Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ساڵح مەلاعومەر: ھاوكارییەكانی ئەمەریكا لە سەردەمی ترەمپدا بۆ ھەرێم زیاتر دەبن

 
ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین دەڵێت، تیمی سەرۆكی نوێی ئەمەریكا، دۆستی ھەرێمی كوردستانن، بۆیە ھاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ ھەرێمی كوردستان زیاتر دەبن و گرینگیی زیاتریش بە ھەرێم دەدرێت، لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای بەرگریی نیشتیمانی، ئەمساڵ ھاوكاریی دارایی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە دووقات زیاتر دەبن.
 
 (د. ساڵح مەلاعومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەگەر تەماشای دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی ئەمەریكا (دۆناڵد ترەمپ) بكەین، دەبینین كە ئەو جیاوازی لەگەڵ سەرۆكەكانی پێشووی ئەمەریكادا ھەیە، لەبەر ئەوەی ئەزموونێكی سیاسیی نەبووە و زیاتر ئەزموونی بازرگانیی ھەبووە، ئەوەی گرینگە ئەو تیمەی لەگەڵ (ترەمپ) كار دەكەن وەكو وەزیری دەرەوە و بەرگری و راوێژكاری ئەمنی قەومی، ئەمانە پێشتر پەیوەندییان لەگەڵ كورد ھەبووە، لەبەر ئەوەی ئەو كەسانەی ئێستا لەگەڵ سەرۆكی نوێ كار دەكەن لە كاتی ھێرشی ئەمەریكا بۆ سەر عێراق ئەو كات لەگەڵ (جۆرج بووش) بوون، بۆیە ئەمانە كارگەرییان بەسەر سیاسەتەكانی دەرەوەی (ترەمپ) دەبێت".
 
(مەلاعومەر) گوتیشی، لە وتارەكەیدا، (ترەمپ) ٩٥% باسی ناوخۆی ئەمەریكای كرد و كەمتر باسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكای كرد، ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەو مەلەفی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دەھێڵێتەوە بۆ ئەو تیمەی لەگەڵیدایە.
 
ڕوونیشی كردەوە: "ئەگەر تەماشای یاسای بەرگریی نیشتیمانیی ئەمەریكا بكەین بۆ ئەمساڵ كە لە مانگی پێنجی ساڵی رابردوودا دەرچووە، بەپێی ئەو یاسایە دەبێ ئەمەریكا لە ئەمساڵدا دووقات زیاتر لە ئێستا ھاوكاریی دارایی پێشكەشی پێشمەرگە بكات، بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە پێگەیەكی بەھێزتری ھەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆیە بە باوەڕی من ئەمە لە سەردەمی سەرۆكی نوێدا جێبەجێ دەكرێت".
 
ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان زیاتر گوتی، تیمی سەرۆكی نوێی ئەمەریكا پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا ھەیە، بۆیە ئەمەیش كاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و ھەرێم، لەبەر ئەوە ھاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن و گرینگیی زیاتریش بە ھەرێمی كوردستان دەدرێت.
 
بڵند ئیبراھیم