Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دهۆك.. لەسەر سوكایەتیكردن بە ئاڵا، سكاڵا لەسەر هەڵسووڕاوێكی گۆڕان تۆمار دەكرێت

 

دهۆك-KDP.info- بەرپرسی گشتیی دەزگای پاراستنی ئاڵا لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، لە بەرانبەر ئەو بێڕێزییەی كە هەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان بە ناوی (رۆستەم حاجی سلێمان) دانیشتووی تاراوگە دەرهەق بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان كردوویەتی‌، لە دادگای دهۆك سكاڵا لە دژی تۆمار دەكەن.

 

(پاڵەوان شێخ مەمی)، بۆ‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەكو نووسینگەی گشتیی دەزگای پاراستنی ئاڵای كوردستان، ئەمڕۆ لە دادگای دهۆك سكاڵا لە دژی ئەو هەڵسووڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان بە ناوی (رۆستەم حاجی سلێمان) تۆمار دەكەین، تا بخرێتە بەردەم‌ دادگا كە بێڕێزیی بەرانبەر خوێنی شەهیدان و هاووڵاتیان كردووە".

بەرپرسی گشتیی دەزگای پاراستنی ئاڵا لە هەرێمی كوردستان گوتیشی: "سكاڵاكە لە رێگای دادگای دهۆكەوە دەچێت بۆ ئەو شوێنەی كە ئەو كەسەی لێ نیشتەجێیە، ئینجا لە دەرەوە بێت یان لە ناوخۆی هەرێم، سكاڵاكە دەچێتە دادگای ئەو شوێنە".

(شێخ مەمی) زیاتر گوتی: "تۆماركردنی ئەو سكاڵایە بۆ ئەوەیە تاوەكو هیچ كوردێكی تر ئەو بێڕێزییە دووبارە نەكاتەوە، كە سوكایەتیی بە ئاڵای پیرۆزی 40 ملیۆن كورد كردووە، پاشانیش ئەو حیزبە سیاسییەی كە حیزبی گۆڕانە، هەروەها (یوسف محەممەد) كە وێنەی خۆی لەگەڵ ئەو كەسە بڵاو كردووەتەوە، پێویستە هەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن بەرانبەر ئەو كەسەی كە ئەم بێڕێزییەی بەرانبەر ئاڵای پیرۆزی كوردستان كردووە".

دەشڵێت: "بەیاننامیەكمان دەبێت كە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەنێرین".

نەشوان بەرزنجی