Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەقی ڕاپۆرتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تایبەت بە هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی

هەولێر-KDP.info-  دوابەدوای فەرمانی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 10ـی 2ـی 2016 بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان ماوەی ساڵێكە كار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆسەكە دەكەن.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ بەرچاوڕوونیی ڕای گشتی و ئاگاداربوونی هاووڵاتیانی كوردستان ڕاپۆرتی دەرئەنجامی پڕۆسەكە لە ماوەی یەك ساڵدا بڵاو دەكاتەوە. ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاپۆرتی تایبەت بە هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازییە كە لە پێشەكی و نۆ تەوەر و بەشی كۆتایی پێكهاتووە:

ڕاپۆرتی سەرۆكایەتیی هەرێم تایبەت بە هەنگاوەكانی چاكسازی

پێشەكی
لە ڕێكەوتی 10/2/2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند خاڵێكی گرنگی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی بڵاوكردەوە، لە ماوەی مانگی ئاداری ساڵی 2016 بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدران و نەخشەڕێگای كاركردن خرایەڕوو، لە دەستپێكی پڕۆسەكە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نزیكەی (100) دۆسیەی بۆ لێكۆڵینەوە داوەتە دەستەی دەستپاكی و دۆسییەكان و بە پێی تایبەتمەندی دابەش كران بەسەر لایەنە پەیوەندیدارە دادوەرییەكان.
بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، (3) سێ لیژنەی تایبەت بە (زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی) و (دەرمان و پێداویستی پزیشكی)، و (وەزارەتی پێشمەرگە و سلكی سەربازی) پێكهێنران، ئەندامانی لیژنە لەسەر بنەمای شارەزایی و دەستپاكی لە سەرجەم شارەكانی كوردستان دیاری كران بەبێ ڕەچاوكردنی لایەنی سیاسی و حزبی.
لە هەمان كات و لە مانگی شوباتی ساڵی 2016، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات، دەستی كرد بە دەركردنی كۆمەڵێك بڕیار و پێكهێنانی كۆمەڵێك لیژنە. هەروەها هەنگاوەكانی شەفافیەت لە بواری گشت پرۆسەكانی نەوت و گاز لە ڕێگەی وردبینی سەربەخۆ لە داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز بە هەموو وردەكاریەكانییەوە دەستی پێكردووە و خەرجییەكانی بەكاربردن بۆ نیوە زیاتر كەمكراونەتەوە و داهاتەكانیش ڕێكخراونەتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی پلاندانان بە هاوكاریی بانكی نێودەوڵەتی نەخشەڕێی چاكسازیی ئابووری ڕاگەیاند. لە هەمان كاتدا وەزارەتی دارایی  و ئابووری بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمەڵێك ڕاوێژكاری بیانی و ناوخۆ بەرنامەی چاكسازی لە كەرتی دارایی گشتی و سیستەمی بانكی دەستپێكرد.
دواتریش سیستەمی بایۆمەتری بۆ تۆماركردنی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە مەدەنی و سەربازی و ئاسایش ڕاگەیەندرا. هەریەك لە دامەزراوەكانی ئەنجومەنی دادوەری و دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێری دارایی و داواكاری گشتی، هەریەكەو بە پێی تایبەتمەندیی خۆی بە شێوەیەكی كارا لە پڕۆسەكە بەشداربوون، و سەرەڕای ئامادەكردنی ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ڕای گشتیی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە ئەم پڕۆسەیە بەردەوامه و دامەزراوە تایبەتمەندەكانی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی خاڵەكانی دیكەیش بەردەوام دەبن.
لە چوارچێوەی ئەم ڕاپۆرتەدا، پوختەی ئەو هەنگاوانە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو كە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشی ئەنجامیان داون:

