Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزه‌ران له‌باره‌ی بێڕێزیی هەڵسوڕاوه‌که‌ی گۆڕان بە ئاڵا، ده‌ڵێن: ده‌بێ بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لەسەر ئەو کەیسە یەکلا بکاتەوە


هەولێر-KDP.info-  هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان سوکایەتیی بە ئاڵای کوردستان کرد و، سەرۆکی لقی سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیش دەڵێ، کەیسەکە لەلای داواکاری گشتی دەجووڵێنرێت.

(ڕۆستەم عەزیز سلێمان) هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە تێیدا سووکایەتیی بە ئاڵای کوردستان دەکات. پێشتریش ئه‌م (ڕۆستەم عەزیز سلێمان)ه‌ی هەڵسوڕاوی گۆڕان لە بەریتانیا و لە کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕاندا لە لەندەن داوای لە (نەوشیروان مستەفا) کرد، گۆڕان دەزگایەکی جاسووسی دروست بكات و 10 کەسی وەک ئەو بنێرێتەوە کوردستان، تاكوو هەرکەسیان بوێت بۆیان بکوژێ. هەر ئەو (رۆستەمە) ئەمڕۆ تف لە ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەکات، کە سەدان پێشمەرگە لە پێناو بەرزڕاگرتنی ئەم ئاڵایە گیانی خۆیان کردووه‌تە قوربانی.

له‌مباره‌یه‌وه‌ (ئەیاد کاکەیی)، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''هەموو تاکێکی خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی سكاڵا لەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان بکات و، لە حاڵەتێکی ئاوادا دەبێ یەکسەر داواکاری گشتی ئاگادار بکرێتەوە، چونکە ئەوە هێمای نەتەوەییی گەلی کورستانە و لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر دراوە.''

(کاکەیی) گوتیشی: ''بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەگەری سکاڵای داواکاری گشتی ئاگادار دەکرێتەوە و، دەبێت پێش ئاگادارکردنەوەی لەلایەن داواکاری گشتییەوە، خۆی لەسەر ئەو کەیسە یەکلا بکاتەوە.''

هه‌ر دوای سوکایەتیی بە ئاڵای کوردستان، کەمپینێک لەسەر ئاستی کوردستان بۆ بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان ڕاگەیەنرا و، بڕیارە کەمپینەکە نامەیەک ئاراستەی پەرلەمان و لایەنە پێوەندیدارەکان بکات.
(نیاز حاجی) ئەندامی کەمپینی بەرزڕاگرتنی ئاڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویستە دامودەزگا یاسایییەکانی کوردستان بێنه‌ ده‌نگ و، دەبێ بزووتنەوەی گۆڕان ناچار بکەن داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکات و خۆی لەو هەڵسووڕاوەی بزووتنەوەکە بێبەری بکات، تا ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە. بەپێچەوانەوە دەبێ ڕێوشوێنی یاسایی به‌رانبه‌ر به‌ بزووتنەوەی گۆڕان بگیرێتەبەر.''

ئاماژه‌ به‌وه‌ی كه‌ پێشتریش له‌ لایه‌ن هه‌ڵسوڕاوانی گۆرانه‌وه‌ بێڕێزی به‌ پێشمه‌رگه‌ش كراوه‌ و ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نییه‌ هه‌ڵسوراو و چالاكوانانیان لێدوان و ڕه‌فتاری دژ به‌ سیمبوله‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان بده‌ن، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی کەمپینی بەرزڕاگرتنی ئاڵا باوه‌ڕی وایه‌: ''کاتێک هەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان سوکایەتیی بە ئاڵای کوردستان دەکات و تفی لێ دەکات، بزووتنەوەکەش هیچ هەڵوێستێک دەرنابڕێت، ئەوە مانای ئەوەیە بزووتنەوەکە خۆی ئەو کارەی کردووە. ئاخر ئاڵا لای ئەوان لە پارچەپەڕۆیەک زیاتر نییە و، لای ئەوان شتێک بە ناوی نەتەوە و ڕەمزی نەتەوەیی نییە. ئەوان بۆ شکاندنی شکۆی نەتەوە دروست کراون.''


هه‌رچی پارێزەر (بەختیار حەیدەر)ه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌یه‌ كه‌، ئەگەر ئەوە لە هەر وڵاتێک بکرێت، ''دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانییەوە'' و ناکرێ ئەو پرسە چاوپۆشی لێ بکرێت.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ بۆ ماڵپه‌ڕی ه‌فرمیی پارتی گوتیشی، ''جگە لەوەش دەبێ ئەو حزبە سیاسییەی ئەو کەسەی پێگەیاندووە، بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردن بکات، چونکە حزبی سیاسیی کوردستان، لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان و پێشمەرگەدا دەتوانن کاری خۆیان بکەن.''

کارزان سەباح