Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"شەهیدانی خۆبەخش پلەی شەهیدی پێشمەرگەیان پێدەدرێت"

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەینێت، بەگوێرەی فەرمانێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی لەریزەكانی پێشمەرگەدا خۆبەخشبوون و  شەهیدبوون، لەگەڵ ئەوانەی فەرمانبەری حكوومەتن و لە كاتی ئەركدا لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە شەهیدبوونە، دەتوانن داواكاری پێشكەش بە وەزارەت بكەن و وەک شەهیدی پێشمەرگە هەژمار دەکرێن.

(فوئاد عوسمان)، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە گوێرەی فەرمانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر هاوڵاتییەكی خۆبەخش یان ئەوانەی فەرمانبەری حكوومەتبوون و لە كاتی بەجێگەیاندنی ئەركی خۆیاندا لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش شەهیدبوون لە وەزارەتدا پلەی شەهیدی پێشمەرگەیان پێدەدرێت و هەمان ماف و ئیمتیازاتی شەهیدانی دەبێت.

گوتیشی، ئەوانەی كەسوكاریان خۆبەخش بووە و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا شەهیدبوون دەتوانن داواكاری پێشكەش بە وەزارەت بكەن بۆ ئەوەی ناوی شەهیدەكەیان تۆمار بكرێت، چونكە هەر وەزارەتێك لیستی خۆی هەیە و ناوی شەهیدانی خۆی تۆمار كردووە، دوا لیستی وەزارەتی پێشمەرگە رەوانەی کردووە ناوی ١٧٠٠ شەهید بۆمان هاتووە و لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان تۆمار كراون.

قائید میرۆ