Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی بەشداری ڕێوڕەسمی كردنەوەی نووسینگەی كونسووڵگەریی ژاپۆنی لە هەولێر کرد

هەولێر-KDP.info-  ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١١-١-٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی نووسینگەی كونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر كرد.


لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە (كاتسومی مۆریاسۆ) بەرپرسی نووسینگەی كونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر كرد و دەستخۆشیشی لە بڕیاری ژاپۆن بۆ كردنەوەی نووسینگەی كونسووڵخانەی خۆیان لە هەرێمی كوردستان كرد و پاڵپشتی و پشتگیریی حكوومەت و دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كار و چالاكییەكانیان نیشان دا.

هیواشی خواست كردنەوەی نووسینگەی كونسووڵخانەی ژاپۆن لە هەولێر ببێتیە هۆكارێك بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەبردنی پێوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ژاپۆن لە هەموو بوارەكاندا بەشێوەیەك لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی كورد و ژاپۆندا بێت.
لە ڕێوڕەسمەكەدا (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشكەش كرد و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد كە كردنەوەی نووسینگەی كونسووڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر دەستپێكی قۆناغێكی تازەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ژاپۆنە و حكوومەتی هەرێم لەمبارەیەوە ئومێدەوارە باشترین پەیوەندی لەگەڵ ژاپۆن ببەستێت، هەروەها كردنەوەی نووسینگەی كوونسوڵگەری ژاپۆنیش بەڵگەی متمانەی نێودەوڵەتی بە هەرێمی كوردستان قبووڵ كرد.
بەڕێزیان دەستخۆشیشی لە ژاپۆن كرد بۆ كردنەوەی نووسینگەی كونسوڵگەریەكەیان لە هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان ڕێز و پێزانینی بۆ مێژوو و دەستكەوتەكانی ژاپۆن هەیە تا گەیشتۆتە ئەوە ببێتە یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان، بۆیە هەرێمی كوردستان خوازیارە بەردەوام پەیوەندیی باشی لەگەڵ ژاپۆن هەبێت.

دەقی وتاری فەلاح مستەفا:

زۆر بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان
زۆر بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان
زۆر بەڕێز نوێنەرى جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان
زۆر بەڕێز وەزیرى دەوڵەت بۆ کاروبارى دەرەوە کینتارۆ سۆنۆرا
زۆر بەڕێز باڵیۆز فیمیۆ ئیواى
بەڕێز کات سوومى مۆڕى یاسۆ کونسوڵى گشتى و بەرپرسى نووسینگەى کونسوڵگەرى ژاپۆن
وەزیرە بەڕێزەکان، ئەندامانى پەرلەمان
بەرێزان عەمید و نوێنەرانى وڵاتانى بیانى لە هەرێمى کوردستان

ئامادەبووانى خۆشەویست..
سەرەتا دەمەوێت جارێکى تر بەخێر هاتنى جەنابى وەزیر سۆنۆرا و شاندى یاوەرى بکەین بۆ کوردستان، هیوادارین کاتێکى خۆش و بەسوود بەسەر بەرن لە هەولێر.
خۆشحاڵ و شەرەفەندم کە ئەم شەو ئامادەم لەگەڵتان لە ڕێورەسمى کردنەوەى نووسینگەى کونسوڵگەرى ژاپۆن لە کوردستان.
ئەمڕۆ سەرەتایەکى نوێیە و هەڵدانەوەى لاپەرەیەکى ترە لە پەیوەندیە دووقۆڵیەکانمان. لێرەدا بڕیارى کردنەوەى نووسینگەى نوێنەرایەتى حکومەتى ژاپۆن لە هەرێمى کوردستان بەرز دەنرخێنین و دەستخۆشى لە حکومەتى ژاپۆن دەکەین. ئەمە هەنگاوێکى ترى ئیجابى و دۆستانەى ڕاست بوو لە ڕێگەى باشترکردنى پەیوەندیە دووقۆڵیەکانمان و بونیاتنانى هاوبەشیەکى ستراتیژى دڕێژخایەن.
بەم بۆنەیەوە دەمەوێت سوپاسى باڵیۆز (ئیواى) بکەم بۆ هەموو ئەو هەوڵ و کۆششانەى کە پێشکەشى کرد لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندیەکانمان. هەروەها، پیرۆزبایی لە بەڕێز (کاتسوومى مۆڕیاسو) بەبۆنەى دەستنیشانکردنى وەک یەکەمین بەرپرسى کونسوڵگەرى لە هەرێمى کوردستان. ئێمە دڵنیای دەکەینەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هەموو شێوەیەک هاوکارى دەکات تا لە ئەرکەکەى سەرکەوتوو بێت.
زۆر سوپاسى بەڕێز (ئازاد باجگر) دەکەم کە لەم ماوەى ڕابردوودا کونسوڵى گشتى فەخرى ژاپۆن بووە و ڕۆڵى هەبوو لە باشترکردنى پەیوەندیەکانمان.
هەروەها سوپاسی كۆمەڵگەی دۆستایەتی ژاپۆن - كوردستان دەكەم بۆ هەوڵا و ماندوبونیان لەم بوارە.
حکومەتى هەرێمى کوردستان بە خۆشحاڵیەوە هەماهەنگى لەگەڵ نوسینگەى کونسوڵگەرى ژاپۆن دەکات بە مەبەستى بە هێزکردنى پەیوەندیەکان لە بوارى ڕاوێژى سیاسى و هەماهەنگى هاوکارى ئابوورى و ئاڵوگۆرى پەروەردەیی و کەلتوورى و دروستکردنى پەیوەندى لە نێوان دام و دەزگاکاندا.
ئامادەبووانى بەڕێز،
لە ساڵى (٢٠٠٣) حکومەتى ژاپۆن لە رێگەى رێکخراوى جایکا و دەزگاکانى تر، بەشداریەکى گرنگیان کرد لە هەوڵەکانى ئاوەدانکردنەوە و چەسپاندنى سەقامگیرى و بودنیاتنانى دام و دەزگا و سەرچاوە مرۆییەکانى و پەرەپێدانى عێراق و کوردستان.
دواى سەرهەڵدانى گروپى تیرۆرستى داعش لە عێراق، ووڵاتى ژاپۆن یەکێک بوو لەو ووڵاتانەى کە ڕۆڵێکى سەرەکیان بینى لە کەمکردنەوەى نەهامەتیەکانى پەنابەرانى سووریا و ئاوارە نێوخۆییەکانى عێراق لە هەرێمى کوردستان.

