Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ساڵیادی یه‌كیێتیی لاوان و قوتابیان پیرۆز ده‌كات

ھەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یادی دامەزراندنی رێكخراوی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پیرۆز دەكات و ڕایده‌گه‌یێنێ، هاوشان له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌سه‌ر تیرۆردا، هەردوو رێكخراوە تێكۆشەرەكە رۆڵێكی یەكجار زۆریان بینی لەم سەركەوتنەدا، كە جێگەی رێز و شانازی میللەتەكەمان و سەرجەم جیهانی ئازادە.

ده‌قی په‌یامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان:
بەرێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و كادیرانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان

بەرێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و كادیرانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان

   لە بیرەوەریی 64ەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەرێز و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی هەردوو رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان دەكەین.

   بێگۆمان، دامەزراندنی ئەم هەردوو رێكخراوە لە ساڵی 1953دا بۆ حیكمەت و بیرتیژیی بارزانیی نەمر دەگەڕێتەوە، وەك زەروورەتێكی میژوویی لە پێناو كۆكردنەوەی قوتابیان و لاوان و پەرەپێدانی كاری رێكخراوەییدا.

   خەبات و قوربانیدان وگیانفیدایی نەپساوی قوتابیان وەك سەری رم و لاوانیش وەك شوورەی پۆڵایین لە سەنگەرەكانی كوردایەتیدا، بە پیتی زێرین لە مێژووی بزافی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا تۆمار كراوە.

   مایەی شانازییشە ئەو دوو رێكخراوە بەسەدان سەركردە و كادیری ژیر و بەتوانا پێگەیاندووە، هەروەها رۆلێكی كاریگەر و راستەوخۆشی بینیوە لە داڕشتنی سیاسەت و بەرێوەبردندا.

   پەرلەمانی كوردستانیش لە سۆنگەی بڕوای بە مافە پیشەیی و دیموكراسییەكانی خەباتی رێكخراوەیی بە گشتی و قوتابیان و لاوان بە تایبەتی، لە دانیشتنی 19/9/1999دا بڕیاری ژمارە (10)ی پەسەند كرد، كە رۆژی 18ی شوباتی هەموو سالێكی بە رۆژی قوتابیان و لاوان ناوزەد كرد.
ئەمرۆیش كە ساڵیادی دامەزراندنی ئەم دوو رێكخراوە بەرز رادەگرین، دیارە هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی تر دەڕوات و ناوچەكە بە گشتی لە هەلومەرجێكی سەخت و هەستیاردا تێدەپەرێت، بەتایبەتیش كە هێزی پێشمەرگە لەبری جیهانی ئازاد و دیموكراتدا سەركەوتنێكی گەورەیان لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعشدا تۆمار كرد و، هەردوو رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان رۆڵێكی یەكجار زۆریان بینی لەم سەركەوتنەدا، كە جێگەی رێز و شانازی میللەتەكەمان و سەرجەم جیهانی ئازادە، هەروەها خەباتی ئێوەی خۆشەویست لە ئاست هەموو بەرپرسیاریەتییەكاندا دیار و بەرچاوە.

جارێكی تر پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان