Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

توركمانەكان پشتگیری لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی دەكەن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان رایگەیاند: "پشتگیری لە دەستپێشخەریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین لەبارەی كۆبوونەوەی فراوانی حزبەكان نەك كۆبوونەوەی پێنچ لایەن بە تەنیا، چونكە ئەو جۆرە كۆبوونەوانە خزمەت بە خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكان ناكەن".

(عەبدولقادر بازرگان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەڵوێستی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنین سەبارەت بە دەستپێشخەریكردنی لە قبووڵنەكردنی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی، چونكە ئەم جۆرە كۆبوونەوەیە، خزمەت بە خەڵكی  كوردستان و پێكهاتەكان ناگەیێنێت، لە رابردوودا چەندین كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی ئەنجام دران، بەڵام هیچ سوودێكیان نەبوو بۆ خەڵكی كوردستان، لە هەمان كاتدا پەراوێزخستنی لایەنەكانی دیكەی كوردستان بوو، بۆیە ئێمە بە ناوی پارتەكەمان و فراكسیۆنی پێشكەوتووی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، پشتگیری لە دەستپێشخەرییەكەی (سەرۆك بارزانی) دەكەین ".

(بازرگان) گوتیشی: "هیوادارین سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بیر لە كۆبوونەوەی فراوان بكەنەوە و كۆبوونەوەكان ئەنجامیان هەبێت و بڕیارەكانیش لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بن بە تەواوی پێكهاتەكانەوە".

 

 

ڕابین شێروانی