Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی دیداری مامۆستایانی ناڕازی و سەرۆکی حکوومەتی رێک خستووە

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سلێمانی-ھەڵه‌بجە دەڵێ، مامۆستایانی ناڕازی سەردانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتییان کرد، دیاره‌ پارتی بەدەم داواکارییەکانیانه‌وه‌ چوو و دیداریشیان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتدا بۆ رێک خرا.

عەتا شێخ حەسەن) گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سلێمانی-ھەڵبجە، راگەیاند، ''شاندێکی ماموستایانی ناڕازی سەردانی سەرکردایەتی پارتییان لە سلێمانی کرد، له‌ دیدارێكدا باسیان لەوە کرد کە دەستێک دەیەوێ لە کاتی گردبوونەوەیاندا لە بەردەم ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی گرژی دروست ببێت، بۆیە ئەوان گردبوونەوەکەیان ساز نەدا، چونکە هەستیان بە بەرپرسیاره‌تیی کردووە و دواتریش لەگەڵ (شێخ ئەدهەم بارزانی) کۆ بوونەوە.''

عەتا شێخ حەسەن) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاماژەیشی دا، ''لەسەر داوای ئێمە دیدارێک بۆ مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بڕیار وایه‌ پێنجشەممەی دابێ، دیدارەکە بکرێ و وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتییش لە سلێمانی لە دیدارەکەدا ئامادە دەبن، ئامانجیش له‌ دیدارەکە ئەوەیە مامۆستیان پەیامی خۆیان بگەیه‌ننە حکوومەت.''

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سلێمانی-ھەڵه‌بجە گوتیشی، ''لایەنەکانی دیکە وەڵامی مامۆستایانی ناڕازییان نەداوەتەوە، بەڵام ئێمە گوێمان لێ گرتن و بەدەم داواکارییەکانیانەوە چووین و، دەرگایشمان بۆ خستوونەتە سەر پشت.''

بڵند ئیبراھیم