Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شارەزایەکی ئابووری: له‌ هه‌موو بارێكدا هەرێمی کوردستان پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا بره‌و پێ ده‌دات

دهۆك-KDP.info-  شارەزایەکی ئابووری ئاماژە بە سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ تورکیا دەکات و دەڵێ، تورکیا دەیەوێ دوای نەمانی ھەڕەشەکانی داعش جارێکی دیکە کۆمپانیاکانی بۆ وەبەرھێنان بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان و (سەرۆک بارزانی)یش دڵنیایی بە تورکیا دەدات، لە کاتی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستاندا ھەمان پێوەندیی ئابوورییان دەبێت.

(کاوە دۆسکی)، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ تورکیا جگە لە ڕووە سیاسی و دیپلۆماسییەکەی، لەڕووی ئابوورییشەوە گرینگیی خۆی ھەیە، چونکە لەو سەردانەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەربارەی پێوەندییی ئابووری لەگەڵ گەورەبەرپرسانی تورکیا دانوستان دەکات و زیاتر باس لە بەرەوپێشبردنی پێوەندیی ئابووری دەکرێت. ھەروەھا (سەرۆک بارزانی) دەیەوێ ئەو پەیامە بە ئەنکارا بدات، کە ڕێککەوتنی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای ڕووسنەفتی ڕووسیا کاریگەریی لەسەر ڕێکەوتنەکەی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا نابێت، چونکە بۆ ماوەی سێ ساڵ کۆمپانیاکەی ڕووسیا، نەوتی ھەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە بۆ بازاڕی ئەورووپا. لەلایەکی دیکەشەوە کورد پڕۆژەی سەربەخۆیی ھەیە و، (سەرۆک بارزانی) لەو بارەیەشەوە تورکیا دڵنیا دەکاتەوە، ئەگەر سەربەخۆییی کوردستان ڕاگەیەنرا، کوردستان لە سیاسەتی خۆی بۆ دروستکردنی پێوەندیی ئابووری باشتر لەگەڵ دراوسێکانی بەردەوام دەبێت؛ بەتایبەت لەگەڵ تورکیا، کە دەروازەیەکی گرینگە بۆ ھەرێمی کوردستان.''

ئەو ئابووریزانە دەڵێ: ''وڵاتی تورکیا دەیەوێ دوای قۆناغی شەڕی داعش جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ بازاڕەکانی عێراق، بەتایبەتی شاری مووسڵ، ئەویش بەڕێی ترانزێتیی ھەرێمی کوردستاندا دەبێت. تورکیا بزاڤی ئابووریی خۆی لە مووسڵ بەھێز دەکات و لە وەگەڕکەوتنەوەی بازرگانی و وەبەرھێنانی ئەو شارەدا ڕۆڵی دەبێت.''

(کاوە دۆسکی) دەشڵێ: ''دوای نەمانی ئەو ھەڕەشانەی بەھۆی ھاتنی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، وڵاتی تورکیا دەیەوێ کۆمپانیاکانی بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و وەبەرھێنان بکەن، لەبەر ئەوەی پێش شەڕی داعش تورکیا پشکی شێری لە وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان بەرکەوتبوو، ئێستایش نیازی ھەیە کۆمپانیاکانی ھەمان پشکیان لە وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت. بێگومان ئەگەر ئەو ھەموو کۆمپانیا تورکیایییە بێنەوە ھەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر گەشەکردنی ئابووریی ھەرێم دەبێت.''

قائید میرۆ