Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاودێرێكی سیاسی: هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی دیپلۆماسیه‌تی ناوچەکە

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێكی سیاسی پێی وایە، سیاسەت و دیپلۆماسیه‌تی (سەرۆك بارزانی) هۆكاری ئەوەیە جیهان گەیشتووه‌ بەو باوەڕەی هەرێمی كوردستان ببێ به‌ ناوەندی دیپلۆماسیەتی ناوچەكە و كێشەكانی لێ یه‌كلا ببێته‌وه‌.

(موئه‌یەد تەییب) چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "ساڵی رابردوو ساڵی سەركەوتنی دیپلۆماسیەتی كورد بووە لە جیهاندا، چاوەڕوانیش دەكرێت بۆ ئەمساڵیش هەرێمی كوردستان زیاتر گرینگی خۆی هەبێت لە جیهاندا، هه‌ڵبه‌ت ئەوه‌ش بۆ سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) و هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، چونكە هەرێمی كوردستان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا رۆڵی مەزنی هەبووە و توانیویەتی سەركەوتوو بێت بەسەر مەترسیدارترین گرووپی تیرۆریستیدا. هاوكات هەرێمی كوردستان سەدان هەزار ئاوارە و دەربەدەری عێراق و سووریای لەخۆ گرتووە و، بووه‌تە پەناگای ئارام لە ناوچەكەدا.''

(موئه‌یەد تەییب) گوتیشی: "هەرێمی كوردستان زیاتر لەوەی هەرێمێكی بێدەوڵەتە، لە سیاسەتی جیهانیدا جێگەی كردووه‌تەوە و تاكە هه‌رێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەو چوار پارێزگایەی هەیەتی، ببێتە لانەی پێكەوەژیانی نەتەوەكان و، گشت پێكهاتەكان بتوانن لەم هەرێمەدا بە ئاسوودەیی بژین. پێم وایە جیهان گەیشتووه‌تە ئەو باوەڕەی هەرێمی كوردستان ناوەندێكە تا كێشەكانی ناوچەكەش لێرەوە چارە بكرێن و ناوەندی دیپلۆماسیەتی ناوچەیەكە بەتایبەت بۆ شەڕی داعش.''

قائید میرۆ