Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بانكی ناوەندی قه‌رز ده‌دات، هاووڵاتیانی هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه‌

هەولێر-KDP.info- بانكی ناوەندیی عێراق، بە بڕی ترلیۆنێك دینار قەرز بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكات و بەڕێوەبەری پڕۆژەكەیش دەڵێ، تا ئێستا هەزار كەس ناویان تۆمار كردووە و پڕۆسەی ناوتۆماركردنیش بەردەوامە.


(موحسین شانەدەری)، سەرۆكی رێكخراوی زەرد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بانكی ناوەندیی عێراق بڕی شەش ترلیۆن دینار وەك قەرز دەدات بە هاووڵاتیانی عێراق و لەو پارەیە 17% بەشی هەرێمی كوردستانە و ترلیۆنێك دینار دەكات، لە رێگەی رێكخراوی زەردەوە قەرزەكە بە هاووڵاتیان دەدرێت و تا ئێستا تەنیا لە سنوری هەولێر هەزار كەس ناویان تۆمار كردووە، لەو ژمارەیە 331 كەس لەلایەن ئێمە و بانكی ناوەندی پەسەند كراون 142 كەسیش قەرزەكەیان وەرگرتووە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەك هاووڵاتیی دیكە سوودمەند بن لە قەرزی بانكی ناوەندیی عێراق".

سەرۆكی رێكخراوی زەرد گوتیشی: "مەرجی سوودمەندبوون لە قەرزی بانكی ناوەندی ئەوەیە، هاووڵاتی عێراقی بێت و فۆڕمی بانكی ناوەندی پڕ بكاتەوە بەپێی ئەو سیستەمەی دانراوە، قەرزەكە لە هەشت ملیۆن دینار دەست پێدەكات تا 20 ملیار دیناری عێراقی و لە رێگەی بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە دابەش دەكرێت".

(شانەدەری) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: " قەرزەكە هەموو كەرتەكان كە سوودی بۆ گشتی هەبێت دەگرێتەوە، هەر لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی و كشتوكاڵ، قەرزی بچووك بەیەك جار پارەكە بۆیان خەرج دەكرێت و ئەوانەشی پارەیەكی زۆرە بە چەند قۆناغێك دەبێت، بڕیارە پڕۆژەكە تا ماوەیەكی درێژ بەردەوام بێت، بەڵام هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان دەتوانن سەردانمان بكەن".

قائید میرۆ