سه‌نگه‌ر مسته‌فا
دوای زیاتر له سێ ساڵ، به‌هۆی تاکڕۆیی مالیکی له ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ته هه‌ڵه‌کانی به‌رامبه‌ر کوردستان و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان، که‌لێنێکی گه‌وره‌ی خسته نێوان په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا. ئەمه‌ریکا و وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژی داعش به‌رده‌وام لە هه‌وڵدا بوون که سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به سه‌ردانێکی بۆ به‌غدا کۆتایی بەو دابڕانه زۆرە بهێنێت و به‌سته‌ڵه‌کی نێوانیان بتوێنرێته‌وه، چونکه له ماوه‌ی ئه‌و دابڕانه‌دا، مالیکی و هاوبیره‌کانی لە بەغدا و ئه‌کراده‌كانی مالیکی، ئەو که‌لێنه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان قۆستبوویه‌وه و به پیلانگێڕی و کۆسپ خستنە به‌رده‌م ڕێگا چارەکان بەردەوام بوون و، ده‌یانزانی هه‌وڵه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق، ده‌ستکه‌وتی باش و هه‌نگاوی نوێ و ئامانجی گرینگی به‌دوادا دێت، ته‌نانه‌ت به پیلانێکی ئاڕاسته‌کراو هه‌وڵیان دا شکست به کابینه‌که‌ی عه‌بادی بهێنن و عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببه‌ن.
له کاتێکدا کورد له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو هه‌موو ڕێگاکانی گفتوگۆ و چاره‌ی کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا گرتبووه به‌ر و بێ ئه‌نجام بوون، بۆیه هه‌رێمی کوردستان بیری له قۆناغێکی نوێ له‌گه‌ڵ عێراق کرده‌وه و له دوایین سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا که ئه‌وجاره‌یان جیاوازتر بوو له سه‌ردانه‌کانی پێشووتری و بۆ باسکردنی ڕوانگاکانی سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەموو لایەنە شیعەکانی عێراق، زۆر ڕاشکاوانه پێی گوتبوون: کە تاکه ڕێگه‌ی چارەی کێشەکانی نێوان هه‌ردوولا لە سەربەخۆییی کوردستانە و ئێمە لە مەسەلەی سەربەخۆیی زۆر جیددین و، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی کردبوو بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان و گفتوگۆکردن له‌وباره‌یه‌وه، که بێگومان ئه‌م قسانه لایه‌نه شیعه‌کانی تووشی شۆک و سه‌رسامی کردبوو!
دوابه‌دوای ئه‌و سه‌ردانه، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به شاندێکی باڵای سه‌رکرده سیاسییه‌کانی کوردستان سه‌ردانی بەغدای کرد، له چه‌ند کۆبوونه‌وه و دیداری گرینگی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی سه‌رکرده و لایه‌نه گرینگه‌کانی عێراق جگه له مالیکی، به ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی سه‌رکرده باڵاکانی کوردستان، سه‌رۆک بارزانی بەتایبەت لەسه‌ر پرسی سەربەخۆییی کوردستان دەستی بە قۆناغێکی نوێ لەگەڵ عێراق کردبوو و له هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کان بە ڕاشکاوی نیازی کوردستانی بۆ ڕۆیشتن بەرەو سەربەخۆیی بەشێوەیەکی هێمن و لەسەرخۆ لەگەڵ عێراق تێیگەیاندبوون و باسی لەگەڵ کردبوون.
ئەو سەردانەی سەرۆکی هه‌رێم و شانده‌که‌ی بۆ بەغدا و باسی پرسی سەربەخۆیی و ده‌ستپێکی قۆناغێکی نوێ له‌گه‌ڵ عێراق دیارە لەلایەن شیعه‌کان به گرینگییه‌وه وەرگیرابوو، بۆیه دوور نییه ئەو سەردانەی شاندی باڵای هاوپه‌یمانیی شیعه بۆ کوردستان جۆرێک بێت لە ترسان له‌و قۆناغه نوێیه‌ی بارزانی و گۆڕانکارییه خێراکان و بارودۆخی ئێستای جیهانی، چونکه ئێستا لە عێراق شیعه ده‌سه‌ڵاتداره و بەهەموو شێوەیەکیش هەوڵ دەدەن کە ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و بەرژەوەندییه‌کانیان کە ئەویش بریتییە لە حکوومەت و دەوڵەتی عێراق ببپارێزن.
