Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەکاری: دەبێ دەشتی نەینەوا ببێ بە پارێزگا و هێزی کریستانەکان بیپارێزن

هەولێر-KDP.info-  سەرکردەیەکی کریستیانەکان پێی وایە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە دەوروبەری مووسڵ دەستیان کردووە بە تۆڵەکردنەوە و، دوای ئازادکردنی ناوچەکە بەشێک لە خانووی کریستیانەکانی (بەرتلە) و (حەمدانییە) سووتێنراون، ئەوەشی ئاشکرا کرد، حکوومەتی عێراق ئامادە نییە ناوچەی دەشتی نەینەوا بپارێزێت، بەو ھۆیەوە ھێزی تایبەتی کریستیان بۆ پاراستنی ناوچەکە دامەزراوە.

(رومیۆ ھەکاری)، سکرتێری گشتیی حزبی (بەیت نەھرێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ژمارەیەکی زۆر کەمی ئاوارە کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا گەڕاونەتەوە سەر شوێنەکانیان، چونکە ٧٠%ی خانووەکان تێک دراون و ئەوانەی ماویشن، دوای ئازادکردنی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا سووتێنراون، بەتایبەتی لە سەنتەری ناحیەی (بەرتلە) و سەنتەری قەزای (حەمدانییە)، لەبەر ئەوە ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە، تەنیا چەند خێزانێک گەڕاونەتەوە بۆ شارەدێی  (تلسقۆف)، ئەوانیش ژمارەیان زۆر کەمە.''

ئەو بەرپرسەی کریستیانەکان گۆتی: ''ئێمە لەسەر داوای خۆمان سوورین بۆ ئەوەی دەشتی نەینەوا بکرێتە پارێزگا، چونکە دەبێ خەڵکی خۆمان، خۆیان بەڕێوەبەرن. ھەرلە دامەزرانی دەوڵەتی عێراقەوە تا ھاتنی تیرۆریستانی داعش سەلماوە، کە حکوومەتی عێراق ئامادە نەبووە گەلی ئێمە بپارێزێت، کەواتە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە، خۆمان گەلی خۆمان بپارێزین و داوای بەپارێزگابوونی دەشتی نەینەوا بکەین، ھەر بۆ ئەم مەبەستە ھێزی سەربازیی تایبەت بە کریستیانەکان دامەزراوە، تا لە دواڕۆژدا پارێزگاری لە پارێزگای دەشتی نەینەوا بکەن.''

(رومیۆ ھەکاری) دەڵێ، ''ترسی ئێمەی کریستیان و کورد و تورکمانی ناوچەکانی نەینەوا لەوەدایە، لەکاتی گەڕانەوەی خەڵک بۆ شوێنەکانیان توڵەکردنەوە سەرھەڵبدات و ببێتە ھۆی ئەوەی شەڕی ئایینی و نەتەوەیی بەرپابێت، چونکە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ کردووە و بێگومان خەڵکیش دوای گەڕانەوە مافی خۆیانە، کە توڵەی خۆیان بکەنەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین، بە یاسا توڵەی خۆیان بکەنەوە و لێپرسینەوەیان لەگەل بکرێت و بدرێنە دادگا.''

سکرتێری حزبی (بەیت نەھرێن) دەشڵێ: ''سوپای عێراق و حەشدی شەعبیش لە ناوچەکەدا دەستیان لەو توڵەکردنەوەیەدا ھەیە و ھەندێکجار ڕووداوی زۆر گەورە لەسەر دەستی ئەوان ڕوودەدات. من پێموایە ئەوانەی دەستیان چووەتە خوێنی ھاووڵاتیان و دزی و تالانکردنی ماڵی خەڵک یان دەبێ عێراق بەجێ بێڵن، یان خەڵک لێیان خۆش نابێت.''

قائید میرۆ