Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هەورامی: سەرۆك بارزانی، وەك سەرۆك بانگهێشت كراوە.. بەرژەوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ كوردستان بەهێزتر دەبێت

 
هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "پێمان وایە بە گۆڕینی ئیدارەكان، ئەو بەرژەوەندی و ستراتیژییەی ئەمەریكا لەگەڵ كوردستان هەیەتی، بەرەو لاوازی ناچێت، بەڵكوو بە پێچەوانەوە بەهێزتر دەبێت، بەڵام لە ئیدارەیەكەوە بۆ ئیدارەیەكی دیكە ڕەنگە میكانیزمی جیاواز بگیرێتە بەر". 
 
(هێمن هەورامی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "نابێت خۆشخەیاڵ بین بە هەندێك شت، ئەمەریكا بەرژەوەندیی خۆی هەیە، ئێمەیش بەرژەوەندیی خۆمان هەیە، بەڵام خۆشبەختانە بەشێك لە بەرژەوەندییەكان، بەرژەوەندیی هاوبەشن، شەڕی دژی تیرۆر و شكستهێنانی داعش ئەوە بەرژەوەندییەكی هاوبەشە، پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكە بەرژەوەندییەكی هاوبەشە، هەوڵدان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بەرژەوەندییەكی هاوبەشە، بۆیە ئێمە لەسەر كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بەهای هاوبەش، پێمان وایە بە گۆڕینی ئیدارەكان، ئەو بەرژەوەندی و ستراتیژییەی ئەمەریكا لەگەڵ كوردستاندا هەیەتی، بەرەو لاوازی ناچێت، بەڵكوو بەپێچەوانەوە بەرەو بەهێزی دەچێت، بەڵام لە ئیدارەیەكەوە بۆ ئیدارەیەكی دیكە ڕەنگە میكانیزمی جیاواز بگیرێتە بەر، بۆیە ئێمە پێشبینی دەكەین ئیدارەی تازەی (دۆناڵد ترەمپ)، میكانیزمی زیاتر و فراواتر بۆ پشتگیریی هەرێمی كوردستان بگرێتە بەر". 
 
سەبارەت بە بەشداریی سەرۆكی هەرێم لە كۆڕبەندی داڤۆس و ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی لەوێ بەڕێوە دەچن، (هەورامی) گوتی: "زۆر گرینگە، جارێ گرینگییەكەی لەوەدایە كە (سەرۆك بارزانی)، وەك سەرۆكێك بانگهێشت كراوە، كە نزیكەی 35 سەرۆكی وڵاتانی جیهان بەشدار بوون لەو كۆڕبەندەدا، لەو ڕۆژانەی لەوێ بووە ئەو زنجیرە دیدارانەی كە لەوێ لە بواری دروستكردنی تۆڕێكی پەیوەندی دیپلۆماسیی بەهێز، بینینی سەرۆكی ئازەربایجان، سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا، بینینی چەندین وەزیری وڵاتان، هەموو ئەمانە بەڵگەی ئەوەن كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەرۆشی ئەوەیە كە بزانن ئێستای هەرێمی كوردستان لە چیدایە و بەرەو كوێ ئاڕاستە دەكرێ و بەرەو كوێ دەڕوات، كە بەرەو ئەو ئاییندەیە دەچێت، چۆن ئەو وڵاتانە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كوردستانێك  بەهێز بكەن، كە لە ئاییندەدا بەرەو بەهێزتر دەچێت".
 
 
ڕابین شێروانی