تەوەری یەكەم:
نەوت و داهات و خەرجییە گشتییەكان


یەكەم: پەرەپێدانی شەفافیەت لە ڕێگەی وردبینیی سەربەخۆی داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان
ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنی هەرێمـی بۆ كاروباری نەوت و گاز بە بڕیاری ژمارە (73) لە ڕێكەوتی 3/2/2016، ئەنجوومەنی هەرێمـی ڕاسپارد بۆ بەستنی گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی سەربەخۆی باوەڕپێكراوی تایبەتمەند بۆ وردبینیی ناوخۆیی سەرجەم قۆناغەكانی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و مامەڵەكردن و هەناردەكردن و شایستەداراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمـی كوردستان و بەرهەمەكانیان، چ لەناو بازاڕی ناوخۆ یان لە ڕێگەی بۆڕیی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری (جیهان) بە داهات و خەرجییەكانەوە لە سەرەتای دەستپێكردنی چالاكییەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و بە بەردەوامی. بە بڕیاری ئەنجومەنی هەرێمی ژمارە (439) لە 5/5/2016، بڕیاردرا كە دەستنیشانكردنی ئەو دامەزراوەیەی كە وردبینی ئەنجام دەدات لەناو باشترین كۆمپانیاكانی وردبینیكردنی نێودەوڵەتی.
پڕۆسەی تەندەر، لەلایەن ئەنجوومەنی هەرێمـی بۆ كاروباری نەوت و گاز ڕێكخراوە لەپێناو دیاریكردنی باشترین و گونجاوترین ئۆفەر لەڕووی تەكنیكی و داراییەوە. بۆیە لە ڕێكەوتی 5/10/2016 ئەنجومەنی هەرێمی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (Deloitte) ئیمزاكرد. هەروەها لە ڕێكەوتی 30/11/2016 ئەنجومەنی هەرێمی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (E&Y) ئیمزاكرد.
پڕۆژەی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ وردبینی سەربەخۆی داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز سەرجەم پڕۆسەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هیچ بوارێك بەدەر نەكراوە ئەویش بەم شێوەیە: پرۆسەی بەرهەمهێنان، پاڵاوتگە و بەرهەمە نەوتییەكان، ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، فرۆشتنی نەوتی خاو لەسەر ئاستی بازاڕی ناوخۆ، نەوتی هەناردەكراو لە ڕێگەی بۆری هەناردەی هەرێمی كوردستان - جەیهان، هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی تەنكەر، شایستەداراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان، ئەو پاداشتانەی ئیمزاكردنی گرێبەست و بەرهەمهێنان كە لە كۆمپانیا نەوتییەكان وەرگیراوە و وردبینی خەرجییەكانی سەرجەم ئەم بڕە پارانە، ژمێرە حسابییەكانی داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز لە بانكەكانی ناو هەرێمی كوردستان و دەرەوەی، پڕۆسەكانی پەیوەندیدار بە بۆڕیی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان. یەكێك لە كۆڵەگەكانی سەركەوتنی پڕۆژەی وردبینیكردن، خستنەڕووی داتا و زانیارییە سەبارەت بە گشت پڕۆسەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان، وەك لە بڕگە و خاڵەكانی پێشووتر ئاماژەی پێدراوە. بۆ ئەم مەبەستە، پۆرتاڵێكی ئەلكترۆنی دامەزرێنراوە كە سەرجەم دۆكیومێنت و گرێبەست و ڕاپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەكان و داتا و زانیاری نوێكراوەی ڕۆژانە لەخۆدەگرێت بەوانەی پێشووشەوە لە ساڵی 2003 بەدواوە.
لەدوای پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی دەرئەنجامی وردبینی لەلایەن هەردوو كۆمپانیای وردبینیی ئاماژەپێدراو بۆ ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز، پوختەی ڕاپۆرتەكە دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی لەگەڵ بەجێگەیاندنی ڕێكاری پێویست لەسەر ڕاسپاردە و دەرئەنجامەكانی هاتوو لە ڕاپۆرتەكەدا. هەر بۆ ئەم مەبەستەیش، ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەرنامەی دامەزراندنی گرووپی بەدواداچوونی هەیە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی وردبینیی نەوت و گاز بە مەبەستی ئاگاداربوونی خەڵكی كوردستان لە پێشڤەچوونی كار و چالاكییەكانی پڕۆژەكە و بەربەستەكانی, پلانی داهاتوو بریتییە لە وردبینیكردنی سەرجەم داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2017.
بۆ ئەم مەبەستەیش هەماهەنگی كراوە لەگەڵ دەستەیەكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بە ڕەچاوكردنی سەربەخۆیی دیوانی چاودێری بەپێی یاسای دیوانی چاودێری دارایی.

دووەم: باج
پڕۆسەیەكی ئیجرائات و لێپرسینەوە دەستی پێكردووە و چەند لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراون و چەند كەسێكیش ئیحالەی دادگا كراون، و گۆڕانكاریی كارگێڕیی زۆریش كراون. بە هۆی ئەم ئیجرائاتانەوە، بە سەدان ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە.
•     بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی هەرێمیی نەوت و گاز ژمارە (4452) لە 25/10/2016، باج لە كۆمپانیاكانی نەوت و گاز وەردەگیرێت كە پێشتر نەبوو.
•     هیچ جۆرە ئیستسنایەك و بەخشینێك لە باج نەماوە و دەسەڵاتی خەمڵاندنی باجیش لە موخەمینی باج ستێنراوەتەوە و ڕێژەی جێگیر دانراوە.
•     باج لە سەر زەوی بە تاڵ و باجی سەر پزیشكان و دەرمانسازان و زێڕینگران و باج بە سەر فەرمانبەرانی بیانی و باجی خانووبەرەی میری بە تەواوی ڕێكخراوەتەوە و ئەمەش كاریگەریی دەبێت لە سەر داهاتی گشتی.
•     كێشەی ئەو میزانییە خیتامییەی كۆمپانیاكان كە ژمێریارانی یاسایی ئامادەیان دەكرد هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی داهات بوو، چونكە ‌بە پێی میزانییەكە هەمیشە كۆمپانیاكان لە زەرەردابوون و زۆربەی ئەو میزانییانە نادروست بوون. بۆیە ڕێنمایی نوێ دەركراوە كە هەر میزانیەیەك كەموكوڕی و زانیاری هەڵەی تێدابێت، ئەوا لە ڕێگای دادگاوە ئەم كەیسانە یەكلایی دەكرێنەوە.
•     سەبارەت بەو كەس و كۆمپانیایانەش كە باج نادەن، ئەوا بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت تا سنووری بڕیاری قەدەغەكردنی سەفەر لەسەریان كە یاسا ڕێگەی داوە.

سێیەم: كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان
لە دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی 2014، ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (1018) لە 11/2/2014 بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی خەرجییەكانی كڕینی شمەك و دابینكردنی خزمەتگوزاریی و چاككردنەوە بە ڕێژەی 70% و كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكانی تر بە ڕێژەی 50%، لەگەڵ ڕەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتی هەندێك لەو وەزارەتانەی كە خزمەتگوزاریی گشتی پەیوەندیدار بە بژێوی ڕۆژانەی هاووڵاتییان پێشكەش دەكەن، وەك تەندروستی و خاوێنكردنەوەی شارەكان و پاراستنی ئاسایشی گشتی و پەروەردە و كارەبا و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی تایبەت بە بەكرێگرتنی خانووبەرە بە ڕێژەی زیاتر لە 50%، و خەرجییەكانی ئۆتۆمبێل و هۆكارەكانی تری گواستنەوە و سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەكانیان بە ڕێژەی 40%، و ڕاگرتنی یەكجارەكی كڕینی كەلوپەلی ناپێویست بەتایبەتی كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ خاوەن وەزیفە باڵاكان، بە جۆرێك كۆی گشتی خەرجییە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013دا (18) ترلیۆن و (700) ملیار دینار بوو، بەڵام لە هەشت مانگی یەكەمی ساڵی 2016دا كۆی گشتی خەرجییە گشتییەكان تەنها (5) ترلیۆن و (34) ملیار دینار بوو، سەرەڕای ئەوەی كە كورتهێنانی بودجە بە رێژەی 80% دابەزیوە، لەكاتێكدا كورتهێنان لە ساڵی 2014دا شەش ملیار و نیو دۆلار بوو لە یەك ساڵدا، بەڵام لە ساڵی 2016 بووە یەك ملیار و سێسەد ملیۆن دۆلار. لەلایەكی دیكە، خەرجییەكانی  كارەبا لە كڕینی گازوایل بۆ وێستگەكانی كارەبا بووە بە سفر، لەكاتێكدا لە ساڵانی پێشوو، ساڵانە نزیكەی لە نێوان (2) بۆ (3) ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەلایەن كەرتی تایبەت خەرج دەكرا. سەرەڕای كەمكردنەوەی هەندێك خەرجی تر وەك خەرجییەكانی بەچاپگەیاندنی كتێب لە وەزارەتی پەروەردە بە نموونە.
هەروەها لەژێر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان، بابەتی شاند و سەفەری فەرمانبەران كە بارگرانییەكی زۆری لەسەر بودجەی حكومەت دروست كردبوو ڕێكخراوە، و وەزارەتی دارایی و ئابووری وەكو لایەنی پەیوەندیدار ڕاسپێردرا بۆ دەركردنی كۆمەڵێك ڕێكاری گونجاو كە شاند و سەفەری فەرمانبەران لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم ڕێكبخات، و لە كاتی ئێستادا كار بە ڕێنمایی نوێ دەكرێت.

چوارەم: زیادكردنی داهاتە گشتییەكان
بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی داهاتە گشتییەكان لە هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی زیادكردنی گومرگ و باجەكان و سزا داراییەكان و ڕەسم و كرێی خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستان و چاكسازی لە پڕۆسە و میكانیزمی كۆكردنەوەی ئەو داهاتانە، لەسەر ئاستی گومرگەكان, ڕێكخستنەوە بۆ (530) پێناسەی گومرگی بە ئاڕاستەی ئاسانكاری و برەوپێدانی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكان كراوە، سەرەڕای پیادەكردنی سیستمێكی ئەلكترۆنیی نوێ بۆ بەستنەوەی خاڵە گومرگییەكان لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و تۆماركردنی سەرجەم پڕۆسەی گومرگی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان بە شێوەیەكی ئەلكترۆنی لە پێناوی بەرجەستەكردنی شەفافیەت و ئاسانكاری بۆ بازرگانان. ئێستا هەردوو كۆمەڵگەی گومرگی (حاجی ئۆمەران) و (باشماخ) بەم سیستمە نوێیە كاردەكەن، و لە داهاتوویەكی نزیكدا گشت دەروازەكانی تریش دەگرێتەوە.
لە سەر ئاستی ڕسومات، لە سەرجەم وەزارەتەكان ڕێكخستنەوە و گۆڕانكاری بەرچاو لە ڕسوماتەكان كراوە، هەروەها موڵكەكانی وەزارەتی شارەوانی و ئەوقاف سەر لەنوێ جەرد كراونەتەوە و چاوخشاندنەوە بە بەكرێدانەكان كراوەتەوە.

تەوەری دووەم:
وەزیفەی گشتی و سیستەمی تۆماركردنی بایۆمەتری


ئامانج لە‌م سیستەمە بریتییە لە تۆماركردنی سەرجەم مووچەخۆرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سیستمێكی ئەلكترۆنیی بایۆمەتری ناوەندیدا بۆ هەر كەسێك بە بەردەوامی مووچە لە حكومەت وەربگرێت، لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێكدا بێت، پێویستە خۆی لەم سیستەمەدا تۆمار بكات. ئەم پڕۆژە نیشتیمانییە بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆكی حكومەت لە مانگی 11ی ساڵی 2016 بە فەرمی دەستی پێكردووە، بە بەشداری (75) بنكە و زیاتر لە (240) پەنجەرە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و تا سەرەتای مانگی ئازاری 2017 بەردەوام دەبێت. دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان داتایەكی دروستی سەبارەت بە مووچەخۆران دەست دەكەوێت، كە دەبێتە بناغەی پێداچوونەوە بە میلاكاتی كەرتی گشتی. چاوخشاندنەوە و وردبینیكردنی هەموو مووچەكان كە لە ئێستادا زیاتر لە 70% ی بودجەی حكومی بۆ خەرج دەكرێت. هەروەها ئەم سیستەمە، مووچەخۆری وەهمی و نایاسایی و دووبارەی نایاسایی ناهێڵێت، و لە داهاتوویشدا دەبێتە هۆی نەهێشتنی دیاردەی مووچەخۆری بندیوار. ئەم سیستەمە مووچەخۆرانی كەرتی سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگا ئەمنیەكانیش دەگرێتەوە. هەر لێرەوەش، داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەكەین كە خۆیان تۆمار بكەن و هاوكار بن لە سەرخستنی پرۆسەكە. بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە و ڕێگەگرتن لە هەر سەرپێچییەك، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە كە تا سیستەمی بایۆمەتری تەواو دەبێت بە هیچ شێوەیەك لە جێگادانان و لادان و گۆڕانكاری لە میلاكات نەكرێت و هەموو دامودەزگاكانی هەرێمیش بە سلكی سەربازی و ئەمنیشەوە دەبێ بە پێی سیستەمی مەركەزی مووچە وەربگرن، واتە لیستی مووچەخۆران بچێتە خەزێنە ئینجا وەزارەتی دارایی و ئابوورى تەمویلیان بكات.
لەلایەكی دی، بۆ چاكسازی و چارەسەری هەموو كێشەكانی دیكەی پەیوەست بە وەزیفەی گشتی، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە پلە بەرزكردنەوەی نایاسایی و پاسەوانی بەرپرسەكان و دەرماڵەكان و خانەنشینی نایاسایی، لەلایەن حكوومەتی هەرێم هەنگاوی كرداری دەستیان پێكردووە و ڕاسپاردەشمان داوەتە حكومەت كە دەبێ قۆناغ بە قۆناغ سەرپێچییەكان چارەسەر بكرێن.
بابەتی پێدانی پلەی وەزیفی و بەرزكردنەوەی پلەی وەزیفی بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەكان لە دوای دەستپێكردنی ئەو هەنگاوانەی چاكسازی بە هەموو جۆرێك و بۆ هەموو كەسێك ڕاگیراوە و ئەنجام نەدراوە.
ئەوەی پەیوەندیدارە بە سوودمەندانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و هاوكاری كەمئەندامان و بەخشینە كۆمەڵایەتییەكان، ڕێنمایی نوێ دەرچووە بە ئاڕاستەی ڕێكخستنەوەی ئەو بوارانە بەجۆرێك كە تەنها كەسانی شایستە سوودمەند بن لە سەر بنەمای ڕاپۆرتی پزیشكی و هەڵسەنگاندنی باری دارایی و بژێوی سوودمەندان، و لە چوارچێوەی پڕۆژەی ستراتیجی كاروباری كۆمەڵایەتی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی بە بەردەوامی ئەم ڕێنماییانە نوێ دەكرێنەوە، و هەر لەم بوارەدا مووچەی تایبەتی (23) هەزار كەس بڕدراوە كە مەرجیان تیادا نەبووە، سەرەڕای لابردنی ناوی زیاتر لە (20) هەزار كەس كە بەناوی كەمئەندام مووچەیان وەردەگرت و شایستەی نەبوون.

