Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میرانی: دوای پەیامی سەرۆک بارزانی پێوەندیی لایەنە سیاسییەکان بەرەو پێشچووە

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ کونسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە دوای پەیامی (سەرۆک بارزانی) پێوەندی لایەنە سیاسییەکان بەرەو پێشچووە و ئومێدەوارین هەموو لایەک بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و گرینگی قۆناخەکە هەنگاو بۆ لێکنزیکبوونەوە بنێن و هەوڵی چارەکردنی کێشەکان بدەن لە پێناو دەستبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلی کوردستان.


ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە كونسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر (محەمەد عاكف) و شاندى یاوەرى كرد.

لە دیدارەكەدا كە (مەحموود محەمد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوو وێرای بەخێرهێنانی کونسووڵی گشتیی توركیا، (فازڵ میرانی) رۆشنایی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق و پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵی خستە بەرباس کە بە هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پرۆسەکە بەڕێوەدەچێ، باسی قۆناخی دوای نەمانی داعشی کرد کە گرینگە ئەم هاوکارییە و هەماهەنگییەی هاوپەیمانان بەردەوام بێ، تا بتوانرێت ئامادەسازی بۆ پرۆسەی ئاشتەوایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بکرێ و تەواوی پێکهاتەکان لە مووسڵدا بەشداریان پێبکرێ و هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز نەخرێ.
لەبارەی پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، (میرانی) جەختی کرد کە هەماهەنگی باش لە رووی سەربازییەوە هەیە و ئومێداواریشین کێشەکان بە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ چارە بکرێن.

پێوەست بە کێشەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لە دیدارکەدا گەشبینی خۆی پیشاندا کە لەدوای پەیامی (سەرۆک بارزانی) پێوەندی لایەنە سیاسییەکان بەرەو پێشچووە و ئومێدەوارین هەموو لایەک بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و گرینگی قۆناخەکە هەنگاو بۆ لێکنزیکبوونەوە بنێن و هەوڵی چارەکردنی کێشەکان بدەن لە پێناو دەستبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلی کوردستان.

لای خۆیشیەوە کونسووڵی تورکیا، سوپای سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ رەخساندنی ئەم دیدارە و هیوای خواست کە ئەم ساڵ ببێتە ساڵی ئارام و سەقامگیری لە گشت ناوچەکە و هەرچی زووە هەرێمی کوردستان بتوانێ بەسەر کێشە و قەیرانەکان زاڵ ببێت و ئاوارەکانی مووسڵیش بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.