Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هۆڵه‌ندا ڕۆڵى پێشمه‌رگه به‌رز ده‌نرخێنێت

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان وەزیری پەرەپێدان و هاوكاری و بازرگانیی نێودەوڵەتیی هۆڵەندا، سوپاسی پێشمەرگەی كرد كە قوربانییەكی زۆری بەخشی بۆ ئازادكردنی ناوچە جیاوازەكان لە دەستی تیرۆر و بەرگریكردن لە بنەما مرۆییەكان و پاراستنی مرۆڤایەتی كە هەموو جیهان ئەو قوربانیدانەی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 10-1-2017 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو (لیلیان پلۆومەن) وەزیری پەرەپێدان و هاوكاری و بازرگانیی نێودەوڵەتیی هۆڵەندا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا خاتوو (پلۆومەن) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاسی پێشمەرگەی كرد كە قوربانییەكی زۆری بەخشی بۆ ئازادكردنی ناوچە جیاوازەكان لە دەستی تیرۆر و بەرگریكردن لە بنەما مرۆییەكان و پاراستنی مرۆڤایەتی كە هەموو جیهان ئەو قوربانیدانەی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنێت، هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا خۆڕاگر بوون و سەرەڕای بارودۆخێكی سەختی ئابووری، پێشوازییان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووە و یارمەتی و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختیان لە چارەكردنی كەموكوڕییەكانی ناو كەمپی ئاوارەكان كردەوە و بەپێویستی زانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕێگە جیاوازەكان هاوكاریی زیاتر پێشكەش بە ئاوارەكان بكات، هەروەها قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ و گەڕانەوەی متمانە بۆ پێكهاتە جیاوازەكانی دەڤەرەكە و دابینكردن و پاراستنی ئاسایش و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەی، دووپات كردەوە. ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ هاوكارییكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆكی هەرێمی گرتووە، نیشان دا.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمیكوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینی و بۆچوونەكانی بەڕێزیانی كرد و دڵنیای كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر.
دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەتی هەرێم بۆ هەر گۆڕانكاری و پێشوەچوونێكی سەردەمیانە ئامادەیە بەشێوەیەك لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بێت. لەمبارەیەشەوە ئاشكرایكرد كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت سوود لە پسپۆڕی و ئەزموونی هۆڵەندا وەرگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا دەتوانن لێژنەی تایبەتمەند دروست بكەن. داوایشی كرد هۆڵەندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆی ببینێت تا لەو بارودۆخە سەختەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.