Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد بازیانی: كورد بەئاشكرا باسی سەربەخۆییی كوردستانی بۆ جیهانی دەرەوە کرد

هەولێر-KDP.info-  ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی چاكسازی و گەشە، (محەمەد بازیانی) ڕایگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسییەكان بە چاوێكی زۆر گەورە تەماشای بەشدارییەکەی (سەرۆك بارزانی) لە كۆنگرەی میونشن و دیدار و كۆبوونەوەكانی بكەن، چونكە لە مێژووی كورددا، ئەوە یەكەم جارە بەو شێوازە پێشوازی لە سەرۆكێكی كورد دەكرێت و گرینگیی پێ دەدەرێت، یەكەمجاریشە كورد بەئاشكرا باسی سەربەخۆییی كوردستان دەكات و، لەنێو دڵ و دەروونی سەركردە و وڵاتانی جیهاندا زەمینەسازیی بۆ دەكات.

(د. محەمەد بازیانی)، ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی چاكسازی و گەشە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ وڵاتانی جیهان و بەشداریکردنی لە كۆبوونەوەی میونشندا ناوی كوردستان بەرزتر دەكاتەوە، بە حوكمی ئەوەی 500 كەسایەتیی خاوەن پێگە و كاریگەر لەسەر ئاستی دنیا لە كۆنگرەی میونشندا بەشدار بوون، واتە نوێنەرانی خەڵکی هەموو دنیا لەو كۆنگریەدا هەبوون. لە پەڕاوێزی ئەو دیدارانەدا چەندین پڕۆتۆكۆڵ دروست دەبێت، كورد لەو كۆنگرەیەكدا و لە كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردەكانی جیهاندا باسی سەربەخۆیی كردووە، ئەوە بە دید و بۆچوونی ئێمە، زۆر شتێکی باشە و ئێمە وەك حزبی گەشە پێشوازیی لێ دەكەین.''

رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی چاكسازی و گەشە گوتیشی: ''سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ فەڕەنسا و، ئەوەی کە بڕیار وایە سەردانی توركیاش بكات، پێگەی كورد گەورەتر دەكات. بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بە چاوێكی زۆر گەورە تەماشای ئەو جۆرە سەردانانە بكەن، بە حوكمی ئەوەی لە مێژووی كورددا ئەوە یەكەم جارە بەو شێوازە پێشوازی لە سەرۆكێكی كورد دەكرێت و گرنگیی پێ دەدەرێت، یەكەمجاریشە كورد بەئاشكرا باسی سەربەخۆییی كوردستان دەكات و، لەنێو دڵ و دەروونی سەركردە و وڵاتانی جیهاندا زەمینەسازیی بۆ دەكات. پێویستە لایەنە سیاسییەكان پێیان خۆش بێت و ئەمە دەستكەوتێكە بۆ كورد و كوردستان، نەك بۆ كەس و لایەنێك، بۆیە دەبێت هەموومان دڵمان پێی خۆش بێت و پێشوازیی لێ بكەین.''

ڕابین شێروانی