Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دارا دزەیی: ئەو ھاووڵاتیانەی بەشەخۆراكیان بڕدرابوو، بۆیان دەگەڕێنرێتەوە

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراكی مانگانەی ھاووڵاتیان ڕایگەیاند، ئەو ھاووڵاتیانەی بە ھۆی زۆریی مووچەیانەوە بەشەخۆراكی مانگانەیان بڕدرابوو، لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی بۆیان بگەڕێندرێتەوە.

(دارا دزەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی عێراق ١٧مانگ بەشەخۆراكی ھاووڵاتیان قەرزدارە و تاوەكو ئێستا ھیچ باسێكیش نییە قەرەبووی ھاووڵاتیان بكاتەوە بە پارە، جگە لەوەیش شیری منداڵانی ھەر نەناردووە، ئەمەیش نەك تەنیا لەھەرێم، بەڵكوو لە عێراقیش وایە".

(دزەیی) گوتیشی: "تەنیا لە راگەیاندن باس لەوە دەكرێت كە ھاووڵاتیان بە پارە قەرەبوو دەكرێنەوە و ھیچ شتێكی فەرمیی بە ئێمە نەگەییشتووە".

بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراكی ھەولێر زیاتر گوتی: "پێشتر بە بڕیارێك ئەو ھاووڵاتیانەی مووچەكەیان لە ملیۆنێك و٥٠٠ هەزار دینار زیاتر بوو، بەشەخۆراكی مانگانەیان بڕدرا، بەڵام لە ئێستادا لە ھەرێمی كوردستان بە ھۆی قەیرانی داراییەوە مووچەی ھەمووان كەم بووەتەوە، بۆیە داوامان لە وەزارەتی بازرگانی كردووە بەشەخۆراكی ئەو كەسانەیش بگەڕێندرێتەوە".

دەشڵێت: "لە ساڵی رابردوودا فۆڕمی خۆراكمان بۆ نەھاتووە، بۆیە بڕیارە بەم زووانە فۆڕمی خۆراكی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ـمان بە دەست بگات و، ئەوكاتیش بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشی دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم