Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''لەمساڵدا گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا ئەولەویەتی حكوومه‌ت ده‌بێ''

هەولێر-KDP.info-  (ئەحمەد عوسمان) راوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە مساڵدا پێشبینی دەکرێ کە دەستکاری سیستەمی مووچەی فەرمانبەران بکرێ. بۆ هەمان پرس (د.ئاراس خۆشناو) دەڵێ، لەمساڵدا گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا لە ئەولەویەتی یەکەمی سەرۆکی حکوومەت دەبێ.

 

(ئەحمەد عوسمان) راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران ئەولەویەت بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و، بەهەرجۆرێک بێ ئەو داهاتەی لە نەوت دەستدەکەوێ هەوڵدەدری بەخێرا بدریتە مووچەی فەرمانبەرانەوە، چاوەڕوانیش دەکرێ کە گۆڕانکاری لە نەرخی نەوتدا رووبدات و نرخی نەوت بەرزتربێ، ئەمەش کاردەکاتە سەر زیادبوونی داهاتی هەرێمی کوردستان.

دەشڵێ، ئەگەر نرخی نەوت بەرزبێتەوە پێشبینی دەکرێ کە دەستکاری سیستەمی مووچەی فەرمانبەران بکرێ، چونکە لە 2016ـدا ساڵێکی سەختبوو و حکوومەت قەرزێکی زۆری کۆمپانیاکی لەسەر بوو، پارەیەکی زۆریش بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە تەرخان دەکرا.

لای خۆشیەوە (د.ئاراس خۆشناو) سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند، "لەم مانگەدا پشت بە داهاتی نەوت دەبەسترێت و داهاتی ناوخۆش کۆ دەکرێتەوە، دواتر قەرزی کۆمپانیا بیانییەکان سووک کراون، چونکە لە ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2016، بە بەردەوام 185 ملیۆن دۆلاری قەرزی کۆمپانیاکان دراوەتەوە، ئەولەویەتی یەکەمی سەرۆکی حکوومەتیش ئەوە دەبێت کە لەمساڵدا گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی زەرەرمەند بوون و پارەیان لای حکوومەتە".

گوتیشی: "لەسەر دوو ئاست، هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم حکوومەت کراوەیە، یەکەم: پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچەدا بکرێت. دووەم، چاکسازی لە سیستەمی ئیداریدا بکرێت، بەتایبەت دەرماڵەی دەرەوەی یاسا و ئەوانەی پلەی ناشایستەیان وەرگرتووە، ئەوانەشی لە شوێنێک پارە وەردەگرن، بۆیە بابەتی پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوت، لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.”

کارزان سەباح هەورامی