Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەگەر دەستکاری پاشەکەوت لە قازانجی کەمداهات نەبێت، دەست لێ مەدەن باشترە

عەبدولسەلام بەرواری

چاوەروان دەکرێت بەم زووانە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتووی پێشنیازێک بکات بۆ دەستکاریی سیستەمی پاشەکەوت. بەهێزترین پێشنیاز کە تا ئێستا میدیاکانی ناوخۆ باسی لێ دەکەن، پێشنیازێکە بۆ کەمکردنەوەی پاشەکەوت بە رێژەی (١٠) لە سەد.
من لێرەدا تکا دەکەم لە بەرێز جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەمخۆرانی ئەم کیانە، پەلە نەکەن و گەورەیی ئەوە بنوێنن و بیر لەم پێشنیازەی منیش بکەنەوە، هەروەها داوا لە خەڵکانی تریش بکرێت بۆچوون و پیشنیازەکانیان پێشکەش بکەن، بە مەبەستی گەیشتن بە پێشنیازێک کە لە پلەی یەکەمدا لە قازانجی فەرمانبەرانی کەمداهات بێت.
مەبەستم لە فەرمانبەری کەمداهات بە پلەی یەکەم ئەوانەن کە مووچەکەیان کەمترە لە (٥٠٠) هەزار دینار، کە ژمارەیان (٥٨) هەزار و (٤٣٥) فەرمانبەرە. کۆی بڕی پاشەکەوتی ئەم گرووپە، دەکاتە نزیکەی (٥) پێنج ملیۆن و (٣٥٠) هەزار دۆلار.
ئەگەر بەپێی ئەو پێشنیازە بێ، بڕی زیادەی مووچەی هەر فەرمانبەریکی ئەم گرووپە نێوان (١٨) هەزار و (٤٥) هەزار دینار دەبێت، کە دیارە هیچ یارمەتییەکی ئومێدبەخش یان کەریگەرییەکی بەرچاوی نییە لە خۆشکردنی باری ژیانیان. ئەگەریش بەم پێشنیازەی خوارەش بکرێت، جیاوازیی مووچە لە نێوان (٢٦) هەزار تا (١٣٥) هەزار دینار دەبێت.
هەمان دەرئەنجام راستە سەبارەت بەوانەی مووچەکەیان لە نێوان (٥٠٠) هەزار و یەک ملیۆن دینارە، کە زیادەی مووچەکەیان بەگوێرەی ئەم پێشنیازە، لە نێوان (١٧) هەزار و (٢٢) هەزار دیناردا دەبێت، کە ئەوانەش سوودێکی ئەوتۆ لەم دەستکارییەیان پێ ناگات. بەڵام بەپێی پێشنیازەکەم، سوودی فەرمانبەرانی ئەم گرووپە لە نێوان (١٦٥) تا (٢٨٥) هەزار دینار دەبێت، کە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی داهاتی مانگانەیانە.
بە هەمان شێوە، گرووپەکانی دیکەی مووچەش سوودێکی بەرچاو لەو دەستکارییەی سیستەمی پاشەکەوت نابینن، لە کاتێکدایە هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆران لە چاوەڕوانی ئەوەدان حکوومەتی هەرێم گۆڕانکارییەک لە سیستەمی پاشەکەوتدا بکات بە شێوەیەک باری گوزەران و ژیانی رۆژانەیان سووکتر بکات.
بۆیە من لیرە ئەم پیشنیازانەی خوارەوە پیشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم:
١- لە قۆناغی یەکەمدا (خۆزگە لە مانگی داهاتوودا بێت)، هەموو ئەوانەی مووچەکەیان کەمترە لە (٥٠١) هەزار دینار ببەخشرێن لە بڕینی پاشەکەوت و مووچەکەیان وەک خۆی سەرف بکرێت (ئەمەش باری حکوومەت تەنها بە نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار گرانتر دەکات، کە لە توانادایە بە تایبەتی کە دەبینین نرخی نەوت زیادی کردووە).
٢- لە قۆناغی دووەمدا و پاش باشبوونی باری دارایی حکوومەت، رێژەی پاشەکەوت بۆ ئەو گرووپەی مووچەکەیان لە (٥٠٠) هەزار دینار زیاترە و تا دەگاتە (١) یەک ملیۆن دینار، رێژەی پاشەکەوت کەم بکرێت و لە جیاتی نێوان (٣٥٪ - ٥٥٪) بێت، بکریتە رێژەیەکی کەمتر (نێوان ٥٪ -٢٥٪). بەمەش جیاوازیی پاشەکەوت نزیکەی (٤٠) چل ملیۆن دۆلارە، کە ئەمەش کارێکی زۆر سەخت نییە بە رەچاوکردنی گۆرانکارییەکانی بەسەر داهاتی هەرێمدا هاتووە.
٣- دەکرێت لەگەڵ باشبوونی باری داراییی حکوومەت، بەردەوامی بەم سیستەمە بدرێت تا دەگاتە پلە بەرزەکان، بە مەرجێک بەرزترین رێژەی پاشەکەوت زیاتر نەبێت لە (٥٠٪)ی مووچە.
هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی (٦٠٠) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشیت، ئەگەر نرخی هەر بەرمیلێک (٤٥) دۆلار بێت، داهاتی یەک رۆژ دەکاتە (٢٧) ملیۆن دۆلار، واتە داهاتی دوو رۆژ بەسە بۆ جێبەجێکردنی هەردوو خاڵی (١) و (٢)ی پێشنیازەکەم.
ئەگەر ڕێکخستنەوە بەم پیشنیازەی من بێت، زیاتر لە (٢٨٠) هەزار فەرمانبەری کەمداهات، واتە نیوەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم، واتە نزیکەی یەک ملیۆن تاکی هەرێم سوودمەند دەبن و، گۆڕانکاریی بەرچاو دەکەوێتە داهات و باری ژیانیان.