Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە هەوڵی فراکسیۆنی زەرد وەزارەتی ناوخۆ، ٥ رێنمایی بۆ سزاکانی هاتووچۆ دەرکرد

هه‌ولێر-KDP.info-  فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند کە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە هەوڵدابوون و توانرا رێنماییەکانی پێشووتر رابگیرێت و ٥ رێنمایی تازە بۆ سزاکانی هاتووچۆ دەر کراون.

دەقی روونکردنەوەکە:

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەك نوێنەری زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان، پشتگیریكردنی خەڵك و چینی هەژاران، بە ئەولەوییەتی كارەكانی خۆی دەزانێت، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە پاڵپشتی هەربڕیارێك دەكات كە گوزەران و دۆخی سەختی ئابووری هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت و داوای ڕاگرتنی هەر بڕیارێكیش دەكات، كە گوشاری زیاتر لەسەر ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانییانی هەرێمی كوردستان دروست بكات.

هەر لەو ڕوانگەیەوە ڕۆژی (28/11/2016) هەوڵەكانی خۆی خستەگەڕ، لە پێناو ڕاگرتنی ئەو ڕێنماییانەی كە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سەرپێچییەكانی هاتوچۆ دەریكردبوون، لە ڕێگەی بەڕێز وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە، بەدواداچوونی بۆ ئەو ڕاسپاردانە كرد و دوو داواكاریشی خستە بەردەمییان، كە بریتی بوون لە:
یه‌كه‌م:  ڕێنماییه‌کان ڕابگیرێ و کاری پێنەکرێت.

دووه‌م،  دیراسه‌ی باشتر بکرێت و بەشێوازێک ڕێنمایی تازە دەربچێ، که گونجاوبێت له‌گه‌ڵ ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی کوردستان.
خۆشبەختانە ئەوكات لەلایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆوە، داواكاری یەكەم جێبەجێكرا و ڕێنماییەكان ڕاگیران، ئەمەیش جێگەی سوپاس و پێزانینمانە، لە ئێستایشدا خاڵی دووەم جێبەجێ كراوە و دوای دیراسەكردنی دۆخی ئابووری و ڕەچاوكردنی ئەو بارگرانییانەی كە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە كەوتۆتە سەرشانی هاونیشتیمانیان، فەرمانی وەزاری بۆ چەند ڕێنماییەكی نوێ دەرچووە، كە بریتین لەم خاڵانە:

1- ڕاگرتنی جێبەجێكردنی ڕێنمایی ژمارە (8)ی ساڵی 2016، تایبەت بە (پێبژاردنی سەرپێچییەكانی هاتوچۆ، بە سیستەمی پشكی مانگانە) تا ئاسایی بوونەوەی باری دارایی هەرێم.

2 - پێڕەوكردنی سیستەمی بە پشككردنی سزاكانی هاتوچۆ، لەسەر گشت ئۆتۆمبێلە تۆماركراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی پارێزگاكانی هەرێم.

3- سزاكان دابەش دەكرێنە سەر (12) پشكی ساڵانە و دەبێت لە ماوەی ئەو ساڵەدا، گشت سزا تۆماركراوەكان لەسەر ئۆتۆمبێل بدرێت.

4- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ ڕادەسپێردرێت، بە ڕاوێژكردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی پارێزگاكانی هەرێم، لەسەر ڕێكخستنی لایەنە هونەرییەكانی ئەم سیستەمە.

5- ئەم سیستەمە بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەبێت و دوای ڕەزامەندبوونی خاوەن ئۆتۆمبێل، دەبێت پابەندبێت بە سیستەمەكە و هەر سزایەكی نوێ لە ماوەی جێبەجێكردنی ئەم سیستەمە تۆمار بكرێت، پێویستە لە ماوەی ئەو ساڵەدا بدرێت.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
17/1/2017

نه‌شوان به‌رزنجى