Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد خورشید: پارتی پڕۆژەیەکی نوێی بۆ کەرکووک هەیە

کەرکووک-KDP.info-  پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەربازبوون لەو کێشانەی لە کەرکووکدا ھەن، بیرۆکەی پڕۆژەیەکی خستووەتە بەردەم لایەنە کوردییەکانی کەرکووک؛ هاوكات بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دەڵێ، دەمانەوێ لەڕێی پڕۆژەیەکەوە مافی خەڵکی کەرکووک بگەڕێنینەوە.

(د. محەمەد خورشید)، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەیەکی بۆ پارێزگای کەرکووک ھەیە، تا لەو حاڵەتە تایبەتەی پێی دراوە، دەربچێت. ئێستا، ئێمە دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کەرکووک دەکەین، بۆ ئەوەی لەڕێی یاسایییەوە کەرکووک دەرباز بکەین لەو حاڵەتەی کە تێیدایە و، دەمانەوێ لەڕێی پڕۆژەکەمانەوە، مافی ھاووڵاتیی پارێزگای کەرکووک، ئەوانەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پێشێل دەکرێن، بگەڕێنینەوە. چونکە خەڵکی کەرکووک بێئومێد بووە لەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیارێک بدات، کە لە قازانجی کەرکووک بێت، بیرۆکەکە بەو شێوەیە دەبێت، کە بتوانێت پارێزگای کەرکووک لەو مەرکەزیەتەی بەغدا ڕزگار بکات.''

بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک دەڵێ: ''پڕۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا لەبارەی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانەوە نییە، بەڵکو ھەموو ڕوویەک دەگرێتەوە، سیستەمی لامەرکەزیی پارێزگاکان لە کەرکووک جێبەجێ ناکرێت و سیستەمێکی مەرکەزیی یەکجار توند بەسەرییەوەتی و دەمانەوێ لەو ڕووەوە ڕزگاری بکەین.''

(د.محەمەد خورشید) گۆتیشی: ''پارتی ھەمیشە لەگەل ئەوەدایە ھەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت و ھەڵبژاردن بە مافی ڕەوای خەڵکی کەرکووک دەزانین و نابێت ئەو مافەیان لێ زەوت بکرێت. کێشەکە لەوەدایە پەرلەمانی عێراق ناھێڵێ ئەو مافەی کەرکووکییەکان جێبەجێ بکرێت. ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین ھەندێ ماددەی دەستووری بخەینە سەرپێ، بۆ دەربازبوونی کەرکووک لەو کێشانەی ھەیەتی، ئەمیش بە ھاوکارییی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ھەروەھا ئەگەر پێویستیشی کرد بە ھاوکارییی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان.''

قائید میرۆ