هەولێر-KDP.info- ئاوارەکان لە کەمپەکاندا بە هیواوە لە داهاتووی ژیانی خۆیان دەڕوانن، لە ناو کەمپەکاندا و هاوكات لهگهڵ سەختیی بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان، بەهۆی هەوڵ و ماندووبوونی کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێدی ژیانەوە لە دڵی دانیشتوانی کەمپەکاندا درووست بووە.
لە کاتێکدا کە رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئاوارەکان رووی لە زیادبوونە، بەشێک لە ئاوارەکان بیر لە داهاتووی ژیانی خۆیان دەکەنەوە و بە ئومێدەوە لەو داهاتووە دەڕوانن، ئهمڕۆ 16/2/2017، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاهەنگێکی کەموێنەی بۆ دوو لاوی ئاوارەی کەمپی خازر ساز دا کە بڕیاریان دابوو ژیانی هاوبەش لەگەڵ یەکتری پێک بهێنن.
لە ئاهەنگەکەدا بە سەدان ئاوارە و کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوەکانی دیکەی ناو کەمپەکە بەشدار بوون و، هەرکەسێک بە شێوەیەک خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دوو لاوە دەر دەبڕی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی چالاکییەکانی بۆ درووست کردنەوەی ژیانێکی ئارام و دوور لە کەموکوڕیە بۆ ئاوارەکانی کەمپەکان و هەربۆ ئەو مەبەستەش ئاهەنگێکی بێوێنەی بۆ ئەو دوو گەنجە پێکهێنا.
وەکوو هەموو ئاهەنگەکانی دیکەی هاوسەرگیری، سەرەتا بووک و زاوا لە ئارایشتگایهكدا جوانکارییان بۆ کرا و پاشان هاتنە نێو کۆڕی ئەو خەڵکانەی بەمەبەستی پیرۆزبایی و خۆشی دەبڕینییان بۆ دوو لاوەکە لەوێ کۆ ببوونەوە، دوای سهعاتێك ئاهەنگەکە کۆتایی پێهات.