Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پرسی نەوت و پرسیاری بۆچی تەنها پارتی؟

د.ئاراس عەبدولکەریم

دەستەواژەی (تەنها پارتی ئاگاداری دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمە)، نەک یەکێکە لەو بیانووە سیاسی و دەربڕینە سواوانەی کە چیدی خەڵکی کوردستان تاقەتی بیستنی نییە و بەس، بەڵکو ئەوانەی کە بە مەبەستی ئازاردانی پارتی ئەم قسەیە هەزاربارە دەکەنەوە، بێئاگا لە خۆیان، خزمەتێکی گەورەی پارتییان کردووە.

چونکە ئەم قسەیە لە باشترین باردا بۆ ئەوان، یان بەڵگەی پەراوێزبوون و لاوازی و پاسیڤییانە لە هاوکێشە سیاسییە نێوخۆ و دەرەکییەکاندا، یاخود شاهێدییەکی هەقە بۆ پارتی کە تاکە لایەنی سیاسییە خاوەنی پلان و روئیا و ئەجێندای سیاسیی ڕوون بێت دەرهەق بە دۆسیەی نەوت و سیاسەتی ئابووری لە کوردستاندا و، لایەنەکانی دیکە نە روئیا و نە نەهج و نە پلان و نە ئەجێندایەکی ڕوونی سیاسیانەیان لەو بارەوە نییە.
هەیانە و نیانە تانەلێدان و ڕەتکردنەوە و تۆمەتبارکردنە و هیچیدی، کە بە ڕاستی هیچیان لێ سەوز نابێت.

خودی ڕەخنەگران و تانەلێدەرانی حکوومەتیش لەمەڕ سیاسەتی نەوت و پرۆسەی سەربەخۆکردنی ئابووریی کوردستان، بتوانن هەرچییەک بڵێن و بهۆننەوە، هەرگیز تاتوانن بڵێن سەرۆکی حکوومەت خاوەنی نەهج و روئیای ڕوون و ڕاشکاو نەبووە و نییە دەرهەق بە سەربەخۆیی ئابووریی کە بنەمای ئەو پرۆژەی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونە، کە ئاشکرا و بەبێ هیچ ڕتووش و پەردەیەک، سەرۆک بارزانی ڕێبەرێتی دەکات. ئەم ئەجێندا و نەهجە سیاسییە نەتەوەییە ڕەنگە دیارترین شوێن بێت کە پارتی (بەداخەوە) تێیدا تەنیا بێت، لانیکەم هاوبەشێکی وای نەبێت کە هاوشانی خۆی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان بگرێتە ئەستۆ کە بێگومان ئەرکێکی گەورە و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە.

هەوڵی بەردەوامی هەندێک کەسی نێو لایەنە سیاسییەکانمان بۆ تانەلێدان لە سیاسەتی نەوتیی حکوومەتی هەرێم و پرۆسەی سەربەخۆییی ئابووریی کوردستان و وەسفکردنیان بە شکستخواردوو، ئەگەرچی نیەتەکە بۆ لێدانە لە پارتی، بەڵام لە بنەڕەتدا شایەتحاڵەییەکی خۆبەخشانەیە بۆ پارتی کە خاوەنی روئیایەکی ڕوونی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ئەوتۆیە کە هیچ لایەنێکی دیکەی کوردستانی، لەم پرسەدا، ناتونێ ڕکابەریی بکات.

ئەمەش لەو ڕاستییەوە دێت کە تا ئێستا نە بینیمان و نە بیستمان هیچ کام لەو لایەن و هێزە ڕەخنەگرانە خاوەنی بەرتەسکترین روئیا و بچووکترین پرۆژە بن لەو بوارەدا کە ئاماژەمان پێداوە؛ هەر بۆیە سادەترین پرسیار لێیان ئەوەیە کە: ئێوە خاوەنی چ روئیا و نەهجێکن سەبارەت بە ئیدارەدانی ئابووری و سیاسەتی نەوت و گازی کوردستان؟ ئەگەر لای پارتی شتێک هەیە بە ناوی سیاسەتی نەوت و گازی کوردستان و پرۆژەیەک هەیە بە ناوی سەربەخۆییی ئابووری کە وێڕای هەموو ڕێگرە دەرەکی و ناوخۆییەکان، کاریان لەپێناودا دەکات؛ داخۆ لای ئێوە شتێک هەیە بەو ناو و ناونیشانە؟ ئەگەر لای پارتی، ئەم سێکتەرانە لە پاڵ هێز و بنەما سەرەکییەکانی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوون بێت، ئایا لای ئێوە هیچ نەهجێک، بیرۆکەیەک، وێناکردنێک، خەیاڵێک هەیە بە چواردەوری ئەو نەهجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەدا بسووڕێتەوە؟