تەوەری سێیەم:
زێدەڕۆیی لە سەر موڵكی گشتی


بە بڕیاری ژمارە (8) لە ساڵی 2016، لیژنەیەكى تایبەت بە بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر زێدەڕۆی لە سەر موڵكی حكوومەت پێكهات، لە ماوەی كاركردنی ئەم لیژنەیەدا كە لە داواكاری گشتیی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو، هەنگاوی باش بۆ سنووردانان لە بەردەم زێدەڕۆیی كاریان لە سەر كراوە.
لە سەرەتای دەستپێكی كارەكاندا، زیاتر لە (20) بیست بەرپرس و فەرماندەی سەربازی و كەسانی دەستڕۆیشتوو لێپرسینەوەی دادوەریان لەگەڵدا كرا، و بە سەدان دۆنم زەوی زێدەڕۆییان لە سەر هەڵگیرا، هەروەها ئەو بەرپرسە كارگێڕیانەش كە لە ئیدارە لە گەڵیاندا هاوكار بوون بۆ ئەنجامدانی زێدەڕۆییەكان دەستگیر كراون و ڕووبەرووی لێپرسینەوەی دادوەری‌ بوون و لە وەزیفەش دوورخرانەوە، بۆ نموونە تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێردا توانرا تا ڕادەیەكی زۆرباش زێدەڕۆیی سنووری بۆ دابنرێت. هیچ كەس حەسانەی بۆ دانەنراوە. وردەكاری ناوی ئەو كەسانەی دەستگیركراون و ئەو زەویانەی زێدەڕۆییان لەسەر لادراوە و بڕی ئەو غەرامە و ئەو پارانەشی كە لێیان وەرگیراوەتەوە لە بەردەستی  لیژنەی چاكسازی سەرۆكایەتی هەرێم دان، بۆ نموونە تەنها لە سنووری قائمقامیەتی ناوەندی هەولێر (103) زێدەڕۆیی لە ماوەی كەمتر لە شەش مانگدا تێكدراون، (257) شوێنی نایاسایی و سەرپێچیكار داخراون لە بەنزینخانە و ڕیستۆرانت و قومارخانە و كارگەی غاز و...هتد. تەنها لە شاری هەولێر (43) بیری پایل لەو ماوەیەدا دەستیان بە سەردا گیراوە، هەموو ئەوانەش كە سەرپێچییان كردووە دراونەتە دادگا.
لە زەوییەكانی بانەوانی (موساتەحە)، هەنگاوی باش نراون و ژمارەیەكی زۆر زەوی موساتەحە كە لە ماوەی یاسایی دەستیان پێنەكراوە وەرگیراونەتەوە و كۆمەڵێك ئیجرائاتیش لەسەر سەرپێچی لەم بوارەدا كراون و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت، و لە ماوەی ساڵی 2017دا بە تەواوی كێشەكانی پەیوەست بە بانەوانی چارەسەر دەكرێن، و دەبێ وەرگرتنی موساتەحە بە زیادكردنی ئاشكرا و بە شێوەیەكی شەفاف و بە پێی ڕێكارە یاساییەكان بەڕێوەبچێت. لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداركراونە‌تەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك گرێبەستی موساتەحە بكرێتە وەبەرهێنان و ناشبێت هیچ موساتەحەیەك تەملیك بكرێت.
بۆ چارەسەری موڵكە داگیركراوەكانی حكوومی و كێشەی زێدەڕۆیی لە سەر زەویى حكوومەت و ڕێكخستنەوەی گرێبەستەكانی موساتەحە، ڕێوشوێنی پێویست گیراونەتە بەر و لە ئایندەیەكی نزیكدا بڕیار و ڕێوشوێنی كرداری و پێویست لەلایەن حكوومەت دەنرێن. لە سەر ئاستی داواكاری گشتیش بۆ ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی زیاتر لە (900) سكاڵای یاسایی دژی سەرپێچیكاران دراونەتە دادگاكان لە هەرێمی كوردستان.

تەوەری چوارەم:
وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و سلكی سەربازی


بە پێی بڕیاری ژمارە (5) لە 21/4/2016، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی تایبەت بە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و سلكی سەربازی پێكهێنا. دوابەدوای دەستپێكردنی كارەكانی لیژنەكە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگی دا، لەوانەش قەدەغەكردنی دووپۆستی لە ناو وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و یەكەكانی (٧٠) و (٨٠) ڕاگەیاندرا. هەروەها لەسەر فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە كرا كە تەواوی ئەو لێژنانەی بۆ كڕینی چەك و كەلوپەل و ئازووقە لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە پێكهێنراوە هەڵبوەشێتەوە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی گرێبەستەكان و فەرمانگەی یاسایی پابەند كران كە پاڵپشت  بە یاسا و ڕێنماییەكانی تایبەت بە بوارەكانی گرێبەست كردن ئەنجام بدەن و دەرفەتی یەكسان بە تەواوی كۆمپانیاكان بدرێت كە لە كەمگەرییەكان (مناقصة) بەشدار بن. هەروەها بریار درا بە پێكهێنانی لێژنەیەك بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و وردبینی لە قەرزەكانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و ڕادەی پێویستی وەزارەت بەو خەرجییانەی كە كراوە.
بۆ یەكخستن و ڕێكخستنی بوارەكانی خانەنشینی پێشمەرگە چەند بڕیارێك درا كە تێیدا داوا لە حكوومەتی هەرێم كرا تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی تایبەت بە خانەنشینی پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە و دۆسیەكانی خانەنشینی تەنیا لە یەك بەڕێوەبەرایەتی كۆبكرێتەوە كه سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی بێت لە وەزارەتی دارایی و ئابوورى،  و بریار درا بە پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەت بۆ پاكتاوكردن و وردبینی لە تەواوی دۆسیەكانی و هەر دۆسیەیەك بە پێی یاسا و ڕێنماییەكان، و خزمەتی پێشمەرگایەتی ڕێكبخرێت و نابێت هیچ خانەنشینكراوێكی نایاسایی هاوتەریب بكرێت لەگەڵ ئەو پێشمەرگە  قارەمان و ئازایانەی كە ژیانی خۆیان بۆ ڕزگاری و بەرگریكردن لە وڵاتەكەیان تەرخان كردووە و دەیكەن. ئەم بڕیارانە كەوتوونەتە واری جێبەجێكردن و ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێكردنیان گیراوەتە بەر.
وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە خۆیشی كۆمەڵێك چاكسازی گرنگی ئەنجام داوە. بۆ نموونە، (1566) ئەفسەر و پێشمەرگە لە بارەگای وەزارەت كەمكراونەتەوە، هەروەها چەندین بەش و بەڕێوەبەرایەتی لە ناو وەزارەت كەمكراونەتەوە. بەمەش سەدان ملیۆن بۆ خەزێنەی حكوومەت گەڕاوەتەوە‌. ئەمە وێڕای كەمكردنەوەی خەرجی چاككردنەوەی ئۆتۆمۆبێل و سووتەمەنی. لیژنەیەك سەرلەنوێ بە لیستی كەمئەندامانی سەنگەر دادەچێتەوە و تا ئێستا لە كۆی (867) كەس كە لەلایەن لیژنە پسپۆڕەكەدا بینراون، (253) كەمئەندام ڕێژەی كەئەندامییان هەڵوەشاوەتەوە و سەرجەم ئەو شایستە داراییانەشیان لێوەردەگیرێتەوە كە پێشتر بە ناڕەوا وەریانگرتووە، پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت و سەرجەم كەمئەندامانی سەنگەر جارێكی دیكە پشكنینی پزیشكییان بۆ دەكرێتەوە. هەروەها بڕیار دراوە پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینیی سەربازی بكرێت و چارەسەری سەرپێچییە یاساییەكان بكرێت. سەبارەت بەو ئەفسەر و كارمەندانەی لە هەرێم و بەغدا لە یەك كاتدا دوو مووچەیان وەرگرتووە، تا ئێستا (90) ئەفسەر ئیجرائاتیان لەگەڵدا كراوە و (70) ئەفسەری دیكەش لە ژێر وردبینی دان و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت.
زیاتر لە (12) دۆسیەی گەندەڵی تایبەت بە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە دراونەتە دەستەی نەزاهە و لێكۆڵینەوە لەسەر بەشێكی ئەم دۆسیانە دەستی پێكردوە و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەكان گیراوەتە بەر بەبێ ڕەچاوكردنی پلە و پۆستی سەربازی كە هەڵیان گرتووە. هەروەها پلانی گۆڕانكاری گەورە و گرنگ لە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە لە بەردەست دان و لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێدەكرێن.

تەوەری پێنجەم:
دەرمان


بە بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ژمارە (10) لە ڕێكەوتى 11/7/2016، لیژنەیەكى تایبەت بە كێشەكانی دەرمان پێكهێندرا. لیژنەكە لە ماوەی كاركردنی خۆیدا هەشت دۆسیەی دەرمانی ئامادەكرد و پێشكەشی دەستەی نەزاهە كراون. لیژنەكە گەیشتە كۆمەڵێك ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ بۆ چۆنیەتی ڕێگەگرتن لە دەرمانی قاچاخ و تەزویر، هەروەها ڕێكخستنەوەی كڕینی دەرمان و چارەسەری كێشەكانی كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان....هتد.
لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەنگاوی كرداری دەستیان پێكردووە، بۆ چارەسەری كێشەكانی دەرمان و پێداویستی تەندروستی و بڕیاری پێكهێنانی كۆمەڵێك لیژنەش دەرچووە و بۆ لە مەودواش ئەوانەی لە كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان كاردەكەن و نابێت بە هیچ شێوەیەك لە كەرتی تایبەت كاربكەن. هەروەها بڕیار دراوە كە لە داهاتوودا كڕینی دەرمان بە شێوەیەكی ناوەندی بێت و دامەزراوەیەكی تایبەت سەرپەرشتی و چاودێری كڕینی دەرمان بكات. لەو ماوەیەدا هەوڵدراوە ڕێكار و ئیجرائاتی پێویست بەرامبەر دەرمانخانە و كۆگاكانی دەرمان بگیرێتە بەر كە سەرپێچییان كردووە و بە دەیانیان داخراون و بەشێكیش لە خاوەن دەرمانخانەكان دراونەتە دادگا، تەنها لە شاری هەولێر (101) تەن دەرمان و كەلوپەلی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە.

