Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کەلوپەلی روفاتی ئەنفالکراوان دەگەڕێندرێتەوە و ده‌پارێزرێن

هه‌ولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕەبەکۆمەلەکان لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان ده‌ڵێت، چەند کاروانێک لە کەلوپەلی روفاتی ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان گەڕێندراونەتەوە کوردستان و، بڕیاریش وایه‌ چەند کاروانێکی دیکەش بگەڕێندرێنەوە و لە مۆزەخانە بیانپارێزین. لەبارەی لەناوچوونی گۆڕێکی بەکۆمەڵی بارزانییەکانیش لە ناوچەی عەفەک دەڵێ، لەگەڵ (ئەدھەم بارزانی) بەدواداچوونیان بۆی کردووە و ئەمەی بڵاو بووه‌تەوە گۆڕستانی بارزانییەکانە نەک گۆڕی بەکۆمەڵ.

(پەروین نووری) بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "دوای بڵاوبوونەوەی زانیاری لەبارەی ھەبوونی گۆڕێکی بەکۆمەڵی بارزانییەکان لە باشووری عێراق، لەلایەن ئێمەوە بەدواداچوونی بۆ کرا و بەڕێزان (شێخ ئەدھەم بارزانی) و دکتۆر (محەمەد ئیحسان)یش ھاوکار بوون لەو پرسەدا، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەمە گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفال نییە، بەڵکو ئەو گۆڕە لە ناوچەی عەفەک گۆڕستانی بارزانییەکانە، ئەویش دوای ئەوەی رژێمی بەعس دوای رێكکەوتنی جەزائیر ژمارەیەک خێزانی (بارزانی)انی نەفی کردوون بۆ شاری عەفەک و بارزانییەکانیش ئه‌وكات گۆڕستانیان بۆ مردووەکانیان دروست کردووه‌.''

بەڕێوەبەری گۆڕەبەکۆمەڵەکان ئاماژەیشی دا ''دوای ھەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق، دۆسیەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان رادەستی دەزگای شەھیدانی عێراق کراوە، لە سەردەمی وەزارەتی مافی مرۆڤ ژمارەیەک زۆری کەلوپەلی شەھیدانی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان کەوتە ژێر دەستی دەزگای شەھید، هه‌ڵبه‌ت پێشتر کەلوپەلی روفاتی بارزانییەکانمان گەڕاندەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، دوێنێیش کاروانێکی دیکەی کەلوپەلی روفاتی ئەنفالی گەرمیانمان گەڕاندەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و، بڕیارە لە شوێنێکی شایستەدا ئەرشیڤ بکرێن.''

(پەروین نووری) گوتیشی "دەزگای شەھیدی عێراقی زۆر ھەوڵی دا کەلوپەلی روفاتی ئەنفالکراوان ھەر لە بەغدا و لە مۆزەخانەی نیشتیمانی بمێنێتەوە، بەڵام ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان بەو داوایە رازی نەبووین، چونکە ئەم کەلوپەلانە سەروەتی نیشتیمانیی خەڵکی کوردستانن، پێویستە لە مۆزەخانەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزین، دیاره‌ ھێشتا چەند کاروانێکی دیکەش ماون بڕیارە بیانگەڕێنینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.''

قائید میرۆ