Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیری لە قاهیرە هیوایان خواست مافەکانی گەلی کورد بێنەدی

هەولێر-KDP.info-  لە کاتی سەردانی چەندین کەسایەتیی ئەکادیمی و سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەنووسی میسری بۆ نووسینگەی پێوەندییەکانی پارتی لە قاهیرە، وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن، ئاماژە بە گرنگیی کردنەوەی ئەو نووسینگە بۆ پتەوکردنی پێوەندییەکانی گەلی کوردستان و گەلی میسر کرا.

(شێرکۆ حەبیب)، بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی لە قاهیرە پێشوازیی لە چەندین کەسایەتیی سیاسی و ڕاگەیەنکار و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی میسری کرد و، وێڕای سوپاس و بەخێرهاتنی مێوانەکان، بەرپرسی نووسینگەی پارتی لە قاهیرە ئاماژەی بە گرینگیی ئەو سەردانە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پێوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کرد و، باسی پێوەندیی میژووییی میسر لەگەڵ کوردستان و بەگشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتیی کرد و گوتی، وڵاتی میسر پێگەیەکی تایبەتی لای کورد هەیە؛ ساڵی ١٨٩٨دا یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی کوردی لەلایەن (مێقداد مەدحەت بەدرخان)ـەوە لە میسر دەرچوو؛ هەروەها سەرۆکی خوالێخۆشبوو (جەمال عەبدولناسر) پێشوازیی لە سەرکردەی نەتەوەییی کورد، جەنابی (بارزانی) نەمر کرد.

لە تەوەرەیەکی دیکەدا، بەرپرسی نووسینگەی پێوەندییەکانی پارتی لە قاهیرە تیشکی خستە سەر دواپێشهاتەکانی کوردستان و سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا و، سەبارەت بە پێوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش گوتی، پارتی هەردەم لەژێڕ ڕۆشنایی ڕێنمایییەکانی جەنابی (سەرۆک بارزانی) و هەوڵەکانی بۆ یەکڕیزیی نیوماڵی کورد و تەبایی و پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستاندا، بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و بە دانوستاندن و لێکتێگەیشتن لە هەوڵی چارەکردنی گرفت و کێشەکاندا بووە.

سەبارەت بە پێوەندیی نیوان هەولێر و بەغداش ئاماژەی بە ڕۆڵی کورد لە پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق و هەوڵەکانی سەرکردایەتیی کورد، بەتایبەتی (سەرۆک تاڵەبانی) و (سەرۆک بارزانی) بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە عێراقدا کرد و گوتی، بەڵام ناکرێت کورد لە هەوڵی یەکپارچەییی عێراقدا بێت، کەچی لەولاوە پڕۆسەی سیاسی پەڕاوێز بخرێت، کورد لەدوای ڕاپەرین لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی دیموکراسیی فیدراڵیدا بوو، بەڵام هەوڵەکان وا بەدی دەکران کە خەریکە کورد پەراوێز بخرێت و بە هاووڵاتیی پلە دوو هەژمار بکرێت و دەسەڵات لە عێراق بەرەو تاکڕەوی بروات، بۆیە (سەرۆک بارزانی) داوای ڕاپرسیی بۆ سەربەخۆییی کورستان کرد، کە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، مافێکی سروشتیی میللەتی کوردە. لە تەوەرەیەکی دیکەدا باسی لەو زوڵم و مەینەتییە کرد، کە کورد لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا دووچاری بووە و، دواترینیشیان بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بوو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی دامەزرانی لە ساڵی ١٩٤٦دا، بە سەرۆکایەتی (بارزانی) نەمر، یەکەم پارتی سیاسی بوو، کە دروشمی دیموکراسیی لە ڕوانگەی باوەڕ بە دابینکردنی مافی گەلاندا بەرز کردەوە.

سەبارەت بە پێوەندیی نێوان کوردستان و وڵاتانی هەرێمی گوتی، ئێمە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆ، پێوەندییەکانمان بنیاد ناوە.
بەرپرسی پارتی لە قاهیرە سەبارەت بە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش گوتی، ئێمە ڕێز دەگرین لە بڕیاری زۆرینەی ئەوان بۆ چۆنییەتیی پێوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی ئەو وڵاتانە، بۆ ئەوەی مافی کورد دابین بکرێت و هەوڵەکان بە شێوازی دیموکراسی و لێکتێگەیشتن چارەسەری گرفتەکان بکەن.

ئامادەبووان وێڕای دەبڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ کردنەوەی نووسینگەی پارتی، ئاماژەیان بە ڕۆڵی کورد کرد و هیوایان خواست مافەکانی گەلی کورد بێتەدی و پێوەندیی نێوان کوردستان و میسر زیاتر بەرەوپێش بچێت.