Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوبەری ئاسایشی ھەولێر: سۆران عومەر بە مەبەست بێرێزیی بە ئاسایش کردووە و دەمانچەی لێ ڕاکێشاون

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ڕایدەگەیێنێ، پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی بێرێزیی بە کارمەندان کردووە و دەمانچەی لێ ڕاکێشاون و، بەڵگەشیان لەبەردەستە. دەشڵێ، بە (سۆران عومەر) بەمەبەست ئەوکارەی کردووە.

(د.تاریق نووری) بەرێوبەری ئاسایشی ھەولێر بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ھێزەکانی ئاسایش لە ئەرکی گشتیدان و خزمەت بە ھاووڵاتیان دەکەن، بەڵام کە خەڵک بە بازگەدا تێپەڕ دەبێت، ناکرێت بێرێزیی بە کارمەندەکان بکات. هەڵبەت پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی (سۆران عومەر) بە بازگەدا ھاتووە و بێرێزیی بە کارمەندان کردووە و دەمانچەشی لێ راکێشاون، ئەمەش لەجیاتی ئەوەی دەستخۆشییان لێ بکات، کەچی بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵ ئاسایشدا کردووە."

بەرێوبەری ئاسایشی ھەولێر گوتیشی، "خۆی کێشەکە لەگەڵ پەرلەمانتار (سۆران عومەر)ـدا بووە و (عەلی حەمەساڵح)ـیش لەوێ بووە، خۆی (سۆران) بە مەبەست ئەو کێشەیەی دروست کردووە تا باسێک بخاتە سەر شاشەکانی تەلەڤزیۆن و تێیدا باس لەوە بکات ئاسایشی رێگری لێ کردووە."
(د.تارق نووری) ئاشکرایشی دەکات کە، دوای ئەوەی پەرلەمنتارەکەی کۆمەڵ کێشەی دروست کردووە، بە ویستی خۆی گەڕاوەتەوە و نەھاتووەتە ھەولێر، گوتیشی "ئێمە بەڵگەمان لەدەستدایە، ڤیدیۆکە ھەیە کە چۆن دێت و بێرێزیی بە ئاسایشەکان دەکات و دمانچەیان لێ ڕادەکێشێت."

(د.تارق نووری) ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکاتەوە کە ئەم ڕووداوە بەرنامە بۆ داڕێژراو بووبێت و بە ناڕاست وەسفی دەکات. دەشڵێ "رۆژانە پەرلەمانتار ھاتوچۆ دەکەن، بەڵام ھەندێک رێکار ھەن لە بازگەکان پێویستە بگرینە بەر؛ لەبەر ئەوەی ئەوەی ئێمە لە بەغدا و شارەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، بازگەکانەن و ئەگەر ئەو بازگانەش نەبن، ئەوەی خۆی لە بەغدا دەتەقێنێتەوە، دێتە ھەولێریش ئەو کارە دەکات. جا لەبەرئەوە کە ئەرکی کارمەند و ئاسایشی بازگەکان پریسار و پشکینە، جا پێویستە ئەوەی بە بازگانەدا ڕەت دەبێ، لێپرسین و پشکنین بۆ ھەموو کەسێک بێ جیاوازی بکرێت، بەڵام ڕاستییەکەی وایە کە (سۆران عومەر) ئەمە ھاتووە بێرێزیی کردووە و دەمانچەی لە ئاسایش دەرهێناوە."

بڵند ئیبراھیم