Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی شنگال: به‌شێك لە ئێزدییه‌ ڕفێندراوه‌كان براونه‌ته‌ کەنداو، پاکستان و ئەڤغانستان

شنگال-KDP.info-  قایمقامی قەزای شنگال ئاشكرای كرد، بەشێک لە کچ و ژنانی ئێزدی بردراونه‌ته‌ وڵاتانی کەنداو و پاکستان و ئەڤغانستان.

(مەحما خەلیل) قایمقامی شنگال بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "دەنگی خۆمان گەیاندە ھەموو جیھان بۆ ئەوەی کەسوکاری ئێمە رزگار بکرێن، بەڵام نەکرا''، وه‌ك (خه‌لیل) ده‌ڵێ، ئەم هه‌ر لەبەر ئەوەیه‌ كه‌ ئێزدی و کوردن، گوتیشی ''هێشتا 3600 کەس لە کوردانی ئێزدی لە دەستی داعشدا ماون، نزیکەی500 لەوانەش کچ و کوڕن و تەمەنیان لەنێوان 13بۆ14ساڵیدایە؛ لەلایەن داعشه‌وه‌ مەشق و راھێنانیان پێ کراوە و پەروەردە کراون بۆ ئەوەی کردەوەی تیرۆریستییان پێ ئەنجام بدەن، خۆی پێش رزگارکردنی مووسڵ ھەزارو200 کوردی ئێزدی لە ومووسڵ ھەبوون، كه‌چی له‌به‌رئه‌وه‌ی
ھەندێک لایەن نایانەوێت کوردانی ئێزدی رزگار بکرێن، چونكه‌ ترسیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی بەڵگە ئاشکرا نەبن.''

ئاماژه‌ به‌وه‌ی كه‌ کچ و ژنی ئێزدی برداون بۆ ئەو وڵاتانە، قایمقامی شنگال باوه‌ڕی وایه‌، ''كاتێك به‌ڵگه‌ی ڕفاندن و فڕۆشتن و كڕین به‌ ئێزدیانه‌وه‌ ڕوون ببێته‌وه‌، ئه‌وا زۆر دەوڵەت تووشی کێشە دەبن، ئینجا وڵاتانی کەنداو بن یاخود پاکستان و ئەڤغانستان، جگەلەوەش نایانه‌وێ ھەنگاوه‌كانی بەجینۆسایدناساندنی تاوانی دژ به‌ ئێزدیان سه‌رنه‌كه‌وێ، لەبەرئەوەی ئەم دەستدرێژییە دەبێتە بەڵگەیەک و دەبێتە هۆی ئه‌وه‌ی ئەوانیش به‌ره‌وڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌.''

(مەحما خەلیل) هه‌روه‌ها گوتی، به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵ، داوایان له‌ سوپای عێراق كردووه‌ بۆ ئەوەی ئێزدییه‌ ڕفێندراوه‌كان رزگار بکەن، بەڵام نیوەی مووسڵ رزگار کرا كه‌چی كه‌سیان بۆ رزگار نەکردوون. به‌ نیگه‌رانشه‌وه‌ گوتی ترسمان هه‌یه‌ له‌وه‌ی ڕه‌ققه‌ی سووریایش رزگار بکرێ، كوڕ و كچانی ئێزدی ئازاد ناکرێن، ''لەبەر ئەوەی بردارون بۆ وڵاتانی دیکە.''

بڵند ئیبراھیم