شاندی باڵای هاوپه‌یمانیی شیعه هاتبوون بڵێن که ئه‌وان لە خەمی کوردستاندان و تێده‌گه‌ن که کورد پشتگوێ خراوه و مافی خوراوه، پێیان وابووه مێژووی هاوبه‌ش و هاوپەیمانەتی و هاوخەباتیی شیعه و کورد لە دژی ڕژێمی سەددام حوسێن و ڕژێمەکانی تر هەمووی وادەکات کە جارێکی تر بەیەکەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن و گوێ لە کورد بگرن و گله‌یی و پێشنیازەکانی کورد بە گرینگی وەربگیرێ و لە چوارچێوەی عێراقدا کورد هەرچی بێەوێت گفتوگۆی لەسەر بکرێ و هەوڵی بۆ بدرێت کە بێتەدی، بەمەرجێک جیابوونەوەی تێدا نەبێ، ئەوان ئامادەن هەموو شتێک قەبووڵ بکەن، بەڵام دەبێت ئەو دڵنیاییە وەربگرن کە کورد نایەوێت جیا ببێتەوە!
له به‌رامبه‌ردا وەڵامی کورد بۆ ئەوان لەلایەن سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان زۆر بەڕاشکاوی ئه‌وه بووه که جارێکی تر ئێمە ناتوانین ئەو ئەزموونەی لەگەڵ عێراق لەماوەی سەد ساڵی رابردوو تاقی بکەینەوە، له پاش ئه‌و هه‌موو غەدرانەی کە حکوومه‌تی عێراقی لە کوردستانی کردووە لە پێش ساڵی 2003و لە دوای بنیادنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ و له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مالیکی، که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به پێی دەستووری عێراقی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان نه‌کرد و مافه‌کانی پێشێل کرد، بیری له‌وه‌ش کردەوە کە کوردستان تووشی ئاستەنگ بکات به دەستوەردانی نێوماڵی کورد ده‌یویست كورد بەشبەش بکات بۆئەوەی حکوومه‌تی کوردستان تووشی کێشە ببێت، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی داعش کە شەڕی مان و نەمان بوو بۆ کوردستان، مالیکی بۆ گوشار خستنه سه‌ر کوردستان بودجەی هه‌رێمی بڕی و، بۆ لەناوبردنی کوردستان هەرچیی له توانایدا بوو به هاوکاریی ناڕاستەوخۆی داعش کردی، ته‌نانه‌ت نەیهێشت چەک و هاوکارییه ماددی و سه‌ربازییه‌کانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لە ڕێگەی عێراقەوە بۆماوەیەکی درێژ بگاتە کوردستان.
بۆیه جارێکی تر کورد ناچێته‌وه بەرده‌م تاقیکردنەوەیەکی نوێ و بەهیچ شێوەیەک کورد لەسەربەخۆیی و نیازی سەربەخۆیی پاشەکشە ناکات و، هەموو ڕێکارە دۆستانە و یاساییەکان دەگرێتەبەر بەهیوای ئەوەی لایەنی شیعەی عێراقیش ئەو پرسە باش تێبگەن، ڕای گشتیی کوردستانیش ئێستا ئامادەیە بۆ سەربەخۆیی و ناکرێ پشت لەو قوربانی و ڕای گشتییە بکرێ کە لەسەر بنەمای ئەو مێژووە و ئەو قوربانیدانه دروست بوون، دوای ئەوەی کە شیعە لە 2003وە حاکمی عێراقه نه‌ک نه‌یانتوانی هیچ هەنگاوێک بهاوێژن بۆ ڕازیکردنی میللەتی کورد، به‌ڵکو لەوهەموو خراپه‌کاریانه‌ی مالیکی، به‌رامبه‌ر به کوردستان به سیاسی و ئایینیه‌وه هیچ قسەیەکیان نەکرد و نە گلەییان لێ کرد نە گوشاریان بۆهێنا، ئەو غەدرەیان قەبووڵ کرد که له کورد ده‌کرێ، بۆیه ئێستا میللەتی کوردستان مافی خۆیەتی کە بیەوێ بڕیاری چارەنووسی خۆی بە یەکجارەکی بدات.