Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هەورامی: کاتییەتی کەڵک لە دەرفتەکان وەربگرین و کار بۆ سەربەخۆیی بکەین

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، روونە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هێزی واقعی مامەڵە دەکات، ئێستا کورد کە رۆڵێکی گەورەی لە ناوچەکە و نێودەوڵەتی گێڕاوە بووە بە دیفاکتۆ، بۆیە دەبێ کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرین و کار بۆ سەربەخۆیی بکەین.

سیمینارێکى سیاسى کراوە لە لایەن لیژنەى ناوچەى ڕاپەڕین سەربە لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان بە ناونیشانى (هەرێمى کوردستان لە بەردەم هەڕەشە و دەرفەتەکانى سەربەخۆیى کوردستان) بۆ (هێمن هەورامى) ئەندامى سەرکردایەتى و بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوەى پارتى ڕێکخرا، کە ژمارەیەک کادیرى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سنوورى ناوچەى ناوبراو ئامادە بوون.

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتی دیموکراتی کوردستان (هێمن هەورامی)، رۆشنایی خستەسەر حکوومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق کە هەرکاتێک پێگەیان لاوازبووبێ ددانیان بە مافی گەلی کورددا ناوە و، هەرکاتێکیش کە درکیان کردبێ بەهێزبوونە ئەوا هەموو مافەکانی کوردیان وەلا ناوە.

گوتیشی، ئێستا کاتییەتی کە بڕوانینە پێگەی عێراق و پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا و لەسەر بنەمای مێژوویی داهاتوومان نیشان بکەین، ئێستا کە حکوومەتی ناوەندی عێراق لە بارودۆخێکی نا سەقامگیردایە بۆیە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، هەڵبەت ئەمەیش ناچیتە بابی شەراکەتەوە، چونکە تەنیا دووساڵ تێپەڕبووە بەسەر ئەو هەڵوێستانەی کە (مالیکی) بەرانبەر بە کوردی هەبووە.

(هێمن هەورامی) پێوەست بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبووان گوتی، روونە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هێزی واقعی مامەڵە دەکات، ئێستا کورد کە رۆڵێکی گەورەی لە ناوچەکە و نێودەوڵەتی گێڕاوە بووە بە دیفاکتۆ، بۆیە دەبێ کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرین و کار بۆ سەربەخۆیی بکەین.

ئاماژەیشی دا، تا نەبین بە دەوڵەت هیچ کات وەک نەتەوە لە پەلاماری دوژمنان پارێزراو نابین.

سەنگەر هەورامى