Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نووری حەمەعەلی: پارتی و یەکێتی پرسگه‌لی هه‌نووكه‌یی تاوتوو دەکەن


هەولێر-KDP.info-   (نووری حەمەعەلی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان پێوەست بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سبەینێی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەڵێ، کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە تا ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان باشتر بکرێ و پەرلەمانیش کارا بکرێتەوە، هەروەها پێدەچێ کە چەندخاڵێکی کۆبوونەوەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی تاوتوو بکرێ.

(نووری حەمەعەلی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند "كۆبوونەوەی سبەی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتیمان لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی چەند تەوەرێك لەخۆ دەگرێت و، دانوستان لەبارەی باشتركردنی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و بەرەوپێشبردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان دەكرێت، هەروەها ئەو پێوەندییانەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و وڵاتانی جیهان بە گشتیی هەیەتی چۆنیەتی گرنگیدان و بەرەو پێشبردنی پێوەندییەكان مژارێكی كۆبوونەوەی سبەی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسی دەبێت.''

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دەشڵێ، "لە كۆبوونەوەكه‌دا مەكتەبی سیاسیی پارتیمان كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ برادەرانی یەكێتیی گفتوگۆ دەكەن، كە پێویستە پەرلەمان بكەوێتە سەر سكەی خۆی، بەوەش پێویستە گۆڕانكاری لەدەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بكرێت، تا رەوشی هەرێمی كوردستان بەرەوپێشتر هەنگاو بنێت و حكوومەتیش بتوانێ بەردەوامی بە كارەكانی بدات.''

لەبارەی رێككەوتنی ستراتیژی نیوان پارتی و یەکێتی، (نووری حەمەعەلی) ئاماژەی دا، رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی گرینگی خۆی هەیە و توانی كۆتایی بە شەڕی ناوخۆ بێنێت و هەرێمی كوردستان ئاوەدان بكاتەوە، گوتیشی ''پێویستە بەردەوامی هەبێت و لای ئێمەش وەك پارتی هێشتا رێككەوتنی ستراتیژی ماوە و بەسەر نەچووە، ئەگەر لای یەكێتی ئەو رێككەوتنە بەسەرچووبێت ئەوا بۆچوونی خۆیانە، لەوانەیە لە كۆبوونەوەی سبەیدا، مەكتەبی سیاسیی هەردوولا باس لە هەندێ خالی نێو رێككەوتنی ستراتیژییش بكرێت، ئەوانەی پێویستە پێداچوونەوەیان بۆ بكرێت.''

قائید میرۆ