Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی مەراسیمی پرسەی ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسەنجانی دەكات

هەولێر-KDP.info-  ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١١-١-٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی پرسەی خوالێخۆشبوو (ئایەتوڵڵا عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی)، سەردانی کونسووڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن کونسووڵ و ئەندامانی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازی لێ کرا.

لە سەردانەكەدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی (ئایەتوڵڵا هاشمی) ڕەفسەنجانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

دواتر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ کونسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، (نێچیرڤان بارزانی) باسی لە ئامانجی سەردانەكەی كرد و گوتی "ئامانجی سەردانەکەمان بۆ کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەیاندنی سەرەخۆشیی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بۆ جەنابی ئایەتوڵڵا خامەنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها خانەوادەی بەڕێز هاشمی ڕەفسەنجانی."

سەرۆک وەزیران هەروەها گوتی: "ئاشنایی و ناسینی ئێمە لەگەڵ ئەو بەڕێزە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێکی زۆر کۆن و لەکۆنەوە ئێمە یەکتر دەناسین. ئەو ئاشنایی هەبوو لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێم، لەگەڵ بەڕەحمەت بێت باوکم و بەم دواییەش لەگەڵ بەندە لەنزیکەوە یەکترمان دەناسی. لەدەستدانی ئەو بەڕێزە نەک بەتەنیا بۆ ئێران، بەڵکوو بۆ گەلانی ناوچەکەش خەسارەتێکی گەورە بوو، هیوادارین خوای گەورە بە بەهەشتی شاد بکات و سەبر و تەحەمولیش بدات بە خانەوادەکەی و هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران".


دواتر کونسووڵی ئێران لە هەولێر گوتی: "کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسەنجانی زیانێکی گەورە بوو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆ ئەو دۆستانەی کە تەمەنێک لەگەڵ ئەو ئاشنایەتییان هەبوو، هەروەک بەرێز سەرۆک وەزیران باسی کرد."


کونسووڵی ئێران ئەوەشی بەبیر هێنایەوە کە "ڕەفسەنجانی لەو کەسایەتییانە بوو کە نزیکایەتیی زۆری لەگەڵ کەسایەتییانی پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ هەبوو، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆشی لەگەڵ بەڕێز بارزانی و بەرپرسانی دیکەدا هەبوو. بۆیە ئەو زیانە هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ دۆستانمان زۆر گەورە بوو."

هەروەها گوتیشی: "ئێمە بە پێزانینەوە دەڕوانینە سەردانەکەی بەڕێز سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکە کە بە ئینسافەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەردانیان کردین و هاودەردیی زۆریان لەگەڵ کردین ، سوپاسیان دەکەین."