ئەو قەرزە بەخششانەى ژاپۆن بۆ عێراق، سوودیان هەبوو لە پەرەپێدانى کەرتەکانى کارەبا و ئاو لە هەرێمى کوردستاندا.
خۆشحاڵ بووم ئەمرۆ ئامادەى رێ و رەسمى ئیمزاکردنى یاداشتنامەى تێگەیشتنى نێوان باڵێۆزخانەى ژاپۆن و دەزگاى مین لە هەرێمى کوردستان بووم، کە بەگوێرەى ئەو رێکەوتنامەیە وڵاتى ژاپۆن هاوکارى دەبەخشێت بۆ پرۆژەى پاککردنەوەى تەقەمەنیەکان لە هەرێمى کوردستان.
ئێمە لە هەرێمى کوردستان زۆر ستایشى ووڵاتى ژاپۆن دەکەین سەرسامین بە گەلى ژاپۆن. ئێمە ڕێز لە مێژووتان و ویستان دەگرین و دەستخۆشیتان لێ دەکەین بۆ پاپەندبوونتان بە بنەماکانى ئاشتى و دیموکراسى و خۆشگوزەرانى و مرۆڤایەتى.

ئامادەبووانى بەڕێز لە سێ ساڵى ڕابردوودا هەرێمى کوردستان سەڕى ڕم بووە لە شەڕى جیهانى دژ بە تیرۆر. بە هاوکارى هاوپەیمانیەتى نێودەوڵەتى کە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سەرکردایەتى دەکات ئێمە رووبەرووى ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش بووینەوە و هێزەکانى پێشمەرگە توانیان رێکخراوى تیرۆریستى داعش ببەزێنن و ئەفسانەکەیان لەناوببەن، بەڵام بە داخەوە لەم رووبەرووبوونەوەیەدا (١٦٦٩) پێشمەرگەمان شەهید بوون لە پێناوى بەرگریکردن لە مڕۆڤایەتى و بنەماى بەها جیهانیەکان.
سەڕەڕاى ئەو رووبەروو بوونەوانەى کە دووچارى کوردستان بونەتەوە لە سێ ساڵى ڕابردوودا، هێزەکانى ئاسایشى پێشمەرگە توانیان کارێکى نایاب بکەن لە پاراستنى سەقامگیرى و ئاسایشى هاووڵاتیان لە ناو هەرێمى کوردستان. گومان لەوەدانیە کە کردنەوەى ئەم نووسینگەیە لەم کاتە سەختەدا نیشانەى بڕواى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیە بە پابەندبوونمان بە سەقامگیرى و خۆشگوزەرانى هاوبەشى.

ئێستا توانیمان هەرەشەى ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش لە هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى بەرچاو کەم بکەینەوە. ئێستا شەڕ بەردەوامە لە دوایین شار کە کۆنتڕۆڵى دەکات. لەمیانەدا، ئێمە دووبارە جەخت دەکەینەوە سەر دۆخى ئابووریمان و دووبارە بیناکردنەوەى ژێرخانمان و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى پێویست بۆ هاووڵاتیانمان.
ئێمە پێویستیمان بە هاوکاری دۆستانمان هەیە لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ دووبارە بوژاندنەوەى کەرتى ئابووریمان و بونیاتنانەوەى ئەم ناوچانەى لە ژێر دەستى داعش ڕزگارمان کردن پێمان وایە کە ژاپۆن دەتوانێت هاوکاریمان بکات.

دەبێ ئەوەشمان لە یاد بێت کە بژاردەى سەربازى بە تەنها ناتوانێت ڕێکخراوى داعش لەناو ببات، بەڵکو بەرپرسیاریەتیەکى هاوبەشە کە بەیەکەوە کار بکەین بۆ چارەسەرکردنى هۆکارەکانى توندڕەوی و لەناوبردنى ئەو ئایدۆلۆژیە توندڕەوەى کە دەبێتە هۆى دروستبوونى تیرۆر لە هەموو جیهان.
جارێکى تر دەمەوێت سوپاسى حکومەتى ژاپۆن بکەم بۆ کردنەوەى نووسینگەى کونسوڵگەرى لە هەولێر. من دڵنیام لەوەى کە ئەم نووسینگەیە هاوکار و هەماهەنگمان دەبێت لە فراوانکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوو حکومەت و نێوان بازرگانان و نێوان هاووڵاتیانیشمان.
با بەیەکەوە نەخشە رێگایەکى هاوبەش بکێشین بەمەبەستى ئەنجامدانى هاوبەشیەکى درێژخایەن لە نێوان هەرێمى کوردستان و ژاپۆن.