Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. محەمەد ڕەئووف: بۆ سەربەخۆیی دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەین

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، پرسی سەربەخۆییی کوردستان گرینگە و، لەبەر ئەوەی عەقڵییەتێک لە بەغداوە دەیەوێت، سەرنەگرێت، دەبێ نێوماڵی کوردستان ڕێک بخرێتەوە.

(د. محەمەد ڕەئووف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بەغدا زۆر هەوڵ دەدات پرسی سەربەخۆییی کوردستان سەرنەگرێت. بەغدا لە سەردەمی ئەنجوومەنی حوکمەوە قسەی لەسەر سەربەخۆییی کوردستان هەبوو، ئەوان ڕازی بوون بە سەربەخۆییی کوردستان و، ئەم بابەتەیان ساڵی ٢٠٠٨ جووڵاند، بەڵام دەیانگوت دەبێ پرسی سەربەخۆییی کوردستان کەرکووکی تێدا نەبێت، ماددەی ١٤٠یش نەیگرێتەوە، ئێستاش هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کە ئەو پرسە سەرنەگرێت. بۆیە دەبێ کوردستان جوان خۆی بۆ ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا ئامادە بکات و، دەبێ بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەست پێ بکەین، ئەگەر ئەوان نەیانەوێت بە گفتوگۆ کۆتایی بەو بابەتە بهێنن، ئەوا ئێمە دەبێ پشکی خۆمان بە گفتوگۆ کۆتایی پێ بهێنین، چونکە دەبێ لە نییەتی خۆمانەوە سەیری نییەتی لایەنی بەرانبەر نەکەین، کاتی خۆی (مالیکی) سوپای هێنایە سەر کەرکووک، کە ئەو کاتە ئەوەی کرد، ئێستاش ئەو بیرۆکەیە هەر لە خەیاڵ و هزریدا هەیە، بۆیە هەمان سیناریۆی سەربازی دووبارە دەکاتەوە.''

(د. محەمەد ڕەئووف) گوتیشی: ''بۆ پرسی سەربەخۆیی، پرسی یەکڕیزیی گرینگە و دەبێ نێوماڵی کوردستان ڕێک بخرێتەوە، کورد ببێتە یەکدەنگ و یەکگوتار، بۆ ئەوەی ئەو پرسە لەگەڵ هەموو لایەنەکان باس بکرێت و بدرێت بەڕووی جیهاندا.''

کارزان سەباح