Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەدیلی پێکەوەژیان

ئاریان فەرەج

چەندی تەنگ و چەڵەمەكانی كوردستان زۆر و جۆراوجۆر بن، ئەو راستییە جەوهەرییە ناگێڕنە دواوە كە پرس و كێشە و تەنگ و چەڵەمەی بنەڕەتیی میللەتی ئێمە پرسە نەتەوەیی و كێشە سیاسییەكەیەتی و تەنیاش بە چارەسەری ئەو پرسە جەوهەریی و سەرەكییە، دەرگا بۆ چارەی گرفتەكانی دیكە دەكرێنەوە و گەلەكەمان دەگاتە كەناری ئارامی و ئایندەی ئێستا و نەوەكانی داهاتومان رووندەبێتەوە.
بنەمای راستەقینەی پێكهاتنەوەی حیزب و هێزە سیاسییەكان و یەگرتنەوەی خیتابی سیاسیی كوردییش، هەر ئەم پرسەیە و نە هیچ پرسێك لەو چارەنوسسازترە كە لەسەری ناكۆك بین و نە هیچ پرسێك لەو ستراتیجیترە تا كۆمان بكاتەوە.
هەر لەو پێودانگەشەوەیە كە یەكەمین هەنگاوی دوای لێكنزیكبونەوەی لایەنەكان و گفتوگۆكانی پێكهاتنەوە و بە تایبەتیش گفتوگۆ گرنگ و جددییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، بڕیاری پێكهێنانی وەفدی كوردستان و رووكردنە بەغدایە بۆ گەنگەشەی راشكاوانەی پرسی سەربەخۆیی و ئایندەی پەیوەندی عێراق و كوردستان .
بڕیار وایە بەم نزیكانە وەفدی كوردستان بە یەك خیتاب و تێڕوانینی هاوبەشەوە بچنە بەغدا، لەوێ راشكارانە دەست بە گفتوگۆیەكی سازندە و سەردەمیانە و واقیعبینانە بكەن، بە تایبەت كە دوا سەردانی سەرۆك بارزانی وەفدە یاوەرەكەی و پێشتریش سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا و باس كردنی ئەم خواستەی كورد لەگەڵ عێراقییەكان، زەمینەی بۆ كاری وەفدی ئەمجارەی كوردستان رەخساندووە.
وەفدی كوردستان كە جگە لە ئەحزابی سیاسی، نوێنەرایەتی نەتەوە و ئایین و ئایینزا و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەكات، بابەتی ئایندەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق دەخاتە بەر باس و دانوستان و گفتوگۆیەكی جددی كە ئیدی كاتی هاتووە.
دوو وڵات و دوو گەل كە نەتوانرا نە بە حوكمی زاتی و نە بە فدرالیزم و نە بە رووخانی رژێمی تاكە حزبی و نە بە دەستورێكی نوێ پێكەوەژیانی تێدا بەرقەرار بكرێ، لە بەرژەوەندی هەردوولایە بۆ داڕشتنی پەیوەندییەكی نوێ بگەڕێن، پەیوەندییەك لە جیاتی پێكەوەژیانی زۆرەملێ و بێ ئاكام، بەتەنیشت یەكەوە ژیانێكی ئارام و دۆستانە لەسەر بنەمای دوو دەوڵەتی دۆست و هاوبەرژەوەندی و هاوسێ بێنێتەدی.
جیهان و ناوچەكە بە عاقڵمەندانی بەغداشەوە، دان بەم راستییەدا دەنێن كە گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی مەترەحیان كردووە. ناتوانن نكۆڵی لەوە بكەن كە هەموو هەوڵەكانی رابردوو و هەموو گۆڕانكارییەكان، نەك هەر پێكەوەژیانیان لە عێراقێكی یەكگرتووی ئارەزومەندانەدا نەهێنایەدی، بەڵكوو رۆژ بە رۆژ لێكترازان زیاتر بووە سیمای عێراق و دەرفەتەكانی پێكەوەمانەوە سات بە سات ئاستەنگتر و بەرتەسكتر بوونەوە.
بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد گەرچی لە دەسپێكەوە سەربەخۆییخواز بووە و ئەو مافەی بە مافی رەوا و بێ چەند و چوونی خەڵكی كوردستان زانیوە، بەڵام لە هەموو قۆناغەكانی خەباتدا واقیعبین و عەقلانی بووە و ئێستاش لە كاتێكدا خواستی سەربەخۆیی ئاشكراكردووە و هەنگاوی بۆ دەهاوێ، هەر ئەو واقعبینییەیە وەفدەكەی دەباتە بەغدا و دەخوازێ ئەم پرسە بە لێكگەیشتن و تەفاهوم جێبەجێبكرێ و لە جیاتی دژایەتی و رقئەستوری، دۆستایەتی و هاوسێیەتییەكی دڵخوازانەی ستراتیجیی درێژخایەن بە وجود بێنێ.