لەو ڕوانگەیەوە، پارتی لە گەورەترین دەرگاوە چووەتە نێو مێژووەوە کە بە ڕاستی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی بە ڕێنوێنی و پشتیوانیی سەرۆک بارزانی و پشتبەتوو بەو کولتوورە سیاسییەی بەر لە دەیان ساڵ بارزانیی نەمر ڕەنگڕێژی کردووە کە سەروەریی نەتەوەیی لە بنەما سەرەکییەکانێتی، پشکی شێریان لەو سەروەرییە بەردەکەوێت.

وەنەبێ ئەوەی گوتوومە بەو مانایە بێت کە ئەو نەبوونی روئیا و گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی و نەهجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەی لایەنە تانەلێدەرەکان، خواست و حەزی پارتی بێت. بە پێچەوانەوە، گوتار و هەوڵوێستی پارتی لەم لایەنەوە زۆر بە ڕوونی بانگەشەی بەشداربوونی هەمووان دەکات بە شێوەیەکی چالاک و کارا لە گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی لەم قۆناغە هەستیار و گرینگەی ئێستادا.

ویستی پارتی بەشداربوونی هەمووانە لە پرۆسەی سەربەخۆییدا، سەربەخۆییی ئابوورییش کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئەو پرۆژەیەیە، بۆیە ئەوەی پارتی لە لایەنەکانی دیکەی چاوەڕوان دەکات، لەبری ڕووکردنە ئەجێندای هێز و حکوومەتی دیکە، ڕوو لە ئەجێندایەکی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتیمانی بکەن کە ئیرادە و خواستی هەمووان لە نووسینەوە و داڕشن و جێبەجێکردنیدا ئامادە بن. دیارە ئەمەش بەو مانایە نایەت کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە نیشتیمانییەکانی کوردستان لەم پرسەدا بخرێنە یەک خانەوە و هەمووان بە پاسیڤ و ناکاریگەر وێنا بکرێن. بەڵام دۆخی ئێستا لەوەی هەیە زیاتر دەخوازێت.
دەخوازێ گوتار و هەڵوێستەکان ڕوونتر تەعبیر لە نیەت و قەناعەتی سیاسیی هەر لایەنێک بکات دەرهەق بە پرسی سەربەخۆیی و ئەو هەڵوێستەش لەسەر زەمینەی واقیع ڕەنگ بداتەوە. دەنا قسەی باق و بریق و جارانی فڵان لایەن و ئەوسای فیسار هێزی سیاسی، هەر هێندەی ئەو قسەیە بازاڕی دەبێت کە لە سەرەتای ئەم نووسینەدا دانراوە.
ئەوەی گوتوومە گومان نییە لە نیەت و قەناعەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لایەنەکان و بەشێک لە سەرکردەکانیان، هێندەی پرسیارێکە لە ناڕۆشنی و ناڕاشکاویی گوتار و هەڵوێستەکانیان لەسەر جەوهەری پرسی نەتەوەییمان کە سەربەخۆییە و لەوێشەوە لەسەر کۆڵەکە سەرەکییەکەی ئەو جەوهەرە کە سیاسەتی سەربەخۆییی ئابووری و ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی کوردستانە. بۆیە لە بری ئەوەی لە میانەی تانەلێدان لەو سیاسەتەوە تانە لە پرسی سەربەخۆیی بدەن، لەبری هێنانەوەی بیانووی لەرزۆک لەمەڕ زەحمەت و مەحاڵیی بەدەڵەتبوونمان لە ئێستادا، چاکتر وایە ڕوون و ڕەوان پێمانبڵێن ئێمە لەگەڵ سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆدا نین و تەواو، وەک سەرکردەکانی پەکەکە بە ڕەوانی و ئاشکرا گوتیان و بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە. بۆیە کارێکی چاک دەکەن گەر چاو لەوان بکەن و شتێکیان لێ فێر بن، لە جورئەتەکەیان ئەڵێم، نەک هەڵوێست و عەقڵیان.

 

لە ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە.