Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بە پشتیوانیکردن لە هەرێم دەزانین.. یڵدرم: سەردانی بارزانی بۆ تورکیا زۆر گرینگ بوو

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بە واتای پشتیوانیی ئەو وڵاتەیە لە هەرێم. سەرۆکوەزیرانی تورکیایش جەخت کردەوە لە پتەوترکردنی پێوەندییە هەمەلایەنەکان و گوتیشی دەبێ پەکەکە لە شنگال نەمێنێ، چونکە هەڕەشەیە بەسەر باری ئەمنیی تورکیاوە.

پاش کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا لە هەولێری پایتەخت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی تورکیا کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانییان ساز دا و تێیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆکوەزیران و شاندی یاوەری کرد و ڕایگەیاند، سەردانێکی سەرکەوتووتان لە بەغدا ئەنجام دا، ئەمڕۆیش زنجیرەیەک کۆبوونەوەتان ساز دا لە هەولێر. بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو سەردانە دەکەین و بەرز دەینرخێنین و بە پشتیوانیی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی دەزانین."
(سەرۆک بارزانی) هاوکات سپاسی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و گەلی تورکیای کرد لەو ئاسانکارییەی بۆ هەرێمی کوردستان کردوویانە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "هەموومان بەرەوڕووی بەڵای تیرۆر و تیرۆریستان بووینەتەوە. بۆ ئەمەش پێویست بە هاوکاریی هەمەلایەنە هەیە. خۆشبەختانە ئێستایش لە بەرەی هەرێمی کوردستاندا تیرۆریستان تێک‌شکاون و بە هیواین لە تورکیا و کۆی وڵاتانی دیکەش تیرۆریستان تێک‌بشکێن. ئێمە ئامادەین لە کۆی بوارەکاندا پەرە بە هاوکارییەکانمان بدەین."

دواتر سەرۆکوەزیرانی تورکیا(بیناڵی یڵدرم) گوتی، سپاس بۆ ئەو پێشوازییەی لە هەولێر لێمان کرا. ئەو سەردانەی من بۆ بەغدام کرد و خۆشحاڵ بووم کە هاتم بۆ ئێرەش. سەردانی ئێوە بۆ تورکیا لە پاش کودەتاکەی 15ـی تەمووز زۆر گرینگ بوو. ئێوە نزیکیی خۆتان لەگەڵ گەلی تورکیا نیشان دا و سپاس بۆ ئەم هەنگاوەتان."
(بیناڵی یڵدرم) هەروەها گوتی، "هەم لە بەغدا و هەم لێرەش کۆبوونەوەی گرینگمان ساز دان. لە دوو خاڵدا دەتوانین سەردانمان بۆ عێراق و ئێرەش کۆ بکەینەوە، یەکەم بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆر و دووەمیش لە بواری ئابووری و سەرمایەگوازاریدا، هەروەها لە بواری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا دەتوانین زیاتر کاریان لەسەر بکەین."
(یڵدرم) ڕاشیگەیاند، "لەبارەی تیرۆرەوە دەتوانین وا باسی بکەین کە، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و (گولەن)ـییەکان و پەکەکە، هەر کێشەی تورکیا نین، بەڵکە هیی عێراق و ئێرە و سووریایشە."
گوتیشی، "پاش داگیرکردنی ناوچەکە لە لایەن داعشەوە، ئێوە ڕۆڵی گرینگتان بینی و داڵدەی ئاوارەکانتان دا. ئامانجی هاوبەشی ئێمەش ئەوەیە، ئەم ڕێکخراوە سەرلێشێواوە کە داعشە لەبەین ببەین."
سەرۆکوەزیرانی تورکیا هەروەها دەڵێ، "ئەو چالاکیانەی کە پەکەکە دژ بە وڵاتی ئێمە دەیکا قەبووڵ ناکرێ، چییش پێویست بێ بۆ بەرگرتن لەوە دەیکەین. بڵاوبوونەوەی ئەو ڕێکخراوە لە شنگال بە لای ئێمەوە قەبووڵ ناکرێ و بابەتێکی ئەمنییە. هەڵبەت ئەمە بە تەنیایش کێشەی ئێمە نییە و هیی ئێوە و عێراقیشە. دەبێ بە هاوبەشی کار بکەین لەو پێناوەدا. بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەین ئەورووپا و ڕۆژئاواییەکانیش لە مەترسیی ئەوان تێبگەیەنین. هەروەها هیچ کات ڕازی نین بەوەی پەیەدە لە سووریا بیکات بە ئەمری واقیع. هەوڵ هەبووە  پێشمەرگە و عەرەبیش لەوێ وەدەر بنێن، لە ژێر چ ناو و نیشانێک بن ئەم کارانە پەکەکە دەیکات. ئەوان کە هەرجارە و بە ناوێک پرۆسەیەک ئەنجام دەدەن بە لای ئێمەوە پەیەدە و یەپەگە هەر پەکەکەن و، بەڵام نابێ پێیان وابێ ئەمە بەسەر ئێمەدا تێپەڕ دەبێ."
(یڵدرم) لەبارەی پێوەندیی ئابوورییشەوە رایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش پێک دێت و لووتکەی ئابووری لە هەولێر ساز دەدرێ، لەوێدا کار دەکرێ بۆ ئەوەی برەو بەو بوارە بدەین و هەوڵ بدەین کیشەی قەیرانی ئابووری چارە بکەین. لە بواری تەندروستییش هاوکاریمان هەیە و بریندارەکان لە تورکیایش چارە دەکرێن و دەکرێ زیاتر برەو بەو کەرتەیش بدەین. هەروەها لەبارەی داخستنی قوبخانەکانی گولەنەوە لە هەرێمی کوردستان، سپاسی حکوومەت هەرێمی کوردستان دەکەین."
لەو بارەوە ڕوونی کردەوە، "ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ ئەوەیە، نامانەوێ قوتابیانی ئێرە زیانمەند ببن، بەڵام نامانەوێ لەسەر پرۆگرامی (گولەن) قوتانیان پەروەردە بکرێن."