Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاودێران: بە هۆی سەرۆك بارزانییەوە وڵاتان وەك دەوڵەت لە هەرێم دەڕوانن

 

هەولێر-KDP.info- چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ دەڵێن، بەشداریكردنی (سەرۆك بارزانی) لە كۆڕبەندی داڤۆس، دەبێتە دەروازەیەك بۆ ئەوەی كورد داواكاریی خۆی بە جیهان بگەیێنێت، چونكە داواكاریی كورد لەگەڵ بەرژوەندیی وڵاتاندا دەگونجێت. باوەڕیشیان وایە كە، بە هۆی سەرۆك (بارزانی)ـیەوە، وڵاتان بە چاوی دەوڵەت لە هەرێمی كوردستان دەڕوانن.

(د. ساڵح مەلاعومەر) مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆڕبەندی داڤۆس لەسەر ئاستی جیهاندا گرینگییەكی یەكجار زۆری هەیە لە ڕووی ئابوری، سیاسی و زانستییەوە، بە تایبەت لە ڕووی سیاسییەوە، چونكە سەرۆك و كەسایەتییەكانی جیهان بەشدار دەبن و باسی كێشە سیاسییەكانی سەر ئاستی جیهان دەكرێت، جگە لەوەیش خاوەن سەروەت و سامانە زۆرەكانی جیهانیش لەو كۆڕبەندەدا بەشدار دەبن".

(مەلا عومەر) گوتیشی، بەشداریكردنی (سەرۆك بارزانی) لەو كۆڕبەندەدا، لە چەند ڕوویەكەوە گرینگیی هەیە، لەوانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی سیاسی و ئابووری هەیە، ئەمەیش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمیش دروست كردووە، بۆیە ئەمە گرینگە بۆ هەرێم و دەتوانێ لەوێوە داواكارییەكانی خۆی بگەیێنێت".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ راشیگەیاند: "ئەو كۆڕبەندە دەبێتە دەروازەیەك بۆ ئەوەی كورد نەك تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكوو لەسەر ئاستی جیهاندا داواكارییەكانی خۆی بخاتە ڕوو، بە تایبەت ئەو داواكاریانەی (سەرۆك بارزانی) باسیان دەكات، لەگەڵ بەرژوەندیی وڵاتانی جیهانیشدا دەگونجێت، لەوانە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش كە ئەمە خواستێكی جیهانییە نەك تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵكوو پێویستە لە ڕووی هزرییشەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە، چونكە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەری لەسەر وڵاتانی دیكەیش دەبێت".

لە لایەكی دیكەوە، (د . ئەحمەد سەفار) ئابووریناس و ڕاگری كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری لە زانكۆی زاخۆ، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆڕبەدی داڤۆس كە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، باڵاترین پێگەی ئابوورییە لە هەموو جیهاندا، ئەوانەی لەو كۆڕبەندەدا بەشداری دەكەن، سەرۆكی وڵاتانی ناسراون و ئابوورییەكی بەهێزیان هەیە، یاخود سەرۆكی كۆمپانیاكان و ئابووریناسن لە جیهاندا، بۆیە بەشداریی جەنابی (سەرۆك بارزانی) لەو كۆڕبەندەدا، شتێكی زۆر گرینگە بۆ هەرێمی كوردستان و تەواوی میللەتی كورد بە شێوەیەكی گشتی، چونكە كوردستان ناووبانگی خۆی هەیە لەسەر نەخشەی جیهانی بە تایبەت لە كاتی ئێستادا بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش بووینەوە و، كورد داعشی تێك شكاند لە جیاتی گشت جیهان بە ئابوورییەكی لاواز و بە قەیرانی دارایی بە سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) و پێشمەرگە قارەمانەكان".

(سەفار) ڕاشیگەیاند،"لە كۆڕبەندی داڤۆسدا (سەرۆك بارزانی) شانبەشانی ئەو وڵاتانەی خاوەنی ئابووریی بەهێزن لە جیهاندا بەشدارە، بۆیە لەم كاتە و ئەو بارودۆخە سەختەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشداریی (جەنابی سەرۆك) شتێكی زۆر گرینگە بۆ هەرێمی كوردستان".

لەبارەی هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی ) بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی هەرێم، (سەفار) ئاماژەی دا: "لە كاتی بوونی شەڕ و ڕوودانی كارەسات لە هەر وڵاتێك لە جیهان، قەیرانی دارایی سەر هەڵدەدات و بارودۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە تێك دەچێت، ئینجا چەند بەهێز بێت لە رووی ئابوورییەوە، بە زەحمەت لێی دەردەچێت و پێویستی بە پلان هەیە تا بارودۆخەكە جێگیر دەكات، جەنابی ( سەرۆك بارزانی)ـیش لە شەڕێكی زۆر گەورەدایە، ئەویش جێگیركردنی ئابووریی كوردستانە و شەڕی گەندەڵی و گەندەڵكارانە، لەو ڕووەیشەوە (جەنابی سەرۆك) هەنگاوی باش و دڵخۆشكەری ناوە".

هاوكات (سیروان حەمەشەریف) مامۆستای زانكۆی سلێمانی و چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بانگهێشتی (سەرۆك بارزانی) بۆ كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، دەریدەخات كە بە هۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، وەك وڵاتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكرێ.

ئاماژەیشی دا، لەو كۆڕبەنەدەدا بابەتگەلێكی گرینگی وەك ئابووری و پیسبوونی ژینگە و كێشەی جیهان دەخرێنە ڕوو، سەرۆكی زۆر وڵاتی جیهانیش تێیدا بەشدارن، بۆیە بۆ هەرێمی كوردستان كۆڕبەندەكە گرینگیی زۆری دەبێ.

(حەمەشەریف) دەشڵێ،  بە هۆی حیكمەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، زیاتر لە ٣٠ كۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی كوردستاندا هەن و سەرۆكی وڵاتانیش راستەوخۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە ئەو سیاسەتەی (سەرۆك بارزانی) وای كردووە كە وڵاتان بە چاوی دەوڵەتەوە سەیری هەرێمی كوردستان بكەن.

جێی ئاماژەیە، كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، ئەمساڵ بە بەشداریی (473) سەرۆك و سەرۆكوەزیران و وەزیر و گەورەسەرمایەدار و بیرمەند و رۆژنامەوان و كەسایەتییە گرینگەكانی بوارە جیاجیاكانی جیهان ساز دەكرێت، (سه‌رۆك بارزانی)ـیش وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمە چوارەم جارە بە فەرمی بەشداریی ئەو كۆڕبەندە دەكات و لە كۆڕبەندی ئەمساڵیشدا، لە پانێڵێكدا وەك قسەكەری سەرەكی بەشدار دەبێت.

 

بڵند - نەشوان - هێڤیار