوەڕوان دەکرا عێراق ئەم مێژووە ڕەشە بەجێ بێڵێت و قۆناخیکی نوێ دەست پێ بکات و، وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی و مۆدێرن و پیشکەوتوو لەسەر بنەمایی شەراکەتی ڕاستەقیینەی پێکهاتەکانی و لەسەر بنەمایی تەوافقی نیشتمانی دابمەزرێت، کەچی بەپێچەوانەوە دەستەڵادارانی عێراق بە عەقڵییەتی سیاسی یان مەزهەبی هەنگاویان نا و، هەژموونی مەزهەبگەرایی، خۆی بەسەر سیستەمی سیاسی و سەرجەم جۆمگەکانی دەسەڵات و دامەزراوەکاندا سەپاند و بەڕاشکاوی ماددەکانی دەستوور پێشێل کران.''

ئەو سەرکردەیەی حزبی زەحمەتکێشان گوتیشی: ''ماددەی ١٤٠ بەندێکی سەرەکیی دەستووری عێراقە، کە حکوومەتی عێراق بە چەندان شێوە خۆی لە جێبەجێکردنی دزیوەتەوە و کوسپ و تەگەرەی دروست کردووە و، دەرکەوت حکوومەت هیچ نیازی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیەی نییە. ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە بە فیداکاری و قوربانیدانێکی زۆر توانیویەتی ئەو ناوچانە لە بندەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکات و بەبێ جیاوازی ژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی هاووڵاتیان دەپارێزێت، بۆیە بڕیاری سیاسیی هەرێم ئەوەیە، کە هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە، بەتایبەتی ناوچەکانی سنووری کەرکووک و جەلەولا و دەوروبەری مووسڵ و شنگال نەکشێتەوە و چارەنووسی هاووڵاتیان نەخاتە بەر مەترسی و، دەبێ لەڕێی ڕاپرسییەوە بڕیار لە ئایندەی خۆیان بدەن.''

کاروان باعەدری