تە‌وەری شەشەم:
گۆڕانكاری كارگێڕی و هەیكەلیەتی حكوومەت


یەكەم: گۆڕانكاریی كارگێڕی
لەو گۆڕانكاریانەی  لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا كراون، هەوڵدراوە بە پێی پێوەر و مەرج و ساڵانی خزمەت و توانا و لێهاتوویی و پاكی و نەزاهەت و خاڵبەندی و كۆمەڵێك مەرج و بنەمای دیكە بێت، كە سیڤی پێشكەش كراوە و بۆ هەر پۆستێك كۆمەڵێك كەس پێشبڕكێیان لەسەر كردووە، هەوڵدراوە لە گۆڕانكارییەكان هاندان بۆ پۆستە كارگێڕییەكان هەبێت. بۆ نموونە چەند بەڕێوەبەرێكی ناحیە كراونەتە قائمقام، یان یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كراونەتە بەڕێوەبەری گشتی و ئیتر بەم شێوەیە. بۆ هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتی و قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و پۆستەكانی دیكەش لە ئەنجوومەنی وەزیران پێوەری تایبەت دیاری كراوە و ساڵانی خزمەتی وەزیفی و كۆمەڵێك مەرج بۆ هەریەك لەو پۆستانە دیاری كراون. تەنانەت بۆ ئەوانەیش كە ماوەیەكی زۆر لە پۆستەكانیان دەمێننەوە، پێوەری كارگێڕی دیاری كراوە و ئەمەش ئەزموونێكی باشە و ئەو گۆڕانكارییە كارگێڕییانەی لە مەودوا دەكرێن لەسەر ئەو بنەمایانە‌ ئەنجام دەدرێن و پرۆسەی گۆڕانكاریش بەردەوام دەبێت.

دووەم: بچووككردنەوەی پەیكەری حكوومەت
دیراسەیەكی ورد بۆ پێداچوونەوە و بچووككردنەوەی هەیكەلیەتی حكومەت ئامادە كراوە و لە كاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسی كوردستان دەخرێتە بەردەم پەرلەمان. لەلایەكی دی، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ بچووكردنەوەی پەیكەری حكوومەت كە ئەوەیش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران دایە. لە ئەنجامی كارەكانی ئەو لیژنەیە، بە تێكڕا (4212) هۆبە و (1534) بەش و (452) بەڕێوەبەرایەتی كەمكرانەوە. بەم پێیەش زیاتر لە ملیارێك دینار تەنها كرێی بینایە و زیاتر لە دوو ملیار دینار خەرجی كارگێڕی ساڵانە كەم دەبێتەوە.

تەوەری حەوتەم:
ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و  ڕێوشوێنە دادوەرییەكان


یەكەم: ستراتیژی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان
دەستەی دەستپاكی بە هاوكاری لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوەی (وێستمینستەر)ی بەریتانی بۆ دیموكراسی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ستراتیژی نیشتمانی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان لە هەرێمی كوردستان نووسیوەتەوە و ماوەی ستراتیژەكە بە پێنج ساڵ دیاریكراوە و بوارە سەرەكییەكانی ستراتیژەكە بریتیین لە بواری خۆپاراستن و شەفافیەت، جێبەجێكردنی یاسا و بەدواداچوونی دادوەری، هۆشیاری پەروەردەیی و فێركاری و ڕاهێنان و بەشداری كۆمەڵگە، هاوكاری لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان. بۆ هەریەك لەم بوارانەش، پلانی كار دانراوە و لیژنەیەكی باڵاش پێكهێنراوە بۆ چاودێری جێبەجێكردنی ستراتیژەكە. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ستراتیژەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند دەكرێت.

دووەم: دۆسیەكانی گەندەڵی
لە ماوەی ساڵی 2016، كارەكانی دەستەی دەسپاكى بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، لە ماوەی ساڵێكدا (229) زانیاریی گەندەڵی بە دەستەی دەسپاكى گەیشتووە، لەگەڵ (156) هەواڵدەری. لە كۆی ئەمانەدا (191) حاڵەت بوونەتە داوای سزایی و (138) كەیس لە ژێر لێكۆڵینەوەدان، و (50) حاڵەتیش ئیحالەی دادگا كراون.
بە تێكڕا (362) كەس فەرمانی ئامادەبوون و دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و لەم ڕێژەیەدا (301) حاڵەت جێبەجێكراوە. ئەو هێڵە گەرمەش كە لەنێوان دەستەی دەسپاكى و هاووڵاتییاندا كراوەتەوە، چالاكانە كاری كردووە و هاووڵاتییان لە ڕێگای ئەم هێڵەدا بەشدار بوونە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
لە سەر چەكی بانكی و كێشەكانی وەبەرهێناندا كۆمەڵێك ئیجرائاتی دادوەری یاسایی كراون و لێكۆڵینەوە و ئیجرائات لەم دوو بوارەدا بەردەوام دەبن و لە ئایندەدا ئەنجامەكانی بە ڕوونی بە دیار دەكەون. هەروەها دیوانی چاودێری دارایی لە پڕۆسەی وردبینی و پێشكەشكردنی پڕۆژە و تێڕوانیندا ڕۆڵی دیاری هەبووە لە پڕۆسەكە.
لەپێناو سەرخستن و پاڵپشتیكردنی پڕۆسەكە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكدا لە 17ـی 4ـی 2016 گشت وەزارەت و دامەزراوەكانی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە كە ڕێكاری پێویست و ئاسانكاری بۆ دیوانی چاودێریی دارایی بگرنەبەر بۆ ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی ئەرك و دەستەڵاتی بە باشترین شێوە جێبەجێ بكات.

