Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ھەرێمی كوردستان لەبارەی نەوتەوە رێگایەكی راستی گرتووەتە بەر.. پێویستە بەردەوام بێت"

 
ھەولێر-KDP.info- شارەزایەكی بواری نەوت دەڵێت: "بڕوا ناكەم پەرلەمان بتوانێ پڕۆژەیاسای نەوت و غاز پەسەند بكات، چونكە ناتوانن لەسەری بگەنە رێككەوتن، بۆیە باشترە ھەرێمی كوردستان لەو رێگایەی گرتوویەتییە بەر لەبارەی فرۆشتنی نەوتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ، بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی، ئەوەیە رێگا راستەكە نەك گەڕانەوە بۆ بەغدا".
 
شارەزای بواری نەوت و بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. رزگار)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سێ خولی پێشووی پەرلەماندا ھەوڵی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز دراوە و ناتوانن پەسەندی بكەن و لەسەری ناگەنە رێككەوتن، چونكە لە سەردەمی (عادل عەبدولمەھدی)ــدا كە وەزیری نەوتی عێراق بوو و دۆستێكی نزیكی كوردیش بوو، نەتواندرا ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بكرێت، بۆیە ئەستەمە لە ئێستادا بتواندرێت ئەو پڕۆژەیە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، لەبەر ئەوەی له‌ ئێستادا دەستەڵاتەكە ھەمووی لە دەستی شیعەكانە".
 
(د. رزگار) گوتیشی: "لە ئێستادا كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە شێوەی سەربەخۆ و راستەوخۆ نەوتی خۆی ھەناردەی دەرەوە دەكات، ئەمە رێگای راستە ھەرێم گرتوویەتییە بەر، چونكە لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان ھەموو بەربەستە گەورەكانی لاداوە لەبەر ئەوەی نەوتی خۆی ھەناردەی دەرەوە دەكات و كڕیاری بۆ نەوتی خۆی پەیدا كردووە و ھەنگاوی زۆر باشی ناوە، كە ئەمەیش ھەنگاوێكی زۆر باشە بۆ سەربەخۆیی ئابووری و لە دوای سەربەخۆیی ئابووری دواتر سەربەخۆیی سیاسی دێت، بۆیە پێویستە بەردەوام كار بكەین بۆ ئەوەی كۆمپانیا گەورەكانی جیھان بۆ خۆمان رابكێشین".
 
بڕیاردەری پێشووی لیژنەی نەوت و غاز زیاتر گوتی: "ھەوڵەكانی ھەرێمی كوردستان بۆ ھێنانی كۆمپانیا گەورەكانی جیھان كە لە بواری نەوتدا كار دەكەن، بەردەوامە و لە چوارچێوەی كۆڕبەندی جیھانیی داڤۆس، (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیای (شیفرۆن)ـی ئەمەریكا كۆ بووەتەوە كە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی بواری نەوتە و ھیچی كەمتر نییە لە كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل، ئەویش بەڵێنی داوە بێت لە ھەرێمی كوردستان كار بكات، بۆیە ئەو ھەوڵانە زۆر گرینگن و ئەمەیە رێگای راست نەك جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا، چونكە دەستەڵاتی ئێستای عێراق بەرەو شیعییەت دەچێت و، بڕوا ناكەم بتوانێت ھیچ بۆ كورد بكات".
 
ئەو شارەزایەی بواری نەوت راشیگەیاند، ئەو كوتلانەی كوردیش كە داوایان دەكرد بگەڕێنەوە بۆ بەغدا، شیعەكان وایان لێ دەكەن خۆیان پەشیمان دەبنەوە كە ئەو داواكارییەیان كردووە، چونكە ئەوانە ھیچ كات كارێك ناكەن لە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستاندا بێت.
 
ئەمەیش لە كاتێكدایە، وەزیری نەوتی عێراق لێدوانێكی داوە و تێیدا باسی لەوە كردووە كە، پڕۆژەیاسای نەوت و غازیان ئامادە كردووە ورەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بكرێت و پەسەند بكرێت.
 
بڵند ئیبراھیم