Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ترەمپ: ئەمریکا و هەموو جیهان بەرەوپێشەوە دەبەین.. دژی هەموو گرووپە ئیسلامییە تووندڕەوەكان دەوەستینەوە

 
ئەمریكا-KDP.info- (دۆناڵد ترەمپ)، سەرۆكی نوێی ئەمریكا، دوای سوێندخواردن یەکەمین گوتاری خۆی لەبەردەم ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و خەڵکی ئەمریکا لە واشنتن پێشکەشکرد و رایگەیاند "لەو ساتەوە گۆڕانکاری دەکەین و ئەمریکا و هەموو جیهان بەرەوپێشەوە دەبەین".
 
(دۆناڵد ترەمپ) لە گوتارەکەیدا سوپاسی ئامادەبوونی (ئۆباما) و هاوژینەکەی کرد و شانازی بە ئامادەبوونیانەوە کرد، بە جەختكردنەوەش گوتی: "لەمڕۆوە تێڕوانینێكی نوێ لە ئەمریكا حكوم دەكات، دەسەڵات بۆ گەلی ئەمریکا دەگەڕێنینەوە، لەم ساتەوە گۆڕانکاری دەکەین و بڕیارەکان دەستپێدەکەین".
 
(ترەمپ) گوتیشی: "گەلی ئەمریکا فەرمانڕەوایی ئەمریکا دەکات و دەسەڵاتیان بۆ دەگەڕێنینەوە، لەمڕۆوە گەل حكوم دەكات، دەبێت گەنجانی ئێمە پشتیوانیان بکرێت لە تواناکانیاندا، ئیدی درووشم کۆتاییهاتووە و دەبێت کار بکەین".
 
(ترەمپ) بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە دۆخی ئابووری و گوتی: "چەندان تریلیۆن دۆلار لە دەرەوەی ئەمریکا خەرجکراون و دەبێ بەوەدا بچینەوە، هاوکات هەزاران پڕۆژەی نوێ لە ئەمریکا جێبەجێ دەکەین و ماف بۆ کرێکارانی ئەمریکا دەگەڕێنینەوە".
 
هاوشێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، (دۆناڵد ترەمپ) باسی لە سنوورەکانی ئەمریکا کرد و گوتی: "دەبێت سنووری ئەمریکا لە هەموو رووداوەکان بپارێزین و دژی هەموو گرووپە ئیسلامییە تووندڕەوەكان دەوەستینەوە".
 
لەبارەی وڵاتانیش گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان باشتر دەکەین، هاوکات ئاسایش و سەروەریی بۆ ئەمریکا دەگەڕێنینەوە و ئەمریکا بەهێز دەکەینەوە".  
 
سەرۆكی نوێی ئەمریكا بێ هەڕەشە نەبوو، رووی دەمی كردە بەشێك لە سیاسییەكانی وڵاتەكەی و گوتی: "دژی ئەوانە دەوەستمەوە زۆر قسە دەكەن و كاری كەم دەكەن، هەندێك سیاسی هەن هەمیشە رەخنە دەگرن و هیچ شتێكیش ناكەن".