تەوەری هەشتەم:
پلانی ڕیفۆرمی ئابووری و وەزارەتی پلاندانان


ئەم پلانە لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و بانكی نێودەوڵەتی و وەزارەتەكانی دیكەی پەیوەندیدار ئامادەكراوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ وەك نەخشەڕێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕیفۆرمی ئابووری پەسەند كراوە.
ئەو هەنگاوانەی كە تا ئێستا لە سەر ئاستی ئەم نەخشەڕێگایە و وەزارەتی پلاندانان نراون بریتین لە گۆڕینی ڕێنمایی گرێبەستە گشتییەكان بە شێوەیەك كە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكان گونجاو بێت و لە ڕێكەوتی 9/8/2016 كەوتە واری جێبەجێكردن، هەروەها دەركردنی ڕێنماییەكی دیكە تایبەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژە لە سەر بنەمای هاوبەشیكردنی كەرتی گشتی و تایبەت، ئەمەیش لە پێناو بەرەوپێشبردنی كەرتی تایبەت. هەروەها ستراتیژی پاراستنی كۆمەڵایەتی داڕێژراوە بۆ پاراستنی چینی هەژار و كەمدەرامەت، كە تایبەتە بە فەراهەمكردنی بازاڕی كار و خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی و تۆڕەكانی پاراستنی كۆمەڵایەتی. جگە لەمانە، لە چوارچێوەی نەخشەڕێی ڕیفۆرمی ئابووری پڕۆژەی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی (بوودجەی پڕۆژەكانی ژێرخان) تەواوبووە و پەیمانگەی كوردستان بۆ كارگێڕیی گشتی بە هاوكاری حكوومەتی كۆریای باشوور بۆ بەرزكردنەوەی توانا مرۆییەكانی كارمەندانی حكوومەتی هەرێم پێكهاتووە و ڕۆژی 1/7/2017 دەست بە سازدانی خول دەكرێت. هەروەها پلانێكی نوێ داڕێژراوە بۆ تۆماركردنی كۆمپانیاكان كە ئەمەیش لە پێناو فراوانكردنی ڕۆڵی كەرتی تایبەتە.


تەوەری نۆیەم:
گەڕاندنەوەی موڵك و سامان


1. پرۆسەی لێپرسینەوە لە موڵك و ماڵی ئەو بەرپرسانەی بە ناسروشتی و نایاسایی دەوڵەمەند بوونە دەستی پێكردووە و چەندین بەرپرسی باڵا لە كوردستان و بەغدا ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدان و بڕێكی زۆری ئەو سامان و موڵكەی بە ناڕەوا پێكیانهێناوە، لێیان وەرگیراوەتەوە و ئەم پڕۆسەیەش بەردەوام دەبێت.
2. تا ئێستا بە سەدان دۆنم زەویی نایاب لە كۆمپانیا گەورەكان وەرگیراوەتەوە و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت.
3. سەبارەت بەو موڵك و سامانانەی گەڕاونەتەوە و دەگەڕێنەوە، لە پڕۆسەیەكی پاك و شەفاف لەگەڵ لایەنی حكوومیی پەیوەندیدار بڕیاری لێدەردێت كه بۆچی و چۆن بەكاربهێنرێت.
4. لە ئایندەدا وردەكاریی زیاتر لە سەر ئەم پڕۆسەیە بۆ ڕای گشتیی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.

كۆتایی

ئەم هەنگاوانە دەستپێكی كارەكانن و خەڵكی كوردستان مافی ڕەوای خۆیەتی كە چاوەڕوانی هەنگاوی گەورەتر و كاریگەرتر بكات و گرنگە هەموو لایەكمان دوور لە بەرژەوەندیی حزبی سەیری پڕۆسەی چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بكەین و پڕۆسەكە ببێتە پرۆسەیەكی سەرتاسەری و نیشتیمانی و بەردەوام و وەك زەرورەتێكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین. جەختیش دەكەینەوە كە لەم پڕۆسەیەی دەستی پێكردووە، كەس نابێ پارێزبەندیی هەبێت و دەبێ هەموو كەس و لایەنێك بگرێتەوە بەبێ ڕەچاوكردنی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و وەزیفی.
هەموو ئەو چاكسازیانەیش لە كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات و ڕێوشوێنەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گیراونەتە بەر و لەپێناو باشتركردنی ژیان و بژێوی خەڵكی كوردستان ڕێوشوێنەكان بەردەوام دەبێت و دەبێ كاریگەرییان لە سەر گوزەرانی خەڵك هەبێت‌. هەر لێرەوەش جارێكی دیكە سوپاس و ستایشی خۆمان بۆ خۆڕاگری خەڵكی كوردستان دووبارە دەكەینەوە و دڵنیاین لە سایەی خوێنی شەهیدەكانمان و قارەمانێتی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان ئایندەیەكی ڕووناك چاوەڕوانی گەلەكەمان دەكات.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان