Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆك ئۆلاند: پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گرینگە

 
پاریس-KDP.info-  (سه‌رۆك بارزانی) سوپاسی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا و پشتگیرییەکانی وڵاته‌كی كرد و   (سه‌رۆك ئۆلاند)یش رایگەیاند، پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان گرینگە.
 
سه‌عات 6:15 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ (سێشەممە 21-2-2017) (فرانسوا ئۆلاند) سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
دوای کۆبوونەوەکەیان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، (سه‌رۆك بارزانی) رایگەیاند "من هاتم بۆ ئەوەی پێش هەموو شتێک سوپاسی جەنابی سەرۆک بکەم بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیەی بەرامبەر بە گەلی کوردستان پێشانی دا و لە رۆژی تەنگانەدا بە هاوارمانەوە هات".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "باسمان لە شەڕی داعش و چۆنیەتیی هاوکاری یەکدیمان کرد، هەروەها ئەوان چۆن پشتیوانیی پێشمەرگە بکەن".
 
لەبارەی بۆچوونی سەرۆکی فەرەنسا، (سه‌رۆك بارزانی) گوتی "گفتوگۆکانمان زۆر دۆستانە بوو، زۆریش نزیک بووین لە یەکدی".
 
(فرانسوا ئۆلاند) سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی کۆبوونەوەکەوه‌ رایگەیاند "من خۆم چوومە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ، ئەو شوێنانەی کە پێشمەرگە ئازادی کردوون ئێستا ئارامی و ئاسایشێکی تەواویان تێدایە. داوام لە (سەرۆک بارزانی) کردبوو تاوەکو بێتە فەرەنسا و پشتگیریی خۆمانی بۆ دەربڕین". 
 
لەبارەی سەردانەکەی (سه‌رۆك بارزانی)، (فرانسوا ئۆلاند) گوتی "ئێوە دەزانن کە ئێمە پەیوەندییەکی کەسییش لە نێوان ئێمەدا هەیە، بۆیە زۆر خۆشحاڵم کە لێرە پێشوازیم لێ کرد". 
 
لەبارەی هەڵوێستی فەرەنسا لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان، سەرۆکی فەرەنسا گوتی "لەسەر شتێک کە هێشتا نەبووە قسە ناکەم، بەڵام ئەوەی گرینگە پاراستن و ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە. من لە 2014 ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان لە شەڕدا بوو سەرانی ئەوێم کرد، بۆیە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکەین".
 
(ئۆلاند) گوتیشی "لە دەستپێکی شەڕی داعش پێشمەرگە رۆڵێکی گرینگی لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بینی. ئێستایش هێزەکانی سوپای عێراق خەریکی شەڕکردنن لە دژی داعش، ئێمەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پشتیوانیی ئەو هێزانە دەکەین تاوەکو گورزێکی کوشندە لە داعش بدەین".
ئەوە یەکەم سەردانی (سه‌رۆك بارزانی) نییە بۆ کۆشکی ئێلیزێ، لە مانگی شوباتی ساڵی 2015 یشدا سەردانی فەرەنسای کرد و لەگەڵ (فرانسوا ئۆلاند)دا کۆ بووەوە.   
 
ئەوەش دوای ئەوە هات، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 دا دوای هێرشی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، (فرانسوا ئۆلاند) وەک یەکەمین سەرۆککۆماری وڵاتان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ (بارزانی) کۆ بووەوە. 
 
بۆ دووەمجاریش رۆژی دووشەممە 2-1-2017  (فرانسوا ئۆلاند) بە یاوەریی شاندێكی حكوومەتی فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێ كرا. 
 
سه‌رچاوه‌- ڕووداو